خەسرۆ گۆران: خەڵكی عەرەبی شارەكانی عێراقیش متمانەیان بە پارتی هەیە و دەنگی پێ دەدەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

خەسرۆ گۆران: خەڵكی عەرەبی شارەكانی عێراقیش متمانەیان بە پارتی هەیە و دەنگی پێ دەدەن

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی كوردستان باس لەوە دەکات کە حزبەكەی ئامادەیە بۆ هەڵبژادنی پێشوەختەی عێراق و ڕێژەی کورسییەکانیشی لە زۆربەی ناوچەکان بەرز دەبێتەوە، سندووقی تایبەتیش بۆ دەنگدانی ئاوارەکان لە هەولێر دادەنرێت.

(باسنیوز): پارتی وەک حزبەکانی دیکەی کوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات، ئایا هیچ ڕاپرسییەک، یان ئامارییەکتان کردووە تا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی پارتی بکەن؟ پێتان وایە ئەم جارەش لەسەر ئاستی عێراقدا یەکەم دەبن؟
خەسرۆ گۆران: بەڵێ‌ کراوە، بەڵام ئەنجامەکان ناڵێین، کە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق بڕیاریان دا هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت ئێمەش ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکەی، ئێمە پابەندین و بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین و دڵنیاشین سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێنین، چونکە خەڵکی کوردستان بڕوای تەواوی بە پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، نەک تەنها خەڵکی کورد، بەڵکوو خەڵکی عەرەبیش متمانەی بە پارتی هەیە، ئێمە وەک پارتی کاندیدمان هەیە لە کەربلا کە شیعەیە، کاندیدمان هەیە لە ڕومادی و فەللووجە کە سوننەیە، کاندیدمان هەیە لە هەموو شوێنێک، چونکە خەڵکی عێراق متمانەیان بە پارتی هەیە، پارتی، پارتێکی عێراقی و کوردستانییە، لە کوردستانیش هەموو خەڵک دەزانی کە پارتی زەمانەتی ئارامی و ئاوەدانیی کوردستانە.

(باسنیوز): زۆرێک لە سەرەتاوە پێیان وابوو بابەتی بازنەکانی هەڵبژاردن لە قازانجی حزبە گەورەکانە، ئێستا کە پرۆسەکە چووەتە پێشەوە، هەمان بۆچوونتان هەیە؟
خەسرۆ گۆران: بۆ ئەو پارتانەی کە بچووکترن، ئەگەر هەر پارێزگایەک یەک بازنە بووایە، یان عێراق یەک بازنە بووایە، لە قازانجی ئەوان بوو، بەڵام دابەشکردنی هەر پارێزگایەک بۆ چەند بازنە لە قازانجی ئەوان نییە.

(باسنیوز): پارتی لەسەر چ بنەمایەک کاندیدەکانی خۆی دەستنیشان کردووە؟ وەک دەبینین زۆربەی کاندیدەکان کەسانی ئەکادیمی و بەتوانان و کەمتر لەو کەسانەن کە لە دەرەنجامی هەڵپەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەرکەوتوون، ئایا پێوەری دیاریکراو هەبووە؟
خەسرۆ گۆران: پارتی دیموکراتی کوردستان بنەما و پێوەری بڕوانامە و پسپۆڕیی لەبەرچاو گرتووە، هەروەها دەبێت کاندیدی ئێمە جەماوەری بێت و لەنێو خەڵکدا بێت، ئێمە هەردوو بنەماکەن دیاری کردووە.

(باسنیوز): رای ئێوە لەسەر بەشداریكردنی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان لە هەڵبژاردنەكان چییە؟
خەسرۆ گۆران: دەنگدەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە شێوەیەکی گەرموگوڕتر لە جاران دەنگ دەدەن و لە مەندەلییەوە تا شنگال کاندیدمان هەیە.

