بۆ یەکەمجار دواى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا شاندێکى بازرگانى کوردستان بەشدارى لە پێشانگایەکى پاریسدا دەکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بۆ یەکەمجار دواى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا شاندێکى بازرگانى کوردستان بەشدارى لە پێشانگایەکى پاریسدا دەکەن

 

سەرۆکى یەکێتى هاوردە و ناردنکارانى کوردستان رایگەیاند بۆ یەکەمجار دواى بڵاوبوونەوەى کۆڕۆنا شاندێکى هاوبەشى بازرگانى کوردستان بەشدارى لە پێشانگایەکى بیناسازى لە وڵاتى فەرەنسا دەکات.

مستەفا شێخ عەبدولرەحمان سەرۆکى یەکێتى هاوردە و ناردنکارانى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "لەسەر بانگهێشتى فەرمى وڵاتى فەرەنسا و بۆ یەکەمجار دواى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا، شاندێکى هاوبەشى بازرگانى هەرێمى کوردستان، کە پێکهاتووە لە بازرگانانى هەرسێ پارێزگاکەى هەرێم سەردانى وڵاتى فەرەنسا دەکەن، بەمەبەستى بەشداریکردن لە پێشانگایەکى تایبەت بە بوارى بیناسازى".

راشیگەیاند: "پێشانگاکە لە پاریسى پایتەخت دەکرێتەوە و تایبەتە بە کەرەستەکانى بیناسازى و تەلار سازى و تەکنەلۆژیاى تایبەت بەو بوارە و کەرەستەکانى ناوماڵ، ئامانجى شاندەکەى کوردستان ئاشنابوون و وەرگرتنى ئەزموونى پێشکەوتووى ئەو وڵاتە لە رووى بیناسازییەوە، دروستکردنى پردى پەیوەندى لە نێوان فەرەنسا و کوردستان ئامانجێکى دیکەى سەردانەکەیە بۆ پاریس".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد، وڵاتى فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەى کە پەیوەندییەکى بەهێزى ئابوورى و بازرگانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە، بەتایبەت لە بوارى کەرەستەى بیناسازى و کەرەستەى ناوماڵ، فەرەنساش یەکێکە لەوڵاتە پیشەسازییە گرنگەکانى جیهان بۆیە بۆ کوردستان گرنگى خۆى هەیە و پێویستە هەموولایەک گرنگى بەم پەیوەندییانە بدەین لە پێناو بەهێزکردنى پەیوەندییە بازرگانییەکانى نێوان هەردوولا.