ژنێک: خەریکە لەسەر راستگۆیی تەڵاق دەدرێم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ژنێک: خەریکە لەسەر راستگۆیی تەڵاق دەدرێم

كۆمەڵناسێك: گەر باسیشت نەكردایە، بە درۆزن دەرنەدەچوویت

“کاتێک بڕیارمان دا هاوسەرگیری بکەین، یەکەم قسەی ئەوەبوو، کە هەرکەس رابردووی خۆی بۆ خۆی، بۆیە رۆژێک لە کاتی قسەکردندا پەیوەندییەکی خۆمم بۆ گێڕایەوە، کە بەر لەو هەمبووە، لەو کاتەوە ژیانمان تێکچوو”. ئەمە قسەی ژنێکە، کە دایکی دوو منداڵە.

شادان ژنێکی تەمەن سی و پێنج ساڵەیە، لە زانکۆ کوڕێک دەناسێ کە بەقسەی خۆی "زۆر تێگەیشتوو و کراوە" دەبێت، دوای تەواوکردنی خوێندن، بڕیار دەدەن هاوسەرگیری بکەن.

ئەم ژنە بەر لە هاوسەرگیری، لەم کوڕە دڵنیا دەبێت کە کەسێکە لە رووی فكرییەوە کراوەیە، لە زۆر رووەوە بەرگری لەو مافانە دەکات کە بەشێك لە کۆمەڵگە بۆ ژن بە رەوایان نازانێت، بۆیە متمانەی تەواوی پێ دەبێت.

شادان دەڵێت: "لە کاتی قسەکردندا، زۆر جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەو پیاوێکی کۆنەپارێز نییە و باوەڕی بەو نەریتانە نییە، کە لە کولتووری ئێمەدا هەن، بۆیە رۆژێک لە کاتی قسەکردندا، باسی پەیوەندییەکی خۆمم بۆ کرد کە پێش ئەو لەگەڵ کوڕی خاڵێكم هەمبووە، بەڵام دواتر پەشیمان بوومەتەوە".

ئەم ژنە باس لەوە دەکات کە هەر دوای ئەو باسە، هاوسەرەکەی یەکسەر گۆڕاوە، بە شێوەیەک کە ژیانی تێکداون: "لەو کاتەوە من بە دڵێکی سافەوە ئەوەم بۆ گێڕایەوە کە پەیوەندییەکەی من تەنیا قسە بوو، خۆشم پەشیمان بوومەتەوە و شووم پێ نەکردووە، بەڵام هاوسەرەکەم بوو بە پیاوێکی تر، دڵی لە هەموو شتێک و لە هەموو کەسێک پیس بووە، بەردەوام چاودێریی مۆبایلەکەم و سەیری نامەکان دەکات، ئەمە وێڕای ئەوەی کە خۆی لەگەڵم نەبێت ناهێڵێ لە ماڵی باوکیشم بمێنمەوە، دڵپیسی و گومانەکانی لە ئاستێکدان کە ژیانمان نەماوە".

شادان پێی وایە، ئەو باجی راستگۆیی دەدات: "هەمیشە داوای راستگۆییمان لێ دەکرێت، کاتێکیش راستگۆ دەبین قبووڵمان ناکەن، من پەشیمان لەوەی کە بە راستگۆیی بابەتێکم بۆ هاوسەرەکەم باس کرد".

هەتاو ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە کێشەی شادان دەڵێت، ئەگەرچی شادان بەهۆی متمانەکردنی تەواو بە هاوسەرەکەی، هەموو رابردووی خۆی بۆ باس کردووە، بەڵام هاوسەرەکەی نەک رێزی لەم راستگۆیی و متمانەیەی نەگرتووە، بەڵکوو لەگەڵیشی خراپ بووە، دەبێ ئەوەمان لا روون بێت کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دووڕوویی زۆرە، هەموومان قسەی جوان دەکەین و خۆمان بە پێشکەوتوو دەزانین، بەڵام لە جەوهەردا شتێکی ترین.

هەتاو ئەحمەد رای وایە: "راستە جیاوازی لە ئاست و تێگەیشتن لەنێوان مرۆڤەکاندا هەیە، بەڵام دەبێ بزانین کە رەچاونەکردنی کولتوور و گۆڕانکاریی کەسی ئاسان نین، ئەگەر کەسێک لە ئاستێکی بەرزی مەعریفە و تێگەیشتندا نەبن، کولتووری ئێمە هەمیشە باڵادەستیی پیاوی بەسەر ژناندا سەپاندووە، بۆیە کاتێک بابەتێک لە ڕابردوودا رووی داوە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانی ئێستاتان نییە، پێویست ناکات هاوسەران بۆ یەکتری باسی بکەن، چونکە رەنگە ببێتە هۆی تێکدانی شیرازە و متمانەی خێزان".

ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە ئامۆژگاریی هاوسەران دەکات: "پێویستە لە کاتی هاوسەرگیریدا کە پێت وایە ئەو کەسەی گونجاوە هەڵیدەبژێری، متمانە بە یەکتر بکەن و نەگەڕێنەوە بۆ ئەو چیرۆکانەی، کە لە ڕابردوودا هەیانبووە، لەکاتێکدا ئەم چیرۆکە هیچ پەیوەندی و کاریگەرییەکی بەم ژیانەی ئێستایانەوە نییە، بەمەش کەس نابێتە درۆزن، چونکە ئەوە رابردووە، هەروەها پاراستنی چوارچێوەی خێزان گرنگە، بۆیە بە باسکردنی بابەتی ناپێویست تێکی مەدەن".