یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
حەمەسەعید حەسەن 23/08/2021

یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟

(6)

کە نامیلکەی (یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات)م لە ١٩٨٣دا، لە شاخ بڵاو کردەوە، (تاقمێک نووسەر) گوتوبێژی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕژێمی بەعسیان بە هەل زانی و بە نامیلکەیەک کە نەوشیروان موستەفا پێشەکیی بۆ نووسیبوو، وەڵامیان دامەوە. چونکە وەڵامەکەیان تژیبوو لە هۆنینەوەی تۆمەت، هەر بۆ من نا، بۆ بیست و یەک ئەدیبی تریش، بۆیە بە نامیلکەیەکی دیکە، بەرپەرچم دانەوە. ئەم باسە پێشەکیی بەشی دووەمی یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەرهاتە، کە ١٩٨٤ لە شاخ بڵاو بووەوە و هەم دەنگدانەوەیەکی زۆری لێ کەوتەوە، هەم ئەو تاقمە نووسەرەیشی بێدەنگ کرد:

لە سەردەمێکدا چینی بۆرژوای نەتەوەی گەورە، لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا، سەروەر و باڵادەست بێت، هەڵوێستی شۆڤێنییانەی دەرهەق بە نەتەوەی بچووک، دەبێتە هەڵسوکەوتی ڕۆژانە و لە هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیریدا ڕەنگ دەداتەوە، هەندێک جاریش بە مەبەستی چەواشەکردنی جەماوەر، ڕێگەی هەمەچەشن و دیماگۆگییانە دەگرێتە بەر و لەژێر پەردەی ڕەنگاوڕەنگی دیموکراسی و بگرە سۆسیالیستیشدا، کۆمەڵانی خەڵکی سەر بە نەتەوەی بچووک دەستخەڕۆ دەکات و لە خشتەیان دەبات، بۆیە ئەرکی بنەڕەتیی هێزە سیاسییەکان ئەوەیە، پەردە لەسەر حەقیقەتی چینی سەروەر هەڵبماڵن و بە جەماوەری بناسێنن، بە سەرێکی تریش لەگۆڕنانی پیلان و نەخشە جۆربەجۆرەکانی بۆرژوا، دەبێتە یەکێک لەو ئەرکانەی لە ئەستۆی ڕۆشنبیرانە.

بارودۆخی ئەم چەند ساڵەی کوردستان، لەو دیاردە ناهەموارانە بەدەر نەبووە و گەلی کورد و هەموو هێزە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان، ئاگاداری ئەوەن کە بە چ شێوەیەک، ڕژێم دەستی لە ڕێکخراوە کوردستانییەکان وەردا، لە گرێژەنەی بردن، کردنییە ئەڵقەیەکی ژەنگاوی لە پەنجەی خوێناویی خۆیدا و تەنانەت ناونیشانی کوردستانیشی لەسەر سڕینەوە. ڕەوتاری ڕژێم سەبارەت بە کۆڕی زانیاریی کورد، کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردی، یەکێتیی ئافرەتان، لاوان و قوتابییانی کوردستان، بەڵگەی ئاشکرا و ڕاستەقینەی هەڵوێستی ڕژێمە، دەربارەی ڕێکخراوە کوردستانییەکان. جا ئەگەر هەنگاوێکی تری نابێت، بۆ زیندەبەچاڵکردنی یەکێتیی نووسەرانی کورد و بەرگێکی جیاوازی پێ پۆشیبێت، ئەوە نەک هەر حەقیقەتی هەڵسوکەتی دیماگۆگییانەی ڕژێم دەردەخات، بەڵکوو بە هۆیەوە، چەند نووسەر و ڕۆشنبیرێکی کوردیش هەڵدەخەڵەتێنێت، بە تایبەتی ئەوانەی لە ڕووی سیاسییەوە، هۆشیارییەکی خەمڵیویان نییە و ناتوانن لەو بوارەدا نیشان بپێکن.

