قوتابیە یەكەمەكان، سیحری قوتابخانەی تایبەت و مامۆستای تایبەت و مەرجی خۆشگوزەرانیان بەتاڵ كردەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
شەریف فەلاح 24/08/2021

قوتابیە یەكەمەكان، سیحری قوتابخانەی تایبەت و مامۆستای تایبەت و مەرجی خۆشگوزەرانیان بەتاڵ كردەوە

پاش ئەوەی لە دوێنێوە ئەنجامی تاقیکاریی پۆلی دوازدەی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا و قوتابییە یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی بەشە جیاجیاکان ناویان بڵاو كرایەوە، سەرکەوتنی ئەم قوتابییانە لە ئاستی میدیاکانی کوردستاندا ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبوو.

سەرکەوتنی ئەو قوتابییانە بۆچی ئێستا گرنگە؟

ئەوەی سەرکەوتنی قوتابی و خوێندکارانی ئەمساڵ لە ساڵانی پێشوو جیا دەکاتەوە، چەند خاڵێکی جەوهەرییە کە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەکەین.

- لەبەر ڕەوشی تەندروستی و بوونی پەتای کۆرۆنا، سیستەمی پەروەردە وەک پێویست نەبووە و قوتابییان وەک جاران نەیانتوانیوە لەناو پۆل و خوێندنگەکان ئامادە بوون، بۆیە خوێندیان یان بە ئۆنلاین بووە، یان پشتیان بە تواناکانی خۆیان بەستووە.

- کاتێک سیستەمی پەروەردە بەهۆی قەیرانی تەندروستییەوە کە سەرتاسەری جیهانی داگرتووە، كێشەی بۆ دروست بێت، چی وا لە قوتابی دەکات لەم وەها ڕەوشێکی هەستیاردا دیسان بدرەوشێتەوە و پلەی نایاب بەدەست بهێنێت؟ بێگومان ئەوەی پتر لە گشت قوتابیی وریا و چاوکراوە هان دەدات، ئامانج و گەیشتنە بە خەون و ئاواتەکانی و لە گشت گرنگتر باوەڕ بەخۆبوون و ئیرادەی قایمە کە تۆ دەتوانی لە هەلومەرجە دژوارەکانیشدا هەر سەرکەوتوو بیت.

پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، میدیاکان زۆر بە چڕی ڕووماڵیان کرد و قوتابییە سەرکەوتووەکان باسی چیرۆک و هۆکارەکانی سەرکەوتنی خۆیان کرد، کە تێیدا چەند خاڵ و بابەتێک پتر لە هەموان بەرجەستە و دیارە.

قوتابییە کچەکان پێشەنگن

- بەشێکی بەرچاو لە یەکەم و دووەم و سێیەمەکان لە ئاستی کوردستان، کچان بوون، کە ئەمە پەیامێکی گرنگە بۆ کۆمەڵگەی پەروەردەیی کوردستان، واتە کۆمەڵگەی کوردستان کچانی خاوەن ئیرادە و خوازیاری فێرەزانین زۆرن و کۆمەڵگەکەمان لەمبارەیەوە هەنگاوی بۆ پێشەوە ناوە و ماڵباتەكانیش باش بە ئاراستەی پەروەردەی سەردەمدا چوونەتە پێش و جیاوازییە ڕەگەزییەکان لە کوردستان تا ڕادەیەک کەمڕەنگ بوونەتەوە.

- خاڵێکی بەرچاوی دیکەش، ئەوە بوو کە قوتابییە سەرکەوتووەکان، یان ئەوانەی کۆنمرەیان باش بوو، زۆرینەیان لەو قوتابییانە بوون کە لە قوتابخانە حکوومییەکان بوون و لە چوارچێوەی هەمان پەروەردەی ئاساییدا خوێندوویانە و مامۆستای تایبەتیان نەبووە و لە خوێندنگە و قوتابخانە ناحکوومییەکان بە پارە نەیانخوێندووە، لێرەشدا دیسان ئیرادە و باوەڕبەخۆبوونی قوتابییەکان لە سەرکەوتنیاندا خاڵی جەوهەرییە.

- خاڵێکی دیکەی زۆر جێگەی سەرنج لەناو قوتابییە زیرەک و یەکەمەکان یان ئەوانەی کۆنەمرەیان سەرووی ٩٠ بووە، ئەوەیە کە چەند کەسێک لەو قوتابییانە یان لە ناوچە و گەڕەکە هەژارنشینەکانی شارەکان بوون، بۆ وێنە (ئەوین ڕیاز) لە قوتابخانەی (ئامادەیی دارەتووی کچان) لە ناحیەی دارەتوو کە یەکەمی وێژەییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، یان دوو کەس لە کچە قوتابییە سەرکەوتووەکان بۆ وێنە (لاڤا موحسن عەبدولڕەحمان) کچە ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان کە لەناو کەمپی دۆمیزی سەر بە دهۆک بووە، یەکێکی دیکەیە لە قوتابییە سەرکەوتووەکان، کە کۆنمرەی ٩٨.٨٥ بووە، (ئەوین زارعی) کچە ئاوارە و پەنابەری سیاسیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کەلە بنەسڵاوە دەژیت.

بە لە بەرچاوگرتنی ڕەوشی ئێستای خوێندن لە هەرێمی کوردستان و بوونی چەند قەیرانێکی دیکەی وەک پەتای کۆرۆنا، سەرکەوتنی ئەو کۆمەڵە قوتابییە لە هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکان ئەوەمان پێ دەڵێن، کە مەرج نیە خوێندن و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە پلەی بەرزی زانست و بڕینی قۆناغە ئەستەمەکان، تۆ دەبێ لە بنەماڵەیەکی خاوەن سامان بیت و لە قوتابخانەیەکی باڵا بخوێنێت. ئەوەی پتر لە گشت لە پرۆسە و ئاسەتەکانی خوێندن و پەروەردە گرنگە، سەرەتا بوونی ئیرادە و پشتبەستن بە توانا و باوەڕبەخۆبوونی تاکە. ڕاستە بێگومان پەروەردەی سەردەمیانە و دۆخی کۆمەڵایەتی و بنەماڵە دەوری کارا دەگێڕن، بەڵام لەم قۆناغە هەستیارەدا دیسان قوتابیانی کورد سەلماندیان گەیشتن بە خەون و ئاواتە شیرینەکانی ژیان سەرەتا لە خۆتەوە دەست پێدەکات.

ئەنجامەكانی ئەمساڵ، ئەو راستیە دەرخست كە پێویستە وەزارەتی پەروەردە بایەخی زیاتر بدات بە قوتابخانە حكوومیەكان و ئیدی رێگە نەدات بازرگانی بە كەرتی پەروەردەوە بكرێت لە قوتابخانە ئەهلی و تایبەتەكاندا، هەروەها دەبێ رێوشوێنی یاسایی توند و كارا بۆ گرتنی مامۆستای تایبەت دیاری بكرێ، دواجار دەبێ لەنێو سیستەمی پەروەردەی كوردستاندا بایەخی زیاتر بە زمانی كوردی بدرێ و هەروەها بیرمان بێت، وێڕای زیرەكی و نمرەی باش و سەركەوتن، دەبێ كەسایەتیی قوتابی و بەهرە تایبەتەكانی، ئامانجێكی گرنگ بن.