كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

خانمە نووسەرێک: فەرهەنگێکی نۆ بەرگیی تایبەت بە ڕەنگم ئامادە کردووە

سەحەر موعێزی: نووسەر دەبێ ڕاستبێژ بێت و زمان بۆ هیچ دەسەڵاتێک نەخاتە لا

سەحەر موعێزی، شاعیر، توێژەر و فەرهەنگنووس کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە بواری ئەدەبی کوردیدا چالاکە و هاوکات ماوەی ١٣ ساڵە سەرقاڵی نووسینی فەرهەنگی ئینسکلۆپێدیای ڕەنگی کوردی (پازار)ە کە نۆ بەرگە و ئێستا لە قۆناغی دیزاین و چاپدایە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ (باسنیوز) تیشکی خستە سەر چالاکییە ئەدەبییەکانی و وردەکاریی پرۆژەی فەرهەنگەکەی خستە ڕوو و وەڵامی چەند پرسیارێکی (باسنیوز)ی دایەوە.

(باسنیوز)– لە سەردەم و دۆخێکدا کە گوتاری زاڵی شیعر لە کزبووندایە و سۆسیال میدیاش جێگەی میدیای کاغەزیی گرتووەتەوە، پێگەی شیعری کوردی چۆن دەبینن، ئایا لە وەها ڕەوشێکدا شیعر چۆن جێگەی خۆی دەکاتەوە؟

سەحەر موعێزی: قسەی بەنرخ و کاریگەر دەنگدانەوەی خۆی هەیە. شیعریش لە قسە بەدوور نییە، بەڵام قسەیەک کە زانست و دوابینی و زمان و جوانکاریی لەگەڵدایە. میدیا بۆی هەیە هاوارێک کە لە گەرووی شیعر دایە، خێراتر و باشتری بگەینێتە گوێی خەڵک و ڕوونتر بینوێنێ. تەنانەت خەڵکانی دیکەی دنیا لەم بەردەنگبوونەدا بەشدار بکات. شیعری ئێستای کوردیش دوور لەم ڕەوتە نییە و لەگەڵ بەرزبوونەوە و دابەزینیدا، دەنگێک وەکوو سۆشیاڵ میدیای هەیە.

(باسنیوز)- خۆت لە دنیای ئەدەب و بەتایبەت شیعردا دەتهەوێ چ پەیامێک بگەیەنیت؟

سەحەر موعێزی: شاعیر، یان هەر نووسەرێک دەبێ دەنگی کۆمەڵگەی خۆی بێ. گەروویەک بێ بۆ هاواری گشتی و پیشاندانی دەردەکانی کۆمەڵگەی. کە من دەڵێم شیعری نان، هەموان تێبگەن مەبەستم خەمی نانە و بەردەنگەکەم هەتا کۆڵبەری و منداڵی کارکەر و خۆکوژی ‌_ لەبەر برسێتی و...ی تێدا بخوێنێتەوە. کە دەڵیم کۆڵبەر بەردەنگەکەم خەمی نان و کەلبوونی یاسا و هەرزانبوونی گیانی مرۆڤ و...ی لە پێناودا بخوێنێتەوە. قەڵەمی نووسەر، یان شاعیر نوێنەری خەڵکە کە دەتوانێ باشتر لە هەر پەرلەمانتارێ دەنگی خەڵکەکەی بە گوێی ئێستە و داهاتوو بگەینێت. قەڵەمی نووسەر، یان شاعیر مێژوونووسە و دەبێ ڕاستبێژ بێت و زمان بۆ هیچ دەسەڵاتێ نەخاتە لا و لەبەر هیچ مەقام و پارەیەکدا خۆی نەبەزێنێت.

