لای وەزیری دارایی عێراق، دوو مانگە كورد مرۆڤە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 26/08/2021

لای وەزیری دارایی عێراق، دوو مانگە كورد مرۆڤە!

زۆر سەیرە، ئەمانە چ لە بیابان و ناو ھۆڕ و زۆنگاوەكانی عێراق پەروەردە كرابن و ھیچ خوێندەوارییان نەبێت، چ لە زانكۆی ھارفارد و پەیمانگای ماساچۆسێتستی ئەمەریكا و زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانیا پەروەردە بووبێتن، كە دێنە سەر مافەكانی كورد، ھەر كورد بە لە خوار خۆیان دەبینن و واز لەو عەقڵیەتە ناھێنن كە ئەو بیركردنەوەیە عێراقەكەی خۆیشیانی ماڵوێران كردووە.

لەسەر ناردنی 200 ملیاری مانگانە بۆ ھەرێمی كوردستان، وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ھەندێك كەناڵی ڕاگەیاندندا دەڵێت: ”ئەوە دوو جارە مانگی 200 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان دەنێرین و ناردنی ئەم بڕە پارەیەش تەنیا لەبەر ھۆكاری مرۆییە!“، ئەم وەزیرە لە ھارفارد و پەیمانگای ماساچۆسێتس لە ئەمەریكا خوێندوویەتی ئینجا وەھا دەڵێت، جا ئیتر بۆچی لۆمەی محەمەد حەمزە زوبێدی و عێزەت دووری بكەین كە ھەرچیەكیان بە كورد گوتبێت؟!

ئەم وەزیرە لە كاتێكدا بەرامبەر ھەرێمی كوردستان بەو جۆرە قسە دەكات كە چەند ڕۆژێكە 100 ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا تێپەڕیوە، كەچی لەجیاتی پەندوەرگرتن لە ھۆكارێكی سەرەكیی فەشەلی ئەم دەوڵەتە 100 ساڵیە كە بریتی بووە لە جۆری تێڕوانین و مامەڵەكردنیان بەرامبەر بە كورد، ئێستا دێت و وەك ئەوەی ھەرێمی كوردستان كەمپێكی پەنابەران بێت و كورد چەند ساڵێك بێت لە شوێنێكی دیكەی دەرەوەی ھەرێمی كوردستانەوە ئاوارە بووبن و لەسەر خاكی باوك و باپیرانی وەزیری دارایی عێراق گیرسابێتنەوە و بووبن بە بار بەسەر عێراقەوە، دەڵێت: ”لەبەر ھۆكاری مرۆیی، دوو جارە مانگانە 200 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان دەنێرین!“


ئەوە بە مەرجێك ئەگەر كورد تەنیا دزینی زیاتر لە 90 ساڵ نەوتی كەركووك لەسەر دەوڵەتەكەی ئەو وەزیرە حساب بكات، بڕی پارەی ئەو دزییەی كە تەنیا لە كەركووك لە كوردیان كردووە، بە حەوت وەزارەتی دارایی حەوت كابینەی دوای ئەم كابینەیەی حكوومەتی عێراقیش نادرێتەوە، ئەم وەزیرە ھارفاردیە! دەڵێت: ”دوو مانگەو لەبەر ھۆكاری مرۆیی ئەو 200 ملیار دینارە بۆ ھەرێم دەنێرین“ ئیتر بەبێ ئەوەی یەكێك لەوانەی ئامادەی ئەو چاوپێكەوتنە بوون بڵێت، باشە ئەی جەنابی وەزیر یەعنی ئێوە دوو مانگە كورد بە مرۆڤ دەزانن؟! ئەی باشە پێش ئەم دوو مانگە كە بودجە و مووچەی ھەرێمتان بڕیبوو و ھیچتان بۆ كورد نەدەنارد، ئەوە لەبەر ئەوە بووە كە تەنیا دوو مانگە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە كوردیش مرۆڤە و دەبێ ھاوكاریی مرۆیی بكەن، یەعنی لە دیدی جەنابتانەوە پێش ئەم دوو مانگە كورد مرۆڤ نەبوون بۆیە ھیچتان بۆ نەدەنارد؟

لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە ھەر ئەم وەزیرە ھارفاردیە! دەڵێت: ”من ڕازی نەبووم ئەو 200 ملیار دینارە بۆ ھەرێم بنێردرێت، بەڵام ئیتر ئەوە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە و دەبێ جێبەجێ بكرێت!“. ئا لێرەدا دەستبەجێ وەزیر ئەو قسەیەی خۆی پووچەڵ دەكاتەوە كە دەڵێت لەبەر ھۆكاری مرۆیی ئەو 200 ملیار دینارە بۆ ھەرێم دەنێرین، چونكە ئەوەتا دەڵێت من ڕازی نەبووم بەڵام چارم نیە و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ دەكەم، واتە ئەگەر ئەم وەزیرە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوایە، ھەتا ئێستاش ئەو 200 ملیار دینارەی بۆ ھەرێم نەدەنارد و ھەتا ئێستاش ھێشتا مابووی بۆ ئەوەی بگاتە ئەو بڕوایەی كە كوردیش مرۆڤە بۆ ئەوەی ھاوكاریی مرۆیی بۆ بنێرێت!

فەرموون ئەوە بڕوانامەی ماجستێری لە زانكۆی ھارفاردی ئەمەریكا ھێناوە، ئنجا ئەوە دەم و قسە و لەبزیەتی بەرامبەر بە كورد، جا وەرە ئەوە دەرچووی زانكۆیەكی سۆماڵ یان سۆدان بوایە، دەبوایە چیی بە كورد بگوتایە؟