وەزارەتى کشتوکاڵ ئامادەکارى بۆ پاککردنەوە و دابەشکردنى بنەتۆو بەسەر جووتیاراندا دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وەزارەتى کشتوکاڵ ئامادەکارى بۆ پاککردنەوە و دابەشکردنى بنەتۆو بەسەر جووتیاراندا دەکات

 

بەڕێوەبەرى بەرهەمهێنان و بنەتۆو لە وەزارەتى کشتوکاڵى حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە ئامادەکاری بۆ پاککردنەوە و دابەشکردنى بنەتۆو بەسەر جووتیارانى پارێزگاکانى کوردستان دەکەن، ئەمەش کاریگەرى باشى لەسەر بەرهەمى گەنمى جووتیاران لە رووى کوالێتییەوە دەبێت.

رێژین سدیق، بەڕێوەبەرى بەرهەمهێنان و بنەتۆو لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "بەمەبەستى دابینکردنى بنەتۆوێکى باش و تەندروست بۆ جووتیارانى هەرێمى کوردستان، دەستیان کردووە بە پاککردنەوەى ئەو بنەتۆوەى کە لەلایەن جووتیارانەوە ئامادەکراوە بۆ ئەوەى ئەمساڵ زەوییەکانیان پێى دابچێنن، ساڵانە وەزارەت لەسەر ئەرکى خۆى هەڵدەستێ بە پاککردنەوە و دەرمانڕێژکردنى بنەتۆو بۆ جووتیاران".

گوتیشی: "پاککردنەوەى بنەتۆوى جووتیاران لەسەر ئەرکى وەزارەتى کشتوکاڵ ئەنجام دەدرێت، پاککردنەوە و دەرمانڕێژکردنى هەر تۆنێک بنەتۆو 60 بۆ 65 هەزار دینار لەسەر وەزارەت دەوەستێت، ئەمە لە کاتێکدایە تەنیا %2ى رێژەى فرۆشى ساڵانەى گەنمى جووتیارانى کوردستان لەلایەن بەغداوە بە وەزارەتى کشتوکاڵ دەدرێت بەمەبەستى پاککردنەوەى بنەتۆوى جووتیاران".

ئاماژەشی بەوەدا، پاککردنەوە و دەرمانڕێژکردنى بنەتۆوى جووتیاران کاریگەرى باشى دەبێ لەسەر بەرهەمى جووتیاران، چونکە ئەگەر رێژەى بەرهەمى گەنم زۆریش بێت بەڵام لە رووى کوالێتییەوە نزم بێت سوودێکى ئەوتۆى نابێت و لە بازاڕ پارە ناکات، بۆیە بەروبوومى گەنمى جووتیارانى کوردستان لە رووى کوالێتییەوە یەکێکە لەجۆرە باشەکان و بۆ چەندین جۆر دانەوێڵە و ئارد بەکاردەهێندرێت.