 (باسنیوز)وەک خۆت چۆن دەڕوانیتە ئەو ڕەوت و شەپۆلە شیعرییانەی لە مەیدانی شیعری نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە ڕۆژەڤدان؟ دنیا خەمە گشتی و خەمە تاکەکەسییەکان لە ئەندێشە و جیهانبینیی شاعیر لە شیعری هاوچەرخ چۆن دەبینی؟ دەروەستبوون (متعهد بودن) لە شیعر لە هەمبەر پرسەکانی کۆمەڵگە بۆ شاعیر گرنگە؟

سەحەر موعێزی: لەنێو شیعری تازەی ڕۆژهەڵاتدا، زۆر کەم حوزووری بەردەنگێک دەبینرێت. وا هەست دەکەی شاعیر شیعری بۆ خۆی گوتووە و زۆربەی جار بەس خۆی چێژی لێدەبا. ئێستە باوە دەڵێن: گرینگ نییە بەردەنگ لێی تێبگات یان نا؟ ئەی شیعر بۆ کی دەنووسرێت؟ بەرپرسایەتیی شیعر چییە؟ باس لەسەر هەندێ بابەت وەکوو بە زۆر تێخستنی وشەی بێگانە و بەناییکردنی ڕستە و وشەکان ناکەم، بەس لێرەدا باسم ناوەرۆکە. شیعر دەبێ کەڵکەڵە بێ. کەڵکەڵەی چێژ یان دەرد، چاکی یان خراپی، فامین یان نەفامی و... شیعر ئاوێنەیەکە خەڵکی خۆیان و خۆشی و دەردەکانیان تێیدا ببیننەوە. دەنگی گشتییە نەک تاک. شیعر کەڵکەڵەی کۆن و نوێیە لەنێو زمانێکی تازەدا. لەنێو شێوازی وتنی تازە و داڕێشتنێکی نوێدا. شیعر حورمەتە بە فامی بەردەنگ. شیعر دەبێ هەڵخڕێنەر بێ نەک خەوێنەر، یان هەڵتخڕێنێت و بتباتە مەیدان و سووڕت بدا و لەوێدا بەجێت بێڵێ. شیعر دەبێ کۆمەڵگە پەروەردە بکات. ئینجا ئەم کۆمەڵگەیە بەردەنگی تۆیە و دەبێ لە زمانت تێبگەن.

 (باسنیوز)- نیشتمان لە شیعری جەنابت وەک ژنە شاعیرێکی کورد خاوەن چ پیگەیەکە؟

سەحەر موعێزی: نیشتمان خۆشەویستی شیعری منە و لە زۆربەی شیعری نوێ و بەتایبەت غەزەلەکانمدا ماشقەی من لێیاندا نیشتمانە.

دارقەواخم لەو موژەی تۆ بێ ئەوەی حوکمم درێ/ بۆ هەواداری لە ئاخێکم سزا وا نادرێ

من لە کۆماری نیگای تۆ شۆڕشی نازم ئەکرد/ تا سیاسی بێ سزای خەم عەفووی چاوت ناگرێ

گەر دەبێ پێشمەرگە دەمرم تاکوو قەندیلی لەبت/ تاکوو قەن دیلی لەبت بێ، ئەم خەباتە نامرێ

لەم بەشە لە غەزەلێکم باسی خۆشەویستیی نیشتمان دەکەم و ئەو یاسا و کەند و کۆسپانەی کە لەپێناوی ئەم خۆشەویستییەدا تووشی هەر دڵدارێکی دەبێ. من بۆ خۆم چونکە خوێندنم لە لقی یاسادا هەبووە، هەوڵم داوە یاساکانی کۆمەڵگەکەم لەنێو ئەم غەزەلە و هەندێ غەزەلی دیکەدا بگونجێنم. واتە بەردەنگی من خەڵکی هەر وڵاتێک بێ، یاسا و ڕێسای کۆمەڵگەی من تا ڕادەیەک بەرانبەر بە کەسێک کە نیشتمانەکەی خۆشدەوێت و وەکوو تاوانێک سەیری دەکرێت، دەبیستێ.

(باسنیوز)- یەک لەو شاعیرە ژنانەی ڕۆژهەڵاتی کە لە قالبی غەزەلدا شیعر دەنووسی، نێوانت لەگەڵ ئەم قالبە شیعرییە کە لای شاعیرانی رابردووی کورد پێگە و سەنگی تایبەتی هەبووە، چۆنە و چۆن دەڕوانیتە ئەم ڕەوتە نوێیەی غەزەل لە ڕۆژهەڵات؟

