بڕیارە ٢٧ی ئەم مانگە فیلمێكی سینەمایی لەسەر ژیانی گەورە هونەرمەنی توركیا و بە رەگەز كورد (ئەحمەد كایا) لە شاشەكانی سینەمای توركیا و ئەورووپا نمایش بکرێت، بەڵام گولتەن كایا هاوسەری ئەحمەد كایا، نیگەرانە لەو فیلمە و داوا دەكات رابگیریت.
فیلمەكە باس لە ژیان و گۆرانییەكانی ئەحمەد كایا دەكات، ماوەی دوو ساڵیش دەبێت بەهۆی بەرزكردنەوەی داوایەكی یاسایی لەلایەن هاوسەری ئەحمەد كایاوە بە ناوی گولتەن كایا فیلمەكە پەخشكردنی راگیرا بوو، بەڵام ئیدی قەدەغەی پەخشكردنی فیلمەكە هەڵگیراوە.
گولتەن كایا، پێیوایە لە فیلمەكەدا هیچ پرسێكی پێ نەكراوە، هەروەها غەدر لە كایا كراوە، چونكە وەكوو خۆی باسی نەكراوە، بۆیە لە ٢٠١٩ داوای یاسایی لەسەر دەرهێنەری فیلمەكە و وەبەرهێنەرەكە تۆمار كرد، بۆیە لەو ساڵەدا دادگا فیلمەكەی راگرت.
بەڵام لە ٢٤ی٨ی٢٠٢١ دادگای باڵای ئیستەنبۆڵ، بە فەرمی رای گەیدا فیلمەكە پەخش بكرێت و گوێی بە داوا یاساییەكەی گولتەن نەدا، چونكە دوای لێكۆڵینەوە بۆیان دەركەوت وەبەرهێنی فیلمەكە لەسەر حەق بووە، نەك هاوسەرەكەی ئەحمەد كایا.
فیلمەكە بە ناوی (هەردوو چاوم ئەحمەدە)، بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (ئیندیپێندت)، فیلمەكە ڕۆژی هەینی ٢٧ی٨ی٢٠٢١ لە تەواوی سینەماكانی توركیا پەخش دەكرێت، هەروەها بڕیاریشە لە ٢ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە سینەماكانی ئەورووپا پەخش بكرێت.
غانی رزگار شاڤاتا دەرهێنەری فیلمەكە، دەڵێت ئێمە فیلمەكەمان بۆ پەیداكردنی پارە بەرهەم نەهێناوە، بەڵكوو لەپێناو ناوی ئەحمەد كایا فیلمەكەمان بەرهەم هێناوە.
ئەو لەبارەی قسەكانی گولتەن و ئەو داوا یاساییەی لەسەری تۆماری كردووە، قسەی بۆ رۆژنامەی (دیوار)ی توركی كردووە و دەڵێت دەمتوانی داوای یاسایی لەسەر گولتەن تۆمار بكەم و داوای قەرەبوو بكەمەوە، چونكە دوو ساڵە فیلمەكەی لە پەخش راگرتووە، بەڵام ئیدی دادگا بڕیاری دا فیلمەكە پەخش بكرێت و مافمان بۆ گەڕێندرایەوە.
ئەحمەد کایای هونەرمەند ٢٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٧ لە شاری "مەلەدی"ی باکووری کوردستان لەدایک بووە و دوای ئەوەی باوکی سازێکی بۆ کڕیوە، ئەحمەد لە تەمەنی شەش ساڵییەوە سەرقاڵی مۆسیقا و هونەر بووە.
پێش ئەوەی وەک گۆرانیبێژ دەرکەوێت، ماوەیەک لە ئەستەنبوڵ شۆفێری تەکسی بووە، ھەروەھا لەگەڵ دۆستێکی خۆشەویستی بەناوی بەشار ئابی کاری شۆفێری پاسیشی کردووە. کایا لە ساڵی ١٩٨٥ یەکەمین ئەلبوومی خۆی بە ناوی "مەگری کۆرپەکەم" بڵاو کردووەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی شێوازەکەی شێوازێکی نوێ بوو و ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانە بوون، ھیچ دەزگایەکی ھونەریی تورکیا ئامادە نەبووە ھاوکاری بکات، ھەرچەندە ئەمە نەبووە ھۆکاری ساردبوونەوەی و بە ھاوکاریی دۆستەکانی یەکەمین ئەلبوومی خۆی بڵاوکردەوە، بەڵام حکوومەتی ئەوکاتی تورکیا ئەلبوومەکەی لێ قەدەغە کرد
ئەحمەد کایای هونەرمەند هەر لە منداڵییەوە ڕۆحێکی یاخی ھەبووە و ھەندێک جار بەم بۆنەوە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا و دەزگا ئەمنییەکان تووشی کێشە بووە، ھەر لە لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لەسەر چاپکردنی لافیتەی نایاسایی گیراوە، بەڵام هەر کۆڵی نەداوە و لە کاری هونەری و مۆسیقا و گۆرانی بەردەوام بووە
کایا پێنجەم و دوا مناڵی خێزانەکەی بووە، باوکی بە ڕەچەڵەک خەڵکی سەمسوور بووە و ڕۆیشتوونەتە مەلەدی بۆ دۆزینەوەی کار. کاتێک کایا لەدایک بووە، باوکی لە کارگەیەکی دەوڵەتیدا کاری کردووە دایک و باوکی و ھەر پێنج مناڵەکە لە خانوویەکی بچووکی کارگەکەدا دەژیان و لە نۆ ساڵیدا لە کارگەکەی باوکی دەستی بە گۆرانیبێژی کردووە و لە شەوانی جەژنی کرێکاراندا گۆرانیی بۆ کرێکارەکان خوێندووە.
