لەمەشیاندا ھەرێمی كوردستان لەپێش عێراقەوەیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 25/08/2021

لەمەشیاندا ھەرێمی كوردستان لەپێش عێراقەوەیە

باسی جیاوازیی نێوان بوارەكانی (ئابووری، وەبەرھێنان، ئاوەدانكاری، ڕێژەی ھەژاری و بێكاری، سەقامگیری و ئارامیی سیاسی و ئەمنی) ناكەم كە لە گشت ئەو بوارانەدا ھەرێمی كوردستان زۆر لەپێش عێراقەوەیە، ئێستا باسی جیاوازییەكی تر دەكەم لەنێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق.. ئەم جیاوازییەیان پەیوەندیی بە چیەوە ھەیە؟

لە ماوەی كەمتر لە 15 سەعاتدا و تایبەت بە وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا، دوو ھەواڵم بینی، ئەم دوو ھەواڵە دوو ژمارەی تێدایە و ھەردوو ژمارەكەش بە فەرمی ڕاگەیەندراون، ژمارەیەكیان وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاندووە و ژمارەیەكیشیان فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە.

وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت: ”ھەتا ئێستا دوو ملیۆن ھاووڵاتی پێكوتەیان وەرگرتووە“، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێت: ”ھەتا ئێستا زیاتر لە 580 ھەزار كەس لە ھەرێمی كوردستان پێكوتەیان وەرگرتووە“. كە ئەم دوو ژمارەیەم بینی گوتم باشە بۆچی نەیەم حساب و كتابێك بكەم و بزانم ئایا بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی ھەریەك لە عێراق و ھەرێمی كوردستان، ڕێژەی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا لە كامیان زۆرترە؟ ئەگەر جیاوازییەكە زۆر بوو، ئینجا بزانم بۆچی؟ دوای لێكدانەوە ئەم جیاوازییەم لەنێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق بۆ دەرچوو:

1- ھەموو ژمارەی دانیشتوانی عێراق 40 ملیۆنە و نزیكەی شەش ملیۆنیان دانیشتووی ھەرێمی كوردستانن، كەواتە لە 34 ملیۆن ھاووڵاتیی عێراق، ھەتا ئێستا دوو ملیۆنیان ڤاكسینیان وەرگرتووە كە ڕێژەی سەدی ئەوانە دەردەھێنیت كە ھەتا ئێستا لە عێراق ڤاكسینیان وەرگرتووە دەكاتە لە سەدا پێنج و نۆ، واتە (5.9%)ی ھاووڵاتیان.

2- ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی كوردستان نزیكەی شەش ملیۆن كەسن، ھەتا ئێستا زیاتر لە 580 ھەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە كە ڕێژەی سەدیی ئەوانە دەردەھێنیت كە ھەتا ئێستا لە ھەرێمی كوردستان ڤاكسینیان وەرگرتووە، دەكاتە لە سەدا نۆ و پۆینت شەش (9.6%) واتە نزیكەی دوو ئەوەندەی عێراق. ئەمە لەكاتێكیشدایە كە ئەو دوو ملیۆن ھاووڵاتیەی عێراق 580 ھەزار ھاووڵاتیەكەی ھەرێمی كوردستانی لەسەر نەبێت، ئەگینا ئەگەر عێراق 580 ھەزار ھاووڵاتیەكەی ھەرێمی كوردستانی لەگەڵ دوو ملیۆنەكەی خۆیان حساب كردبێت، ئەو كاتە رێژەی سەدی پێدانی ڤاكسین لە ھەرێمی كوردستان زیاتریش دەبێت لەو ڕێژانەی كە پێشتر ئاماژەم پێ دان.

ئنجا بۆچی ئەم پرۆسەی پێدان و وەرگرتنی پێكوتە یان ڤاكسین لە ھەرێمی كوردستان زۆرترە؟ ئەمەش پرسیارێكە بەدەر نیە لە یەكێك لەم دوو حاڵەتە یان ھەردووكیان بەیەكەوە كە بریتن لە:

ا- ئاستی ھۆشیاریی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان بەرزتر و لەپێشترە لە ئاستی ھۆشیاریی ھاووڵایانی عێراق، ئەگەر ئەو ژمارە فەرمیانە پێوەر بن، ئاستی بەرزیی ھۆشیاریی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان نزیكەی دوو ئەوەندەی ئاستی ھۆشیاریی ھاووڵاتیانی عێراقە.

ب- ئاستی كارایی و خێرایی لە ئیشكردنی وەزارەتی تەندروستی و گشت پزیشك و كارمەندانی تەندروستیی ھەرێمی كوردستان لە پێدانی ڤاكسین بە ھاووڵاتیان، كاراتر و خێراترە لە ئاستی وەزارەتی تەندروستی و پزیشكان و كارمەندانی تەندروستیی عێراق، خۆ لێرەشدا ئەگەر ھەر ئەو ژمارە فەرمیانە پێوەر بن، دیسان ئاستی كارایی و خێرایی لە ئیشكردنی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی كوردستان، دوو ئەوەندەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقە.

ئەھا تۆ ڕاوەستە بیرم كەوتەوە، ئایا ھەڵەوەڕەكانی وەك سەركەوت شەمسەدین و غالب محەمەد بۆ ئەمەیان چی دەڵێن؟ ھەرچەند ناشزانم ھەتا ئێستا ئەوان خۆیان كوتاوە یان نا و ئەگەر خۆیشیان كوتابێت نازانم لە كوێ كوتاویانن!