ئەو بۆ تۆ دەم دەبێت و تۆش بۆ ئەو خودا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەبار جەمال غەریب 22/08/2021

ئەو بۆ تۆ دەم دەبێت و تۆش بۆ ئەو خودا

ئەوە وتەی خودایە، ئەوە هەناسەی ئەدەب و داهێنان و گەمەی زمان و بیرە.
خودا دەفەرمووێ:
{ئەو بۆ تۆ وەك دەم دەبێت و تۆش بۆ ئەو وەك خودا}
ئەدەب بوێرییە، خوداش گەورەترین بوێریی هەیە، كەواتە خودا گەورەترین ئەدیبە.

بابەتێك لە ژیانی مووسادا هەیە، بە ناوی نیشانە بۆ مووسا، دەشتوانین ناوی بنێین موعجیزەكانی مووسا وەك پێغەمبەر. خودا ئەوەندە لە مووساوە نزیكە تا ڕادەی هاوڕێیەتی، بۆ نموونە، كاتێك خودا داوا لە مووسا دەكات بچێتە لای فیرعەون، كە ناكرێت هەرگیز ڕەت بكرێتەوە، مووسا دەڵێت: من كێم هەتا بچمە لای فیرعەون؟

دواتر كە خودا هێز و موعجیزەشی دەداتێ، دیسانەوە مووسا ڕوو دەكاتە خودا و دەڵێت:
- ئەی پەروەردگار، من پیاوی قسە نیم.
مووسا بیانوو دێنێتەوە بۆ ئەوەی نەچێت، بۆیە دیسانەوە دەڵێ:
- ئەی پەروەردگار ببوورە، كەسێكی دیكە بنێرە.
ڕاستە مووسا لە قسەكردندا زمانی دەیگرێ، بەڵام كەسێك خودا دەستنیشانی كردبێ، تەنیا دەتوانێ ملكەچی بێت و تەواو.

نیشانەكانی مووسا
مەبەست لە نیشانەكان، ئەو هێز و توانا لە سنوور بەدەرەیە كە خودا دەیداتە مووسا یان هەر نێردراوێكی دیكە. ئەوانەی دواتر ناوی موعجیزەیان لێ نرا و زانست پێیان دەڵێت سەرووی سروشت و میتافیزیكا، واتا ئەو هێز و توانایەی لە دەرەوەی هەموو یاساكانی فیزیا و سروشتەوەیە.
خودا بە یەك جار و پێشوەخت سێ نیشانەی گەورە و دیار دەداتە مووسا، كە ئەو بەخشینە دواتر لە ژیانی هیچ پێغەمبەرێك، بەو ئەندازەیە، دووبارە نابێتەوە.

هەرسێ نیشانەكەی مووسا
یەكەم: گۆڕینی گۆچان بۆ مار
مووسا وەڵامی دایەوە:
- ئەگەر بڕوایان پێ نەكردم و گوێیان لە قسەكانم نەگرت و گوتیان یەزدانت بۆ دەرنەكەوتووە.
یەزدانیش پێی فەرموو:
- ئەوە چییە لە دەستت؟
ئەویش گوتی:
- گۆچانە.
فەرمووی فڕێی دە سەر زەوی:
مووساش گۆچانەكەی فڕێ دایە سەر زەوی و بوو بە مار، ئیتر مووسا لەبەری هەڵات. ئینجا یەزدان بە مووسای فەرموو:
- دەست درێژ بكە و كلكی بگرە.
جا دەستی درێژ كرد و گرتی، بووەوە بە گۆچان لە دەستیدا.

. زانست و فیزیا دەڵێن پێكهاتەی گۆچان و پێكهاتەی مار زۆر لەیەكتر جیاوازن. مار لە ئاو و خانە و گۆشت و ژەهر و سەدان مادەی دیكە پێكدێت، گۆچان تەنیا لە ریشاڵی دار و تەختە پێكدێت.
. تاكە لێكچووی نێوان مار و گۆچان شێوەیانە، بیری خەلقكردن تەنیا لێكچوونیانی كردووەتە بابەتی داهێنانەكەی، بەشی سەرەكیی داهێنانەكەی بە ئەفسانە سپاردووە، ئەویش گیان بەبەرداكردنیەتی. ڕۆحی ئەفسانە لەو جووڵەیەوە دێت كە دەخرێتە بەر دار و بەرد و بێگیان.

