كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
دیار عه‌زیز 23/08/2021

لە ئیسلامییەكان گەڕێن، بەڵام شاسوار عەبدولواحید بۆ كەوتووەتە سەما؟

لەوەتەی ڕووداوەكانی ئەفغانستان ڕوویان داوە، بە تایبەتیش پاش داگیركردنی كابوولی پایتەخت لە لایەن بزووتنەوەی تاڵیبان كە گرووپێكی تیرۆریستییە و پێشتر لە لایەن خەڵكی ئەو وڵاتەوە تاقی كراوەتەوە و هەموان دەزانن چۆنە! زۆبەی حزب و سەركردە ئیسلامییەكانی كوردستان حەماسێكی لەڕادەبەر گرتوونی.

ئەگەر لە گۆشەنیگایەكی لۆژیكییەوە سەیری ئەم شاگەشكەبوونە بكەین، راستییەكەی ناتوانین لۆمەی ئیسلامییەكان بكەین، چونكە ئەوان گرووپگەلی ئیسلامی سیاسین و هەندێكیان هەستی توندڕەویشیان تێدایە هەروەك لە كۆمەڵی ئیسلامیدا بینیمان لە ڕۆژانی شەڕی داعش هەر ڕۆژەی بە پاساوێك دەیانویست پێشمەرگە لە شەڕكردن سارد بكەنەوە.

ئەو ئیسلامییانە كە دەبینین گرووپێكی ئیسلامیی توندڕەو بووەتە دەسەڵاتدار، ئومێدیان بەوەیە بەشكم ئەو گرووپە ببێتە باوكێك و دەستیان بەسەردا بێنێت، چونكە ئیسلامییەكان لە بنەڕەتدا لە هەناوی كۆمەڵگەی كوردیدا هەڵنەقووڵاون، بەڵكوو پڕۆژەیەكی دەرەكی بوون و لە سەرزەمینەكانی دیكەوە بۆ ئێمە گوازراونەتەوە و هەرگیزیش نابن بە بەشێك لە كۆمەڵگەی ئێمە و رەگوریشەشیان نیە، هەر بۆیە دەبینین بە هەموویان رێژەیەكی ئەوتۆیان لە كورسییەكانی پەرلەماندا نییە كە بتواندرێت حیساباتی لەسەر دابنرێت!

با لە ئیسلامییەكان بگەڕێین، ئەوەی جێی سەرنجە، حزبۆكەیەك هەیە بە ناوی (نەوەی نوێ) كە خوا هەڵناگرێ تا ئێستا كەس نازانێت ئەو حزبە ئەسڵەن شێوەی چۆنە و هەیكەلیەكەی چییە؟ تەنیا دەزانین كاتێك خاوەنی حزبەكە بەرژەوەندیی بخوازێت، بەیاننامەیەكی بەناوەوە دەردەكرێت. خاوەنی ئەو حزبەش شاسوار عەبدولواحیدە كە (هەموومان بەوە دەیناسین بازرگانێكە دەیان ملیۆن دۆلاری خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان قەرزارە). ئێستا بە ناوی ئەو حزبەوە بەیاننامەیەك دەركراوە و تێیدا هاوشێوەی ئیسلامییەكان، باسی ئەگەری ڕوودانی هەمان دۆخی ئەفغانستان لە هەرێمی كوردستانیش كراوە!

جارێ با لەوە بگەڕێین كە چ شتێك وای كردووە شاسوار عەبدولواحید هاوشێوەی ئیسلامییەكان بە هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان بكەوێتە سەماكردن، چونكە دەزانین شاسوار كەسێكی دەستبڕ و پۆپۆلیستە و هەموو شتێك بۆ موزایەدە و سینگ دەرپەڕاندن بەكار دەهێنێت! بەڵام پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە، ئایا شاسوار بە چ ڕوویەكەوە تۆمەت بۆ خەڵكی تر دەبەخشێتەوە؟ با بزانین شاسوار خۆی چەند تۆمەتی راستەوخۆی ئاراستە كراوە كە هێشتا یەكلا نەكراونەتەوە:

- زیاتر لە دە هەزار كەس كە خاوەن پشكی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاندن، لە ساڵی ٢٠١٣ەوە زیاتر لە سی ملیار دیناریان بە ناوی كڕینی پشك بە شاسوار عەبدولواحید داوە، ئەوان بڕیار بوو بەپێی پشكەكانیان قازانجیان پێ بدرێت، بەڵام لەم هەموو ساڵەدا تەنیا یەك دوو جار قازانجی پشكەكانیان پێ دراوە ئەویش بە گوتەی بەرپرسانی كۆمپانیاكانی سەر بە شاسوار، بەشێكی زۆری پارەكە بە كاش بە خاوەن پشكەكان نادرێت، بەڵكوو كارتی یاریی چەرخو فەلەك و خلیسكێنە و تەلەفریكیان پێ دەدەن تا بۆ خۆیان بچن لە چاڤی لاند یاری بكەن!