سەحەر موعێزی: من بۆ خۆم لە زۆربەی قاڵبە شیعرییەکاندا و بەتایبەت شیعری نوێ دەنووسم و بڕوام هەیە کە نووسین لە قاڵبی نوێدا نابێ لەبەر نەزانین و دەرچوون لەدەستی شیعری کلاسیک بێت. بنەڕەتی هەر بینایەک دەبێ قورس و قایم بێت. کە من ژێری بنەڕەتەکەم چۆڵ بێ، سوودی چییە چەند قاتی‌تر لەسەری دروست بکەم؟ لە ڕەوتی نوێی غەزەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبینین لەنێو قاڵبێکی کۆندا دەردی نوێ و باسی نوێ دەوترێتەوە و جلی تازەی لەبەر دەکرێت و بیر و کەڵکەڵەی تازەی پێ دەبەخشرێت. کەچی لە کۆڕە شیعرییەکانیشدا بەردەنگ و خوازیاری زۆری هەیە.

(باسنیوز)- چەند ساڵێکە جیاواز لە نووسینی شیعر و ئەدەب، سەرقاڵی نووسین و لێکۆڵینەوەی لەبارەی فەرهەنگی ڕەنگ لە کوردستان، تکایە باسی وردەکاریی ئەم پرۆژەیەتان بکەن، چۆن بیرت لێ کردەوە و ئێستا لە چ قۆناغێکدایە؟

سەحەر موعێزی: ئەو فەرهەنگەی من، فەرهەنگی تایبەت بە ناوی ڕەنگە لە کوردەواریدا. بۆ ماوەی ١٣ ساڵە خەریکی کۆکردنەوە و نووسینی ئەو ناوانەم و تا ئێستا زێدەتر لە ٧٤ هەزار ناوی ڕەنگی کوردەواریم کۆ کردووەتەوە. لەم فەرهەنگەدا ناوی ڕەنگەکان جگە لە کوردی بە سێ زمانی دیکەش واتە و ئینگلیزی و فەرەنسی و فارسی هاتوون.

ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ فەرهەنگێکی ٩ بەرگییە و تایبەت کراوە بە وشە و ناوگەلێک کە لە کوردەواریدا بۆ ڕەنگی  ئەڵێنەوە. له‌ڕێگەی گه‌ڕان له‌نێو شار و گوند و خێڵ و زاراوه‌ و بنزاراوەكانی كورده‌واریدا، هه‌روه‌ها له‌ڕێگەی تاوتوێكردنی كتێبه‌ كوردییه‌كانەوە كۆ كراوه‌ته‌وه‌. ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆ یەکەمجار ئەنجام دراوە، بۆیە پرسیارنامە و شێوەی پرسین و تاوتوێکردنی ڕەنگەکانم بۆ خۆم دامڕێشتوون. پرسیارنامەکەم بە سێ شێوەی جۆراوجۆر نووسیوە، هەروەها پرسیار و توێژینەوەکانم بۆ هەر توێژ و کۆمەڵگەیەک بە چەند ڕزنی جیاجیا دابەش کردووە:

١. ڕزنی نەخوێندەوارانی هەر خێڵ و زاراوە و ناوچەیەک، ٢. خوێندەوارەکانیان، ٣. ژنانی بەتەمەنی ئەو کۆمەڵگەیە،٤. ژنانی نیوەساڵ و لاو، ٥. پیاوانی بەتەمەنی ئەو کۆمەڵگەیە، ٦. پیاوانی نیوەساڵ و لاو. (هەوڵم داوە ڕێژەی ژن و پیاو بە یەک ئەندازە بخەمە بەر لێپرسینەوەوه، بەڵام زۆربەی ئیش و لۆرەکان تایبەت بە ژن و زۆربەیان تایبەت بە پیاو بوو)، ٧. تەونەگەرەکان ٨. بێریڤان و شوانەکان ٩. چێوار (فرۆشیاری ئاژەڵ) ١٠. خومگەر و ڕەنگێژەکان ١١.مەیتەرەوانەکان ١٢. گاوانەکان ١٣.ئاژەڵداران١٤. کۆتربازەکان ١٥. مریشکدارەکان (بەخێوکارانی پەلەوەر) ١٦. گیاناسەکان١٧. نووسەرەکان، ١٨. قوماشفرۆشەکان، ١٩. بەرگدرووەکان (بۆ جلی ژنانە و پیاوانە)، ٢٠. فلکلۆربێژەکان،٢١. ڕازوێژەکان (حیکایەتخوانەکان)، ٢٢. بەیتوێژەکان،٢٣. وێنەکێشەکان و٢٤. ڕەنگفرۆشەکان.