دووەم: نەخۆشخستن و چاككردنەوەی نەخۆشی
هەروەها یەزدان پێی فەرموو:
- دەست بخەرە ناو باخەڵت.
ئەویش دەستی خستە ناو باخەڵی و دەریهێنایەوە، بینی دەستی گول بووە، وەك بەفرە.
ئینجا فەرمووی:
- دەست بخەرەوە ناو باخەڵت.
ئەویش دەستی خستەوە ناو باخەڵی، ئینجا لەناو باخەڵی دەریهێنایەوە، بینی وەك هەموو بەشەكانی لەشی لێ هاتووەتەوە.
جگە لەوەی یەزدان بۆ مووسا دەركەوتووە كە ئەوە گەورەترین پاڵپشتیكردنی پەیامبەرە، توانای دووەم موعجیزەشی دەداتێ. ئەویش چاككردنەوە دەردە گولییە.

چیرۆكە ئەفسانەییەكان و موعجیزە ئایینیەكان جەستەی مرۆیان كردووەتە بابەتی باوەڕهێنان و عەقیدە. جەستەی مرۆڤ بووەتە جێگای سەلماندنی توانا و دەسەڵاتی سەرووی سروشت.
- ئایا ئەوە ڕەوایە تەنیا لە سەردەمێك و چەند كەسێك سوودمەند بن لەو توانا گەورەیەی یەزدان؟
- ئایا ئەوە بەشێك نییە لە ترساندن و سەرلێشێواندن، نەخۆشكردن و چاككردنەوەی؟

سێیەم: موعجیزە یان نیشانە بۆ مووسا، گۆڕینی سیفەتی ئاوە بۆ خوێن.
یەزدان فەرمووی:
- ئەگەر بڕوایان بەو نیشانەیە نەكرد و گوێیان لە قسەكانت نەگرت، ئەوا تۆ هەندێك لە ئاوی نیل دەبەیت و لەسەر وشكانی دەیڕێژیت، ئیتر ئەو ئاوەی لە نیلەوە دەیبەیت، لەسەر وشكانی دەبێتە خوێن.

ئامانج لەو سێ نیشانەیە:
. تاكە ئامانجی یەزدان ڕزگاركردنی گەلەكەیەتی، ئیسرائیل، وەك تەورات ئاماژەی پێ داوە لە سزا و ئازار.
. لەو پێناوەشدا هەوڵی زۆر دەدات، چیرۆكی مووسا، لەدایكبوون و گەورەكردنەكەی، ڕزگاركردن و هێنانی بۆ خاكی پیرۆز، دوای ئەوانە دەركەوتنی بۆ مووسا و بەخشینی ئەو هەموو نیشانە و موعجیزانە، هەموو ئەوانە بۆ ڕزگاركردنی گەلەكەیەتی، نەك دروستكردنی دادپەروەری. ئەوەش تەنیا دەچێتە خانەی پەسەندكردن و مەزنكردنی گەلێك بەسەر تەواوی گەلانی دنیادا.

. ئایا پێویست بوو بۆ ڕزگاركردن و گەورەكردنی مووسا ئەو هەموو منداڵە بكوژرێن، تا نیشان بدرێت یەزدان مووسای بە هۆی سندووقێكی پووشەوە ڕزگار كردووە؟
. ئایا دەركەوتنی خودا نەدەكرا هەر لە میسر بێت و پێویست نەبێ مووسا كەسێك بكوژێ و هەڵێ؟
. پرسیاركردن لە خولقێنەری ئەفسانە و دین كارێكی بێسەمەرە، هەرگیز ناتوانی گلەیی لە هەبوونی دوو چاو و سەرێك بكەی، هەر وەك چۆن ناتوانی پرسیار لە دووریی نێوان زەوی و ئاسمان بكەی.

. تەنیا ئەوە قبووڵ دەكەی كە هەیە، قبووڵمان كردووە مووسا پیاوێكی تایبەتە، هەڵبژاردەی خودایە، بە خۆی و سێ موعجیزەوە، بە فەرمانی خودا دەگەڕێتەوە بۆ میسر بۆ ئەوەی گەلەكەی خودا ڕزگار بكات. هەموو ئەوەی من بەدەوریدا دەسووڕێمەوە ئەو توانا گەورەیەی خالقە لە داهێنانی چیرۆكدا كە تا ئێستا كەس هاوشانی نەبووە.