دوای ئەوەی کایا گەورەتر دەبێت و دوای خوێندن و کاتەکانی تریش لە فرۆشگەیەکی فرۆشتنی قەوان و کاسێتدا کار دەکات و ئیشکردن لەو فرۆشگەیەدا وایان لە کایا کردووە کە بە شێوەیەکی باشتر شارەزای مۆسیقا و ئاوازدانان بێت.
ئەحمەد کایا دواتر لەگەڵ گولتەن کایا هاوسەرگیری دەکات و لە ساڵی ١٩٨٥دا گویلتەن ھەڵبەستی "ئاوازی شەبەق"ی نەوزاد چەلیک ئەگەیەنێتە کایا کە بۆ دایکی نەوزاد نووسراوە لە سجنەوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٦یشدا "کاتێک دێ" بڵاو ئەکاتەوە. لە دوای ھاوسەرگیری لەگەڵ گویلتەن، کایا ئەبێتە ناسراوی یووسف خەیاڵئۆغڵوی برای گویلتەن کە زۆرێک لە گۆرانییەکانی کایا ھۆنراوەی ئەون.
ئەحمەد کایا کە بە گۆرانییە کۆمەڵایەتییەکانی لایەنگریی خەڵکی ھەژار و کوردی تورکیا دەکات، ئەم شێوازەی گۆرانیوتن و لایەنگری کەمینەکان دەبێتە ھۆی دەستگیرکردن و قەدەغەبوونی گۆرانییەکانی کایا، ھەروەھا رێگای گۆرانی گوتنیشی لێ تەنگ دەکرێتەوە.
لە ١٠ی شوباتی ١٩٩٩ کایا دەبێتە براوەی خەڵاتێکی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی چاپی تابلۆید و کاتێک خەلاتی باشترین گۆرانیبێژی ساڵ کە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا پەخش ئەکرێت وەردەگرێ، رایدەگەیەنێت: "من گۆرانییەکی کوردیم لە ناو ئەلبوومە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم. گومانم نییە گەلێ کۆمپانیای مۆسیقا حەز دەکەن ئەلبۆمە تازەکەم بڵاو بکەنەوە." دوای تەواوبوونی ئەم قسانە، چەند ھونەرمەندێکی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد و بە خاین ناودیریان کردووە
دادگاییکردن و دەرکران لە تورکیا
دادگای ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لە ٣٠ی نیسانی ساڵی ١٩٩٩ تۆمەتی خەیانەت بە نیشتمانی، دایە پاڵ ئەحمەد کایا و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە توندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری و ھەندێ رۆژنامە و دەزگای ڕاگەیاندن تەنانەت داوای حوکمی سێدارەشیان بۆ کردووە.
ئەحمەد کایا، لە بەردەم یەکەمین دانیشتنی دادگا ئامادە بوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە درابوونە پاڵی. لەو ماوەیەدا، ئەحمەد کایا دەچێتە ئەورووپا و لە پاریس نیشتەجێ دەبێت.
دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتن و بەبێ ئامادەبوونی کایا، سزای ١٠ ساڵ زیندانی نایاسایی بۆ بڕیوەتەوە.
ئەحمەد کایا پاش تەمەنێک خزمەت بە گۆرانی و مۆسیقا، وەک هونەرمەندێکی دەروەست و شۆڕشگێر و بوێر ناوبانگی لەناو کورد پەیدا کرد و خاوەن پێگەی تایبەتی خۆی بووە و بەتایبەتی ڕۆحی بەرز و ورە و هاندانی خەڵک لەدژی ستەم، ئەمانە کردوویانە بە هونەرمەندێکی خۆشەویستی خەڵک.
سەرەنجام ڕێکەوتی ١٦ی١١ی٢٠٠٠ و لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا لە شاری پاریس بە نەخۆشی کۆچی دوایی دەکات و لە تەنیشت گڵکۆی یەلماز گۆنای هونەرمەندی سینەماکاری کورد لە گۆڕستانی پیرلاشێزی پاریس بە خاک دەسپێردرێت.
ئەلبوومە گۆرانییەکانی بریتین لە:
مەگری کۆرپەکەم (١٩٨٥)
تێکئاڵان بە ئازار (١٩٨٥)
ئاوازی شەبەق (١٩٨٦)
کاتێ دێ (١٩٨٦)
دیموکراتی ماندوو (١٩٨٧)
سەر بەرز دەکەمەوە (١٩٨٨)
خوێندنەوە-١ (١٩٨٩)
گوڵێکی نیەت چاک - کۆد ناوی بەختیار (١٩٨٩)
خوێندنەوە-٢ (١٩٩٠)
دیواری خۆشەویستی (١٩٩٠)
تووشی بەڵا بووم (١٩٩١)
بەرم مەکەوە ئەسووتێی (١٩٩٢)
ناجێگیر (١٩٩٣)
گۆرانییەکانم بۆ شاخەکانە (١٩٩٤)
بمدۆزەوە (١٩٩٥)
ئەستێرە و مانگەشەو (١٩٩٦)
بەرامبەر دۆست و دوژمن (١٩٩٨)
پاش کۆچی دواییشی ئەم چەند ئەلبوومەی کە دەرفەت نەبووە بڵاویان بکاتەوە، بڵاو بوونەتەوە:
خوات لەگەڵ چاوەکەم (٢٠٠١)
تۆزێکیش تۆ بگری (٢٠٠٣)
با داواکەم بمێنێ (٢٠٠٥)
فرمێسکەکانم بوونە ھەزارساڵە (٢٠٠٦)
بابا-ئەوڕۆ تەنھام ئەحمەد کایا (٢٠١٢)