بڕۆ بۆ لای باجی حەلاو و باسی گەندەڵیی بۆ بكە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 26/08/2021

بڕۆ بۆ لای باجی حەلاو و باسی گەندەڵیی بۆ بكە!

مەخابن لە هەرێمی كوردستاندا وشكه‌ساڵی هه‌ر له ‌ژینگه‌ و سروشتدا خۆی نه‌بینیوه‌ته‌وه،‌ به‌ڵكوو شۆڕ بووەتەوە بۆ چه‌ندین بواری تر، نەخاسمە بۆ دید و‌ تێڕوانینی كەسەكان كه ‌هه‌ندێكیان بێهیوایی و ره‌شبینییەكی زیاد له‌ راده‌ رووی تێكردوون، جا كێشەكە لەوەدایە ئەو كەسانە تەنیا خۆیان گیرۆدەی ئەو رەشبینی و بێهیواییە نەبوون، بەڵكوو لێرە و لەوێ بەنێو كەسانی دەوروبەریشدا پەخش و پەرشی دەكەن، رەنگە هەندێكیان لە خەمخۆری و دڵسۆزییانەوە بێت، لەوانەیە هەندێكیشیان لە لاوازیی ئیرادەیانەوە بێت، بەڵام:

كەسانێكی تر كە هەمان كار دەكەن، ئەوانەن كە بەهۆی هەندێ گۆڕانكاریی نێوخۆیی و دەرەكیەوە، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان وەكوو جاران مەیسەر نابێ، بۆیە ئەوانەش هه‌میشه‌ رەشبینی و بێهیوایی و بێئومێدی بە چوارده‌وریاندا بڵاو دەكەنەوە، دەیانەوێ خەڵك وەك ئەوان، چاویلكە رەشەكانیان لە چاو بكەن و سەیری ژیانی پێبكەن، لە كاتێكدا بەرژەوەندیی شەخسی و تەسكی ئەوان لەگەڵ بەرژەوەندیی خەڵكدا، زۆر جیاوازن، بەڵام نازانم خەڵك چۆن دەكەونە بن كاریگەریی ئەو جۆرە كەسانەوە لە كاتێكدا ئەو راستیەش دەزانن!

كەسانێكیش هەن، بە ئیعاز و فەرمانی دوژمنان و داگیركەران و نەیارانی كورد و كوردستان، رەشبینی و بێهیوایی لەنێو خەڵكی كوردستاندا بڵاو دەكەنەوە، جا چ لە گفتوگۆ و لێدواندا بێت، چ لەڕێی مینبەر و سەكۆی قسەكردنەوە بێ، یان لەڕێی میدیای رەسمی و سۆشیال میدیاوە بێت، ئەمانە گوێلەمستی دوژمنانن و كاری داگیركەران تەواو دەكەن لە دژی وڵات و میللەتی خۆیان.

راستییەكەی من نە ده‌روونناسم و نە كۆمەڵناس، تا بتوانم شیكار و لێكدانەوەی زانستیم هەبێ بۆ ئەو پرسە، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من بە چاوی خۆم دەیبینم و دەیبیستم و دەیخوێنمەوە ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهەشتی سەرزەوی نیە، بەڵام ئەو دۆزەخەش نیە كە ئەو جۆرە خەڵكە بانگەشەی بۆ دەكەن، لە هەرێمی كوردستان بەهار لە چۆكان نیە و كێشە و گرفت و قەیران و تەنگژەی جیاواز هەن و ناو بەناو بینەقاقای خەڵك دەگرن، بەڵام هەرێمی كوردستان وێرانە و كاولگە و كەلاوەش نیە، ئاخر‌ له‌م نیشتمانه‌ی ئێمەدا‌ شتگه‌لێكی زۆر هه‌ن كه‌ هی ئەوەن مرۆڤ دڵیان پێ خۆش بكات و هیوا و ئومێد لە ناخماندا بچێنن و وامان لێ بكەن چاومان لە ئاسۆیەكی روونتر بێت.

