بۆ ئەوەی حەیای قسەكردن نەچێت، خۆزگە قسەتان نەدەكرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 24/08/2021

بۆ ئەوەی حەیای قسەكردن نەچێت، خۆزگە قسەتان نەدەكرد

لە وەڵامی ئەو ھێرشە ئاسمانیەی كە بەیانیی ئەمڕۆ 24–8–2021 توركیا لە ناوچەكانی شارباژێڕ و چیای ئاسۆس و پێنجوێن كردوویەتیە سەر ھەندێك لە بنكە و بارەگاكانی پەكەكە، فەرماندەیەكی باڵای پژاك، جگە لەوەی نەیوێراوە ڕاشكاوانە ناوی ناسراوی خۆی بھێنێت، بە ماڵپەڕێكی كوردی دەڵێت: ”هێرشه‌كانى توركیا به‌ گومانى بوونى بنكه ‌و باره‌گاكانى (په‌كه‌كه‌)یه‌، به‌ڵام له ‌ڕاستیدا په‌كه‌كه‌ لەو ناوچانەدا نیه ‌و ناوچه‌كه‌ ناوچه‌یه‌كى ئارامه، توركیا و هه‌موو لایه‌كیش ئه‌وه‌ دەزانن“.

ئەم بەرپرسە باڵایەی! پژاك، زیاتر لەسەری دەڕوات و دەڵێت: ”ده‌ركه‌وت ئه‌م بۆردومانانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ نییه‌ و لای توركیا ته‌نیا كوردبوون پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه،‌ وه‌ك چۆن په‌لامارى ڕۆژئاواى كوردستان ده‌دات ‌و له‌ شنگال په‌لامار ده‌دات‌ و له‌ مه‌خمووریش به‌ هه‌مان شێوه‌، واته‌ له ‌هه‌ر كوێیه‌ك كورد هه‌بێت، ئه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ ئامانجى گورز وه‌شاندنى توركیایه‌“ .

ھەر ئەم بەرپرسەی پژاك درێژەی دەداتێ و دەشڵێت: ”تا ئێستاش فڕۆكه‌ سیخووڕى ‌و بێفڕۆكه‌وانه‌كانى توركیا به ‌ئاسمانى ناوچه‌كه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه‌، به‌ڵام بۆردومان وەستاوە“. ھەتا ئێرە قسەكانی ئەو بەرپرسەی پژاك تەواو بوو، بەڵام منیش دەڵێم: بۆ ئەوەی حەیای قسەكردن نەچێت، خۆزگە قسەی نەكردایە... چونكە:

1- جارێ پێش ھەر شتێك، توركیا بۆردومانی پەكەكە دەكات، بۆچی پەكەكە خۆی وەڵام ناداتەوە و بۆچی پژاك وەڵام دەداتەوە؟ پژاك حەقی بەسەر وەڵامدانەوەی توركیا و بەرگریكردن لە پەكەكە چیە؟ ئایا پژاكیش پەكەكەیە؟ لەمێژە بیستوومە پژاكیش لقێكی پەكەكەیە، بەڵام باشتر كە ئێستا بەرپرسێكی باڵای پژاك خۆی دان بەوەدا دەنێت كە ئەوانیش لقێكی پەكەكەن لە شارباژێڕ و چیای ئاسۆس و پێنجوێن!

2- لەناو قسەكانی ئەو بەرپرسەی پژاكدا، ئەوە دەردەكەوێت تەنیا ئەوانە كوردن كە لە ڕۆژئاوای كوردستان و شنگال و كەمپی مەخموور لەژێر دەسەڵاتی پەكەكەدا دەژین، چونكە ئەوەتا دەڵێت: ” لای توركیا ته‌نیا كوردبوون پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه،‌ وه‌ك چۆن په‌لامارى ڕۆژئاواى كوردستان ده‌دات‌ و له‌ شنگال په‌لامار ده‌دات ‌و له‌ مه‌خمووریش به‌ هه‌مان شێوه‌، واته‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ك كورد هه‌بێت، ئه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ ئامانجى گورز وه‌شاندنى توركیایه!“، كەواتە بەگوێرەی ئەم قسەیە، كوردی ناو شارەكانی سلێمانی، ھەولێر، دھۆك، سنە، مەریوان، سەردەشت، بانە، سەقز، ئەمانە ھیچیان كورد نین، چونكە ئەگەر ئەمانە كورد بوونایە، ھەر وەك چۆن توركیا شنگال و كەمپی مەخموور بۆردومان دەكات، چوار جاریش كوردی ناو شارەكانی، ھەولێر، دھۆك، سنە، مەریوان، سەردەشت، بانە، سەقزی بۆردومان دەكرد! ئەی بۆچی گوتم بۆ ئەوەی حەیای قسەكردن نەچێت، خۆزگە قسەیان نەدەكرد؟ ئەھا قسەكانیان چەند جوانە!

3- ئنجا سەیری ئەم بەزمەی تری ناو قسەكانی ئەو بەرپرسە باڵایەی! پژاك بكەن كە دەڵێت: ”پەكەكە لەو ناوچانەدا نیە، بەڵام تا ئێستاش فڕۆكه‌ سیخووڕى‌ و بێفڕۆكه‌وانه‌كانى توركیا به ‌ئاسمانى ناوچه‌كه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه‌، به‌ڵام بۆردومان وەستاوە!“، باشە خۆ ئەمە بە مانای ئەوەیە یان ئەو بەرپرسە خۆی لەو ناوچانەی شارباژێڕ و چیای ئاسۆس و پێنجوێنە، یان برادەرەكانی خۆی لەو ناوچانەدان و زانیاری لەسەر بۆردومانی ئەو فڕۆكانەی توركیا لەو ناوچانەدا بەم بەرپرسە باڵایەی پژاك! دەڵێن، ئەگینا ئەگەر یەكێك لەو دوو حاڵەتە نیە، تۆ چۆن دەزانیت كە تا ئێستاش فڕۆكه‌ سیخووڕى ‌و بێفڕۆكه‌وانه‌كانى توركیا به ‌ئاسمانى ناوچه‌كه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه‌، به‌ڵام بۆردومان وەستاوە؟

قابیلە ئەو بەرپرسە باڵایەی! پژاك، وەك خولووسی ئاكاری وەزیری بەرگریی توركیا لە دوورەوە و بە تەكنیكی نوێ و لەبەردەم دەیان شاشەی كۆمپیوتەر و دیجیتاڵیدا، لە ئەنقەرەوە چاودێریی بۆردومانەكانی توركیا لەو ناوچانەدا بكات؟ خۆ ئەگەر پژاكی پەكەكە گەیشتبێتە ئەم توانا تەكنیكییە زۆر پێشكەوتووە، كەواتە لەم حاڵەتەشدا ئەوە یەكێك لە دەوڵەتانی ناوچەكە گەیاندوونی بەم توانایە، بەڵام بەرامبەر چی ئەو دەوڵەتە ئەو توانا تەكنیكییەی بۆ پژاكی لقی پەكەكە لە شارباژێڕ و چیای ئاسۆس و پێنجوێن دابین كردووە؟ ئەمە ھەر خۆی بۆ خۆی بابەتە نەك گاڵتە.