كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

خانمە گۆرانیبێژێكی كورد خەڵاتی نێودەوڵەتیی وۆمێكسی پێ بەخشرا

پێشانگەی نێودەوڵەتیی میووزیك (وۆمێكس)، خەڵاتی ساڵی ٢٠٢١ی بەخشییە (ئاینوور دۆغان) خانمە گۆرانیبێژ و میووزیكژەنی كوردی باکووری کوردستان.

پێشانگەی میووزیکی (وۆمێكس) كاتێك خەڵاتەكەی پەخشییە ئاینوور، گوتی بەهۆی ئەوەی پارێزگاری لە كولتووری كورد و عەلەوییەكان كردووە، هەروەها سەرەڕای هەموو فشارێك لە بەرانبەر هونەرەكەی، كەچی ئەو داكۆكی كردووە و بەردەوام بووە، بۆیە ئەو خەڵاتەی پێ بەخشراوە.

ئاینوور لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) لەبارەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەوە نووسیویەتی: "كاروانی مووزیكی من لە ٢٠٠٦ و هەر لەڕێگەی (وۆمێكس)ەوە بووە، (وۆمێكس) لەناو دڵی میووزیكی جیهانیدا گەورەترین دەزگای نێودەوڵەتیی بواری میووزیكە، بۆیە كاتێك خەڵاتی ٢٠٢١ دەبەخشێتە من و بە شایەنم دەزانێت، زۆر شانازیی پێوە دەکەم و دەمەوێت ئەو شانازییەش لەگەڵ ئێوەدا بەش بكەم".

پێشانگەی نێودەوڵەتیی وۆمیکس لە ساڵی ٢٠١٩ش بە بۆنەی ٢٥مین ساڵی دامەزرانی لە فینلەندا ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ خەڵاتەی پیاوى ساڵى میووزیکى بەخشییە کەیهان کەلهوڕ هونەرمەندی ژەنیاری ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئاینوور دۆغان كێیە؟

ئاینوور لە ساڵی ١٩٧٥ لە دەرسیم لەدایك بووە و بە ڕەگەز کوردی عەلەوییە. لە ئیستەنبۆڵ بڕوانامەی خوێندنی میووزیكی وەرگرتووە و لەسەر دەستی (بێگووم ئێردەم و ئاشكن مەتینەر) توانیویەتی پەرە بە میووزیك بدات.

یەكەم ئەلبوومی لە ساڵی ٢٠٠٢ بە ناوی (سەیر) بە زمانی كوردی، پاشان چەند ئەلبوومێكی تری بە دوای یەكدا بڵاو كردەوە.

ئاینوور بەردەوام لە دیمانەكاندا خۆی وەكوو كوردێك نیشان داوە، بەردەوام گوتوویەتی ئەو دەیەوێت پارێزگاری لە هونەری كوردی بكات.

چەندینجار لە توركیا بەرهەمەكانی قەدەغە كراون، بەڵام ئەو كۆڵی نەداوە و هەر بەردەوام بووە لە كاری هونەری و ناوبانگێكی زۆریشی لە توركیا و دەرەوەی توركیا هەیە.

خەڵاتی وۆمیکس (وۆرڵد موزیک ئێکسپۆ) گرنگترین خەڵاتی دونیایە کە بۆ لقی وۆرڵد موزیک لە ساڵی ١٩٩٩وە دامەزراوە.

ئەو خەڵاتە بۆ بایەخدان بەو هونەرانەی میووزیکی جیهانی دانراوە کە دەبنە هۆی گەشەی میووزیک لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، بازرگانی و سیاسی. هەموو ساڵێک لە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی پێشانگەی میووزیکی جیهانیی "وۆمیکس"، ئەو خەڵاتە دەدرێتە کەسێکی شایستە.