دەمێکبوو ڕژێم نەخشەی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کوردی دەکێشا، تا لە ساڵی ١٩٨٠دا، یاسایەکی تایبەتی بۆ ئەدیبان و نووسەرانی عێراق دەرکرد. بەپێی ئەو یاسایە، یەکێتیی نووسەرانی کورد شەرعییەتی لە دەست دا و لە ئەنجامی هەڵوێستی چەند قەڵەمێکی لەرزۆکەوە، لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٣دا، چووە زیممەتی مێژووەوە، بەڵام مێژوویەکی پڕ لە شکۆ، چونکە بە درێژاییی ئەو چەند ساڵەی تەمەنی و بە تایبەتی لەو ڕۆژگارەدا کە دەزگا داپڵۆسێنەکانی ڕژێم، هەناسەیان لەبەر جەماوەری خەڵکی عێراق بە کوردیشەوە بڕیبوو، لە ڕۆژگارێکدا کە بەستنی کۆڕێکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری بە دەستکەوتێکی گەورە لە قەڵەم دەدرا و بە سەدان لاوی خوێنگەرم، تامەزرۆی هۆشیاربوونەوە و خۆپێگەیاندن بوون، ئا لەو کاتەدا یەکێتیی نووسەرانی کورد، تاقە ڕێکخراوێکی ڕۆشنبیری بوو، ڕژێم بۆی نەدەکرا، بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، یان لە خشتەی بەرێت، یەکێتییەک تا ئەو ڕۆژەی ماڵئاوایی لە گەلی کورد کرد، تاقە وشەیەکی لە مینبەری خۆیەوە، دژی خواست و هیوای گەل نەگوت، ڕستەیەکی ستایش و پاکانەکردنیشی بە نیازی بەرتیلپێدان، نەکردە گوڵ و لە بەرۆکی ڕژێم و پیاوانی نەدا.

دیارە ڕێکخراوێکی بەو جۆرە، لە سایەی سیستەمێکی وەک هی بەعسدا، نەک هەر جێگەی نابێتەوە، بەڵکوو لە ناویش دەبرێت. ڕژێم بەوە قایل نابێت، ڕێکخراوێکی ڕۆشنبیری لە کوردستانێکی دوو جار چەوساوەدا، لە تەوەری ئەودا نەبێت و بڵاوکراوەکانی لە قازانجی ئایدۆلۆژیای ئەو تەرخان نەکات، لە گۆڕێدا بێت. جا لەبەر ئەوەی ئەم دەزگایە مەترسیی لەدوابوو، ڕژێم ئەو هەنگاوەی نا و خوا هەڵناگرێت، تاقمێک نووسەی کوردیش، هەندێک لە تێگەییشتن و بڕێک لە تێنەگەییشتن و بەشێکیش لە ترسنۆکییەوە، بوون بە ئەسپەکەی تەروادە و کنەیان لە تەلاری سەرکەشی یەکێتیی نووسەرانی کورددا کرد و هەرەسیان پێ هێنا.

ئەو هەنگاوەی ڕژێم ئەڵقەیەکی نەپساوەبوو، لە زنجیرەی هەوڵ و تەقەلای بەرەو پاشگەزبوونەوە لەو یاسایانەی، کاتی خۆی سەبارەت بە دامەزراندنی ڕێکخراوە کوردستانییەکان دەریکردبوون و بەشێک بوون لە مافی نەتەوەییی گەلی کورد. جا ئەگەر دەستەیەک لە نووسەرانی کورد، لەگەڵ جیاوازیی بیر و بۆچوونیشیاندا، هەستیان بەم حەقیقەتە کردبێت و پێشبینیی ئەو هەوڵ و تەقەلایەیان کردبێت کە کاربەدەستانی ڕژێم بۆ بنجبەستکردنی مەرام و نیازەکانیان داویانە، دەبوو نەک هەر لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە، بەڵکوو لە لایەن هێزە سیاسییەکانیشەوە کە پێشەنگی جەماوەرن، دەستی ڕێز و نەوازشیان بۆ بە سنگەوە بگیرایە و داکۆکی لە هەڵوێستیان بکرایە. بەش بە حاڵی خۆمان کە ئەو ئەرکەمان خستە ئەستۆمان و شانمان دایە بەر بە ئەنجام گەیاندانی، چاوەڕوانی پاداشت و دەستخۆشانە نەبووین، بەڵکوو ئەوسایش و ئێستایش دڵنیا بووین و دڵنیاین کە لایەنی حەقیقەتمان گرتووە و هەتا لە توانایشماندا بێت، داکۆکیی لێ دەکەین و بۆ سەرخستنی تێدەکۆشین.