(باسنیوز): تا ئێستا پارتی بارەگاکانی خۆی لە کەرکووک نەکردووەتەوە، ئەویش لە ئەنجامی ئەو ڕێگرییە بەردەوامەی لێی کراوە، لە کاتێکدا ماوەیەکی زۆر بەسەر دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا تێ پەڕیوە، پێتان وا نییە ئەمە زیان لە پێگەی کورد لەو پارێزگایە دەدات؟
خەسرۆ گۆران: ڕاستە لە شاری کەرکووک وەک پارتی بارەگاکانمان نەکراونەتەوە، بەڵام ئۆفیسمان بۆ کاندیدەکانمان کردووەتەوە و لە کەرکووک کاندیدەکانمان بانگەشە دەکەن و چالاکییەکانیان بەڕێوە دەبەن، کاندیدەکانی ئێمە بەپێی دەستوور و یاسا ئازادن لە هەر شوێنێک بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن، تا ئێستا هیچ ڕێگرییەک لە کاندیدەکانمان نەکراوە.

(باسنیوز) پارتی پێیوایە لە کەرکووک کورسی بەدەست بێنێت؟
خەسرۆ گۆران: پارتی کورسییەکانی هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتەواوی دەبات و سەرکەوتن بەدەست دێنێت.

(باسنیوز) خەڵکێکی زۆری کوردی کەرکووک بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لە شاری هەولێر نیشتەجێن و تەنانەت ناتوانن بۆ دەنگدانیش بگەڕێنەوە شارەکەیان، ئایا گەرەنتییەک هەیە کە دەنگی ئەو کەسانە نەفەوتێت؟
خەسرۆ گۆران: ئەوانەی بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ئاوارە بوون، یان ناتوانن بگەڕێنەوە، ئەوانیش مافی دەنگدانیان هەیە، جا چ لە کەرکووک بێت، یاخود لە ڕێگەی دانانی سندووقی تایبەتەوە وەک ئاوارە دەتوانن دەنگ بدەن. ئەوانەی لە هەولێریش نیشتەجێن و دەتوانن بگەڕێنەوە کەرکووک دەنگ بدەن، ئەوا دەچن دەنگ دەدەن و دەگەڕێنەوە هەولێر.

(باسنیوز): دەربارەی ڕەوشی دەنگەکانی پارتی لە بازنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆچوونتان چییە؟ پێشبینی دەکەن دەنگەکانی پارتی زیاد بکەن؟
خەسرۆ گۆران: وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەوڵ دەدەین کە کاندیدمان دەربچن، چونکە پارتی خاوەن پێگەی خۆیەتی لەم شارە و دەوربەری.

(باسنیوز): دۆخی پارتی لە سنووری مووسڵ چۆنە؟ ئایا هیچ ڕێگرییەک لە بەردەم بانگەشەکان هەیە؟
خەسرۆ گۆران: لە مووسڵ وەک پارتی کاری زۆر باشمان کردووە، ژمارەی کورسیەکانمان زیاد دەبێت، بەفەرمی لە شاری مووسڵ دەستمان بە بانگەشە نەکردووە، بەڵام کاندیدەکانمان ئازادن لە بانگەشەکردن و هیچ ڕێگرییەکیش نییە لە بەردەم کاندیدەکانماندا لە مووسڵ.

(باسنیوز): لە شنگال باس لەوە دەکرێت کە پەکەکە شانبەشانی حەشدی شەعبی کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنەکان هەیە، پێتانوایە كاندیدەكانیان دەربچێت؟
خەسرۆ گۆران: لە هیچ خولێکی پەرلەمانی پەکەکە کاندیدی دەرنەچووە بۆ پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەم جارەش پەکەکە هیچ دەنگێکی وا ناهێنێت کە کاندیدیان دەربچێت و بچێتە پەرلەمانی عێراق.

(باسنیوز) بەرپرسانی لقی مەخمووری پارتی باس لەوە دەکەن کە لە ماوەیەکی نزیکدا بارەگاکانیان لە مەخموور دەکەنەوە و دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن، ئایا هیچ ئاستەنگێک لەم سنوورە هەیە؟
خەسرۆ گۆران: پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری قەزای مەخموور دوو کاندیدی هەیە، هەردوو کاندیدەکەش ئەکتیڤن و لەنێو قەزای مەخموور و لە هەموو شوێنەکان بانگەشە دەکەن و تا ئێستا هیچ بەربەستێکیان نەهاتووەتە پێش.

(باسنیوز): لەم ماوەیە زۆر باسی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکرێت، پارتی لەم بارەیەوە هیچ بەرچاوڕوونییەکی هەیە؟ پێتان وایە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت؟
خەسرۆ گۆران: ئێمە وەک پارتی وا خۆمان ئامادە کردووە کە 10-10-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقە و هەموو ئامادە کارییەکمان کردووە.