ڕۆمانی (باڵندەكانیش دەنیشنەوە) چاپ و بڵاو كرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ڕۆمانی (باڵندەكانیش دەنیشنەوە) چاپ و بڵاو كرایەوە

ڕۆمانی (باڵندەكانیش دەنیشنەوە) لە نووسینی بەیان سەلمان كە چیرۆكی پێنج كوڕی گەنج و دوو ئافرەت دەگێڕێتەوە و تێیدا ئازارەكانی ژیانی ئەوانی خستووەتە ڕوو، لە دووتوێی 138 لاپەڕەدا چاپ و بڵاو كرایەوە.

بەیان سەلمان، نووسەری ڕۆمانی (باڵندەكانیش دەنیشنەوە) بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ڕۆمانەكە چیرۆكی پێنج كوڕی گەنج و دوو ئافرەت دەگێڕێتەوە، كە بە كۆڵەپشتی ئازار و بە باوەشی نهێنییەكانیان و لەدەستدانی هەموو ناسنامەیەك، دنیایەكی تەماوی لە دوای خۆیان بەجێ دەهێڵن، بە ئومێدی دەستپێكردن لە خاڵی سفرەوە، دەیانزانی چی چاوەڕوانییان دەكات؟".

لەبارەی ناوەڕۆكی ڕۆمانەكەوە ڕای گەیاند: "لەم ڕۆمانەدا ئازار هەتا ناو قووڵایی ناخی كەسایەتییەكان شۆڕ دەبێتەوە و لەگەڵیاندا هەنگاو دەنێ، لەناو جیهانێكی گەمارۆدراو بە خەونی گەیشتن بە شوێنێك، پەناهەندە، باڵندەیەكە، ئەگەر بگاتە خاكێكی بێگانە و لێی بنیشێتەوە، دەكرێت لە هەر ساتێكدا بەسەریدا بێت دووبارە بفڕێتەوە بۆ جێیەكی تر. لەو گەڕانەدا بەدوای شوێنێكی ئارامەوەیە".

گوتیشی: "ئەم ڕۆمانە لە هەناوی واقیعی ئەمڕۆوە هەڵقوڵاوە، خۆیان دەدۆزنەوە؟ یان جۆرێكی تری گەڕان دەست پێ دەكەن؟ واتە ئەم رۆمانە زۆر نزیكە لە رۆحی ئەو ئازارانەی لە ڕۆحی ئەم سەردەمەدا مرۆڤ پێوەی دەناڵێنێت، ئازارگەلێك كە نە لە شوێنی خوی ئاسوودەیە و نە هیچ جێگەیەكی دیكەش باوەشی بۆ دەكاتەوە".

ئەوەشی خستە ڕوو: "کتێبەکە دیزاینی بەرگی لەلایەن "زاری"یەوە بۆ كراوە دیزاینی ناوەوەشی" ڕەنجدەر جەبار" كردوویە".

138 لاپەڕەیە و بە تیراژی (500) دانە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانەکانی کوردستانەوە ژمارەی سپاردن 1329ی ساڵی 2021ی پێ دراوە و لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند و چاپخانەی كارۆ لە سلێمانی چاپ کراوە.

بەیان سەلمان، شاعیر، ڕۆماننووس و وەرگێڕی کورد، لەدایکبووی ١ی کانوونی دووەمی ١٩٦١ی کەرکووکە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەری ئەدەبی فەرەنسییە و سێ زمانی کوردی، عەرەبی و فەرەنسی بەرھەمی بڵاو بووەتەوە.

یەکەم بەرھەمی بەیان سەلمان لە ساڵی ١٩٩٦ نامیلکە شیعرێکی کوردی بەناوی «نامۆیی سەر وھەرەسی دیمەنەکان» بڵاو کراوەتەوە.

هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٠ کتێبی چاپ و بڵاو کردووەتەوە کە چەند دانەیەکیان ڕۆمانی خۆین و ئەوانی دیکەش وەرگێڕانن لە بواری ئەدەب و توێژینەوەدا.