لە هەلومەرجێکی وادا کە دەستەیەک نووسەری کوردی بیروڕا جیاواز، هەڵوێستی خۆیان یەک بخەن و بەپێی توانا و دەسەڵاتیان، داکۆکی لە ڕێکخراوێکی ڕۆشنبیریی کوردستانی بکەن کە بە خوێن و ڕەنجێکی زۆری ڕۆڵەکانی کورد هاتبووە کایەوە، هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد، لایەنێکی سیاسی، یان ڕاستتر سەرکردەی بەرەیەکی سیاسی کە ئەمڕۆ لە کوردستانی عێراقدا سەنگی خۆی هەیە، ناو و ناتۆرە شوێن ئەو دەستە نووسەرە بخات و بیانوو بۆ هەڵوێستی ئەو تاقمە نووسەرە بهێنێتەوە کە لای کەم ترسنۆکی وای لێ کردن لەگەڵ ڕژێمدا، یەکێتیی نووسەرانی کورد کفن و دفن بکەن. هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووین، کەسێکی وەک نەوشیروان موستەفا، بکەوێتە ژێر کاریگەرییەتی هەندێک لەو نووسەرانەوە کە پاساویان بۆ چوونە ناو یەکێتییەکەی ڕژێم دەهێنایەوە و هانی نووسەرانیان دەدا بە زوویی ئیستیمارەی بوون بە ئەندامی یەکێتییەکەی ڕژێم پڕ بکەنەوە. تەنانەت حاڵ گەییشتە ئەوەیش، بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستە لاوازەکەیان، نامەی تایبەتییان ئاڕاستەی ئەو نووسەرانە کرد کە دژی یەکێتییەکەی ڕژێمن و نایانەوێت بەشداریی تێدا بکەن. هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەبووین، تەنیا بۆ داکۆکیکردن لە هەڵوێستی ئەوانە، نەوشیروان موستەفا پەنجەی تانە بۆ دەستەیەک لە نووسەرانی کورد درێژ بکات کە ملیان بۆ نەخشەکەی ڕژێم نەدا، وەک لە پێشەکییەکەدا دەردەکەوێت کە بۆ نامیلکەی: (یەکێتیی نووسەرانی کورد لە نێوان ڕاستی و درۆنامەدا) نووسیویەتی. ئێمە لەو باوەڕەداین نەوشیروان موستەفا، داکۆکی لە هەڵوێستێکی ناڕەوا کردووە، بۆیە ناچاربووە چەند حوکمێکی موتڵەق بدات، دیارە هەموو بڕیارێکی لەو جۆرەیش، حەقیقەتی مێژوو، دروستی و نادروستیی ساغ دەکاتەوە.