كێ به‌رپرسه‌؟
هه‌موان گله‌یی دەکەن، لە کاتێکدا زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی دەنگی گلەیی و رەخنەیان دلێرە، خۆیان یان هۆكارن یان بەشێكن لەو دیاردە یان لایەنە خراپانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەن. ده‌زانن ئه‌م دۆخه‌ وه‌ك چی وایه‌؟ ده‌قاوده‌ق له‌و درز و قڵیشه‌ دوورمه‌ودایانه‌ ده‌چێت كه‌ له‌نێوان حزب و لایەنه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌دا هه‌یه، هه‌موو لایه‌ك داوای یەكڕیزی و تەبایی و ئاشتەوایی و یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی دەكەن، بەڵام كەمترین هەوڵ هەیە هەر لە خودی ئەو لایەنانەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە، خۆ هەندێ لە لایەنەكان هەر خۆیان هۆكاری سەرەكیی لێكترازان و نەسازان و دووبەرەكیین.

بۆ نموونه‌:
كۆمه‌ڵێك حزب و لایه‌ن و كه‌سانی سیاسەتوان، پەرلەمانتار، میدیاكار، خۆ بە نووسەر و رۆشنبیر زان، هەر لە یەكەمین رۆژی دەستبەكاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە، كەوتنە تەقە و رەخنەگرتن و پلارهاوێشتن لەم كابینەیە و حزبی سەرەكیی پێكهێنەری حكوومەت و حزبە بەشدارەكانی نێو حكوومەت، ئەمە بەبێ ئەوەی جارێ ئەو كابینەیە هیچ هەنگاوێكی هاویشتبێت و بەتەواوی دەستبەكار بووبێت، دواتریش و تا ئێستەش لەسەر هەمان ریتم بەردەوامن، لەكاتێكدا ئەو توێژانە لە كۆمەڵگە و وڵاتانی پێشكەوتوو و زیندوودا، هەنگاو هەنگاو بڕیار بڕیار و پرۆژە پرۆژە قسە لەسەر ئەدای حكوومەت دەكەن و هەڵیدەسەنگێنن، چونكە حكوومەت موڵكی حزبێك و كەسێك و گرووپێك نیە، حكوومەت هی هەموو هاوڵاتیانە و هی نیشتمانە، رووخان و داڕمانی حكوومەت بۆ ئەم ناوچەیەی ئێمە كارەساتە، كەچی ئەو برادەرانە بە چارەسەری دەزانن و بەردەوام بانگەشەی شكست پێهێنانی دەكەن.

بەشێكی زۆری ئەو كه‌سایه‌تییە حزبی و سیاسی و میدیاییانەی كە بەردەوام داوای رووخاندنی حكوومەتی هەرێم دەكەن، داوا لە خەڵك دەكەن لە دیدی رەشبینانەی ئەوانەوە سەیری ژیان لە كوردستان و ئایندەی میللەتەكەی بكەن، خۆیان مووچەی باش و ئیمتیازی باش و ناوبانگیان لەسەر حسابی داهات و پارەی ئەم هەرێمی كوردستانە بۆ خۆیان پەیدا كردووە، كەچی كە گوێیان لێ دەگریت، بەردەوام سەری زمان و بنی زمانیان، باسکردنی گه‌نده‌ڵییە، ئاخر زۆر گرنگە خەڵك ئەم راستیە بزانێت.