- زیاتر لە ١٠ ساڵە و لەو كاتەی كە بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، شاسوار عەبدولواحید بەناوی وەبەرهێنانەوە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دۆلاری قەرز لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، لە بەرامبەردا پڕۆژەی گوندی ئەڵمانی لە سلێمانی لە جێگەدا رەهن كردووە كە خانووەكانی نێو پڕۆژەكەشی بە خەڵك فرۆشتووە، ئێستا بەپێی یاسای چاكسازی دەتواندرێت دەست بەسەر پرۆژەكەدا بگیرێت، بەڵام لەمەشدا خەڵكی كە خاوەنی یەكەكانی نیشتەجێبوونی پرۆژەكەن زەرەرمەند دەبن.

جا بەهۆی كەڵەكەبوونی سووی ئەو قەرزەی بەر شاسوار كەوتووە، ئێستا سەرجەمی قەرزەكە بۆ زیاتر لە حەفتا ملیۆن دۆلار بەرز بووەتەوە و شاسواریش بەوپەڕی بێشەرمییەوە نەك هەر قەرزەكە ناداتەوە، بەڵكوو دەڵێت ئەگەر قەرزار بم بۆچی نامگرن؟ لە كاتێكدا باش دەزانێت بەپێی یاسا كارپێكراوەكان، هیچ كەسێكی قەرزار كە لە یاسای شارستانیدا بە ”مدین“ ناو هێندراوە، نابێت لەسەر ئەوەی قەرزارە بگیرێت، تەنیا چەند حاڵەتێك هەیە كە ئەگەر هاتنە دی، دادوەری دەتوانێ یەك جار بۆ ماوەی چوار مانگ ئەو كەسە دەستگیر بكات، شاسوار خۆی دەزانێت مەرجەكان لەودا نین كە یەكێك لەو مەرجانە ئەوەیە كە دەبێت ئەو كەسەی قەرزارە هیچ بڕە پارەیەكی نەبێت بۆ دانەوەی قەرزەكەی!

- كەیسێكی دیكەی گەورەی شاسوار عەبدولواحید، بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە بۆ نانەوەی ئاژاوە، ئاسایشی سلێمانی پێشتر بە فەرمی دەستگیركردنی باندێكی سەر بە شاسواری راگەیاندووە و دانپێدانانیشیان لە كەناڵەكاندا بڵاو كرایەوە، كەچی دواتر كەس نەیزانی كەیسەكە چۆن دیزەبەدەرخۆنەكرا و داخرا!

- یەكێك لە كەیسە هەرە گەورەكانی شاسوار كە لە مێژووی سیاسەتی هەرێمی كوردستاندا ڕووی نەداوە، بابەتی هەڕەشەكردنی شاسوار عەبدولواحید بوو لە خانمە پەرلەمانتارێكی سەر بە فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان كە دواتر وازی لەو فراكسیۆنە هێنا. ئەو ژنە پەرلەمانتارە خۆی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی شاسوار بە نهێنی كامێرای بۆ داناومەتەوە و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوم لێ دەكات. هەرچەندە دادگا چەندان ڕێكاری گرتە بەر، بەڵام ئەو كەیسەش وەك كەیسەكانی دیكەی شاسوار بێدەنگیی لێ كرا و باسی نەكرایەوە!

وا باشە شاسوار عەبدولواحید لە جێگەی چوونە پاڵ میدیای ئیسلامییەكان و هەوڵدانی بۆ ترساندنی خەڵكی كوردستان بەوەی هەمان دۆخی ئەفغانستان لێرەش دووبارە دەبێتەوە كە منداڵێكیش دەزانێت ئەمە راست نییە و هەرێمی كوردستان هەرگیز نابێتە ئەفغانستان لەبەر دوو هۆكاری سەرەكی، (یەكەمیان ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان هێزێكی قارەمانیان هەیە بە ناوی پێشمەرگە كە سەرۆك بارزانی رابەرایەتییان دەكات و بە مۆتەكەی سەر دڵی تیرۆریستان و میلیشیا تاریكپەرستەكان و نەیاران ناسراون. دووەمیشیان خەڵكی كوردستان خاوەن دۆز و خاوەن ئیرادەی خۆیانن و پشتیان بە خۆیان بەستووە و لە خراپترین ساتەكاندا ئامادە نین خۆیان بدەنە دەست قەدەرێكی نادیار)، بۆیە با شاسوار بڕوات مشوورێكی ئەو هەموو كەیسەی خۆی بخوات كە وەك قەرزەكان لەسەری كەڵەكە بووە، چونكە ئەوانەی كەیسەكانیان بۆ دادەخست و لە ژێرەوە پارەی دزراوی داهاتی سلێمانییان دەخستە گیرفانی شاسوارەوە، ئەوەتا خۆیان لەبەردەم دادگادا نازانن قوڕی كوێ بەسەریاندا بكەن!