ئەگەرچی بڕیاری مێژوو لە هەموو بڕیارێک عادیلانەترە، بەڵام بمانەوێت یان نا، لایەنگرتنی ئەو تاقمە نووسەرەی بۆ چەواشەکردنی حەقیقەت هەموو هەوڵێکیان دا، نەوشیروان موستەفایشیان بە هەڵەدا برد و تەنانەت هەندێک کەس ئەو پێشەکییەی ئەویان، وەک ڕای سیاسەتمەدارێکی کورد، سەبارەت بە ڕێکخراوە کوردستانییەکان لێک دایەوە. بە بڕوای ئێمە نەدەبوو نەوشیروان موستەفا مەدالیای جوامێری و گەورەیی بە بەرۆکی خەڵکانی وادا بکات کە لە زووەوە لەناو ڕێزەکانی پێشمەرگەدا و لەسەر ئاستی جەماوەریش دەستەکەیان کەوتووەتە ڕوو. مایەی خۆشییە ئەمڕۆ جەماوەری کورد لە جاران باشتر، نووسەران و ڕۆشنبیران دەناسن و تا ئێستایش مێژووی مرۆڤایەتی نەیتوانیوە، سیفەتی نەمری و جوامێری و قارەمانییەتی بداتە هیچ نووسەرێک، ئەگەر ئەو نووسەرە، بە نووسین و بە کردەوە، لە خزمەتی ڕەوتی بەرەو پێشەوە چووی مرۆڤایەتیدا نەبووبێت. ئەو نووسەرەیش کە بە نووسین و کردەوە دژی زەحمەتکێشان بێت، مێژوو نەک هەر سیفەتی جوامێریی پێ ڕەوا نابینێت، بەڵکوو لە جێی شیاوی خۆیشیدا دایدەنێت.

ئەمڕۆ ئاستی ڕۆشنبیریی جەماوەر هێندە بڵندە، دەتوانێت بە پێوانەی هەڵوێستی سیاسی و جێپێی فیکری، ئەدیبان جیا بکاتەوە و پەنجەی تۆمەت یان دەستی ڕێزیان بۆ درێژ بکات. ئەمڕۆ باری ڕۆشنبیری لەوە دەرچووە، لایەنێکی سیاسی بتوانێت، لە خۆڕا نووسەرێک بباتە ئاسمان و یەکێکی تر تاوانبار بکات. ئەمڕۆ جەماوەر لەوە هۆشیارترە لە تەلی سۆزی بدرێت و تەنیا شاخنشینی بکرێتە بەڵگەی خاوێنی، دڵسۆزی، شۆڕشگێڕییەتی و ئەوانەیش کە لەژێر چەقۆی ڕژێمدا، ویستیان نەخشە و پیلانەکان تێکوپێک بدەن و داکۆکییان لە ڕێکخراوەکەی خۆیان کرد، تۆمەتیان بدرێتە پاڵ و پاساو بۆ هەڵوێستی ترسنۆکانەی هەندێک نووسەر بهێنرێتەوە کە لەسەر دوو هێڵی جیاواز نەخشەکەیان جێبەجێ کرد، ئەوانە بۆ قایلکردنی ڕژێم و پاراستنی خۆیان، چوونە ناو یەکێتییە عێراقییەکەوە، بۆ ئەوەی داکۆکی لەم هەڵوێستە لاوازەیشیان بکەن، ڕایانگەیاند کە لە بەغدا، لە کۆنگرەی ئەدیبان و نووسەرانی عێراقدا، وەکوو گڕکان بە ڕووی پیاوانی ڕژێمدا دەتەقنەوە، بەوەیش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان بە هەڵەدا برد، چونکە نەک هەر لە کۆنگرەدا هیچیان نەگوت، بەڵکوو هەر ئامادەی کۆنگرەیش نەبوون.