عەزیزم تۆ كە چەندین ساڵە پەرلەمانتاری كوردی عێراقیت و بە دەنگی خەڵكی كوردستان مانگانە نزیكە ٤٠ ملیۆن دیناری عێراقی وەردەگریت و تەنانەت دراوسێیەكی هەژاریشتان خێری لەم هەموو ملیۆنەی تۆ نەبینیوە و پارەی پاسەوانەكانیشت دەخۆیت و یەك قسەی خێریش بۆ هەرێمەكەی خۆت ناكەیت، بۆت نیە باسی گەندەڵی و كەموكوڕیی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بكەیت، بۆت نیە باسی مافی خەڵك بكەیت، تۆ لەنێو بەرەی خەڵكدا نیت و نابیت.
تۆیەك كە ساڵانێكی زۆر زۆرە، لە یەكێك لە دەزگا میدیاییەكانی سەر بە حزێكی نێو حكوومەت و دەسەڵات مانگانە چەند هەزار دۆلارێك وەردەگریت، لەكاتێكدا خێرت بۆ یەك هاووڵاتیی هەژاری هەرێمی كوردستانیش نیە، بۆت نیە باسی گەندەڵیی دەسەڵات و حزبەكان بكەیت.

یان دەبینین بەشێك لە سەركردە دیارەكانی ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ چ پێشتر یان ئێستا لە حكوومەتدا بوون و بە دەیان ئیمتیاز و پارە و خانەنشینیی باشیان لە حكوومەت وەرگرتووە و حزبەكانیشیان بە هەزاران مووچەخۆر و پلە و پۆست و پرۆژەی بازرگانییان لە حكوومەت پچڕیوە، ئەوانە دەچنە پشت مایكەكان و گلەیی لە دەسەڵات و حكوومەت دەكەن و باس لە مافی خەڵك دەكەن و رەخنە لە ئەدای حكوومەت دەگرن و خەڵكی كوردستان بێهیوا و رەشبین دەكەن، بەشبەحاڵی خۆم ئەم دیاردەیەم بەم زەقیە تەنیا لە هەرێمی كوردستان و لە عێراق دیوە، دەنا لەنێو گەلانی دیكەدا خەڵك دەست بە چاوی ئەوانەدا دەكات كە خۆیان گەندەڵن و بەشدارن لە گەندەڵی و قسەیش دژی گەندەڵی دەكەن.

ئەم زەلکاوە پڕە لە سەرەمێکوتە

سەیر ئەوەیە ئەوانەی باسم كردن، كە حکوومەت چاکسازی دەکات رەخنە دەگرن. دوور دەبێ لە بەغداوە رەخنە دەگرن، نزیك دەبێتەوە لێی، هەر رەخنە دەگرن، مووچە نادات رەخنە دەگرن مووچە دەدات هەر رەخنە دەگرن، پرۆژە جێبەجێ دەکات دەست دەکەن بە تانە و تەشەر، نایكات ئەمانە قسەی زل دەكەن. بەڕاستی ئه‌م مۆدێلە لە ره‌خنه‌گرتن‌ زۆر مه‌هزه‌له‌یه.

ئاخر مایەی شەرمە، تۆ خۆت بەشێك بیت له‌ گه‌نده‌ڵی و بڕێكی زۆری داهاتی حكوومەت بۆ تۆ بێت، كەچی بێیت و لە میدیاكانەوە ھەشت ھەشت قسە فڕێ بدەیت و باسی گەندەڵی و مافی خەڵك بکەیت. پەرلەمانتاری كوردستان هەیە دوو خولە هەر پەرلەمانتارە، هەموو ئیمتیازێكی پەرلەمانتاریی وەرگرتووە، بە ئۆتۆمبێل و عەقارەوە، مووچە و ماڵ و موڵكێكی زۆری پێكەوە ناوە، بازرگانیەكی بێشوماری هەیە، منداڵی لە قوتابخانە و زانكۆی گرانبەهای تایبەتە، ئیقامەی دەوڵەتێكی ئەورووپیی هەر بە پارەی كوردستان كڕیوە، گەشت و گەڕان و ئیفادی بەردەوامە لەسەر حسابی داهاتی گشتی، كەچی پڕ بە گەرووی هاوار دەكات: ”ئێمە كۆڵ نادەین و ئەم حكوومەتە هەر دەڕووخێنین“، وابزانم ئەم قسانە بۆ باجی حەلاو بكات باشترە ئێوەش وا ناڵێن!