ئێمە پێمان وایە نووسەرانی کورد نەک هەر لەوە گەورەترن، بە دەستی خۆیان یەکێتییەکەیان زیندەبەچاڵ بکەن، بەڵکوو دەبێت هەوڵی پێشخستنیشی بدەن و لەو کاتانەدا ڕۆڵی حیزبە سیاسییەکان کز دەبێت، ئەوان ئەو بۆشایییە پڕ بکەنەوە. بەوپەڕی شانازییەوە دەیڵێین: ئەوەندەی لە دەستمان هات، لە پێناوی بە پێوە ڕاگرتن و مانەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورددا داکۆکیمان کرد و سووریشین لەسەر هەڵوێستی خۆمان. ئەگەر چەند قەڵەمێکی لەرزۆکیش نەبوونایە، هەوڵەکەمان دەهاتە بەرهەم. ئێمە لە زیندەبەچاڵکردنی یەکێتییەکەماندا، چەند کەسێکی کەم بە توندی تاوانبار و مەحکووم دەکەین کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دوو دەست تێناپەڕێت، ئەوانە بوونە پوازی ڕۆشنبیریی کورد، دەستی ڕژێمیان گرت و هێنایانە سەر سەنگەری پاراستنی شکۆی قەڵەمی کورد و لە پشتەوە خەنجەریان لێ دا. ئەوانە قەڵەمی ئاڵی نووسەری کوردیان فڕێ دایە ژێر پۆستاڵی ڕژێمەوە، وەک چۆن موشیری حەمەی سڵێمان چاوساغی ئۆردووی ئینگلیز بوو بۆ سەر شێخی گەورە، ئەو چەند قەڵەمە لەرزۆکەیش، لە مەیدانی ڕۆشنبیریدا موشیرێکی تر بوون و قەڵای بازیانی ئەدەبی کوردییان تەسلیم بە شەفیق کەمالی و عەبدولئەمیر موعەلـلە کرد و خەرمانی وشەی کوردییان خستە بەردەم ڕەوەکولـلە.

لە کاتێکدا ئەو چەند نووسەرە تاوانبار دەکەین، ڕووی گلەیییش دەکەینە هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، چونکە لە شەڕێکی وەها نابەرانبەردا، ئێمەیان تەنیاباڵ لە شەڕگەدا بەجێ هێشت و تەنانەت بە چەند دروشمێکی سەر دیواریش لایان لە مەسەلەکەمان نەکردەوە، هەرچەندە زۆر لە پێشمەرگەکانیان دەرچووی قوتابخانەی کۆڕە ئەدەبییەکانی ئێمەن و خوێنەری بەرهەمەکانمانن. چ قەیدی با ئەمەیش دەرسێک بێت بۆ دۆستایەتیی لەمەودوای چەک و قەڵەم، بەڵام ئێمە کە باوەشی گەرموگوڕی میللەتەکەی خۆمان هەبێت، بێباکین و بەرەنگارین و هەر وایش دەمێنینەوە.

هەر وەک دەزانن نامیلکەی: (یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات)ی حەمەسەعید حەسەن لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ١٩٨٣دا بڵاو کرایەوە، دوای ئاگربەستی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و ڕژێم بە مانگێک، چەند نووسەرێک بە ناونیشانی: (یەکێتیی نووسەرانی کورد لە نێوان ڕاستی و درۆنامەدا،) و بە گیانی وتووێژی نێوان یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و ڕژێمی بەعسەوە، وەڵامی نامیلکەکەی حەمەسەعید حەسەنیان دایەوە. لە بەرگی پێشەوەی نامیلکەکەیاندا، وێنەی حەمەسەعید حەسەنیان بە ڕەنگی ڕەش کێشاوە و دوو هێڵی ڕاست و چەپیان بەسەردا هێناوە. لە بەرگی دوایشەوە، چی جوێن و ناو و ناتۆرەی ناشیرین دەزانن لە میعرێکدا پێیان داوە. تەواوی نامیلکەیەیش بریتییە لە جوێن و درۆ. ئێمە بەشێکی کەم لە درۆکانی ئەو چەند نووسەرەمان بەسەر کردووەتەوە، ئەمانەیش چەند نموونەیەکن لە جنێوەکانیان: (حەمەسەعید فشەهەڵوێست دەفرۆشێت و فوو دەکاتە خۆی و بوختانچییە و درۆزن و فشەکەر و فسفس پاڵەوانە، ئاوەکییە بە ڕەوشتی کوردەواری و جاشە و بە جاش چاک کراوە و کۆلکەشاعیرە و سەرشۆڕە و ڕقی لە شەهیدانە و زوو زوو کاژ فڕێ دەدات و کۆیلەیەکی زەلیلە و سووکە و ویژدانی ساردوسڕە و مێشوولەیە و فیڕنەگولەیە و دەیان جنێوی تر.)

ئێمە درۆکانی ئەوانمان بە بەڵگەی ڕاست و دروستەوە ڕەت کردووەتەوە، بەڵام چونکە دەستی شەڕەجنێومان نییە، وەڵامی جنێوەکانیان نادەینەوە. هەرچەندە حەمەسەعید حەسەن خۆی بە تەنیا بەسەرهاتی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کوردی گێڕابووەوە، کەچی ئەو چەند نووسەرە لە وەڵامەکەیاندا، هێرشی ناڕەوایان کردووەتە سەر بیست و دوو نووسەر و یەکە یەکە جنێویان بە هەموویان داوە و نەوشیروان موستەفایشیان لە مەسەلەکەوە گلاندووە. ئەگەر ئەوان تەنیا وەڵامی حەمەسەعید حەسەنیان بدایەتەوە و نەوشیروان موستەفایش تێکەڵی مەسەلەکە نەبووایە، ئەوا نەک هەر وەڵاممان نەدەدانەوە، بەڵکوو پێشمان خۆش دەبوو، بەڵام ئەوەی ئێمە پێمان خۆشبوو، جیاوازبوو لەوەی ڕووی دا. لەگەڵ ئەمانەیشدا شوێنپێی ئەوانمان هەڵنەگرتووە و وەک ئەو چەند نووسەرە جنێومان نەداوە و درۆیشمان نەکردووە، چونکە لایەنی کەم پێویستە، ئەدیب بەئەدەب بێت و لەگەڵ خۆی و خەڵکیشدا ڕاستگۆ بێت.

حەمەسەعید حەسەن لە شاخ، لە شوێنێکی دوورەدەست و بە تاقی تەنیا نامیلکەکەی خۆی نووسی، بەڵام نامیلکەکەی ئەوان لەپاڵ کتێبخانەدا و بە هەرەوەز نووسرا، کەچی نە بەڵگەی سەلمێنەریان دەست کەوتووە، نە توانیویشیانە جڵەوی هۆش و سۆزی خۆیان توند ڕابگرن، بەڵکوو بە هەر چوار لادا، پەڵیان گرتووەتە ئەم و ئەو. ئێمە لەم نامیلکەیەماندا، لە شوێنی خۆیدا دەستمان بۆ سەرچاوەکان ڕاکێشاوە و لێپرسراوین بەرانبەر وشە بە وشەی و شانمان داوەتە بەر. با ئەوەیش زانراو بێت، کە هێشتا لێفەمان لەسەر هەتیو هەڵنەداوەتەوە و زۆر بەڵگەی تفتوتاڵ، لەسەر پێوەندییە گوماناوییە هەمەلایەنەکانی ئەو تاقمە نووسەرە دەزانین و لە زۆر شوێندا، لە قافدا گرتوومانن، بە جۆرێک هەرگیز ناتوانن نکووڵیی لێ بکەن، بەڵام جارێ با ئەو حیسابەیان بمێنێت. چ خوێنەرێکی هێژا گومانی لە ڕستەیەک لە ڕستەکانی سەراپای ئەم نامیلەکەیە هەیە، با لەسەر ڕێگا و چایخانە و لە کاتی فرمانیشدا یەخەمان پێ بگرێت و داوای سەرچاوە و بەڵگەمان لێ بکات، ئەوسا حوکمی عادیلانەی خۆی بدات، کێ تاوانبارە، ئەوانەی ئۆباڵی نسکۆی یەکێتیی نووسەرانی کوردیان لە ئەستۆدایە، یان ئەوانەی داکۆکییان لە یەکێتیی نووسەرانی کورد کرد؟

دەستەیەک لە نووسەرانی کورد
١٩٨٤