تەنانەت لەنێو ئەو بنەماڵانەی کە لە هەر خێڵێکدا بە کۆچەر ماونەتەوە، یان هێشتا گەرمێن و کوێستان دەکەن (کۆچەر)ن و ئەو دەوارنشینانەی کەلە هەندێ خێڵدا ماونەتەوە، ئەم ٢٢ ڕزنەم جیا کردۆتەوە. لە هەر ڕزنێک ٢ تا ٦ کەسم دیاری کردووە و پرسیارنامەکانم بە هەر ٣ شێوە لێیان پرسیوەتەوە. من بۆ خۆم زەمانێ تەونەگەر بووم و ناوی ڕەنگەکانم بە کوردی دەزانی و زۆر ئۆگری ناوی ڕەنگ بووم و ئەمە خۆی پلەیەک بوو بۆ بیرکردنەوە لەسەری و ببێتە هۆی ئەوەی حەز بە کۆکردنەوەی ناوی ڕەنگەکان بکەم.

 (باسنیوز)- پێگەی فەرهەنگنووسی لە کوردستان چۆن دەبینی؟ جیاوازییەکانی "وشەدان و فەرهەنگنووسی" لە چیدا دەبینی و بە ڕای جەنابت خەسارناسیی ڕەوتی فەرهەنگنووسی لەلای کورد کامانەن؟

سەحەر موعێزی: فەرهەنگنووسین، نزیکەی ٣١٠ لەمەوپێش و لە (ئەحمەدی خانی)ی نەمرەوە لە کوردەواریدا دەستی پێکردووە. ئێمەی تاک و تەنانەت نووسەری خودی کتێبەکانیش ناوی زۆربەی ئەو وشەنامە و فەرهەنگانەمان هەر بە فەرهەنگ ناوزەد کردووە، بەڵام فەرهەنگ بۆ خۆی دیاردە و نیشانەی تایبەتی هەیە و لە وشەنامەی جوێ دەکاتەوە. فەرهەنگ ئاسەوارێکە کە هەڵگری هەندێ سەروشە، یان لێمایە کە بەپێی ئەلفوبێ دەنووسرێت و بۆ دروست خوێندنەوەی دەبێ لە تەنیشتی سەروشەکاندا بۆ پیشاندانی فۆنۆتیک و بێژەکردنی وشەکان، لەڕووی ئەلفوبێی نێونەتەوەیی( Ipa)یەوە پێناسە بکرێت. تەنانەت ئەگەر فەرهەنگەکە یەک زمانەش بێت، چونکە ئەو کەسانەی کە سەر بە زاراوە و بنزاراوەکانی ئەو زمانەن، ڕەنگە لەو سەروشە تێنەگەن و بۆیان نەخوێندرێتەوە. هەروەها لایەنی ڕێزمانیی سەروشەکان دەبێ لەبەرچاو بگیردرێت و جێگە و پێگەی ئەو وشە لەنێو ڕستەدا دیاری بکرێت. پاشان دێینە سەر شرۆڤەکردنی سەروشەکان. لێرەدا مەبەست لە هێنان و نووسینی ئەو سەروشەیە دەردەکەوێت و ماناکەی بۆ بەردەنگ لێک دەدرێتەوە. ئینجا ئەگەر ئەو سەروشەیە چەند مانای هەبوو، بەپێی گرینگایەتی، یەکە بە یەکەی ئەو مانایانە دەنووسرێت و وێنا و نموونەی بۆ دەهێنرێتەوە. وێنا و نموونەکانیش دەبێ لەنێو ئەدەبیاتی نووسراوە و نەنووسراوەی ئەو کۆمەڵگەیەدا هەبێت. پاشان ئەگەر فەرهەنگەکە چەند زمانە بێت، هاوواتای سەروشەکە بە زمانی‌تر دەنووسرێتەوە. ئەمە سووچێک لە جیاوازیی نێوان فەرهەنگ و وشەنامەیە و لێرە و لە دووتوێی ئەم باسەدا جێگەی نابێتەوە. لە کوردەواریدا هەوڵی زۆر بۆ نووسینی فەرهەنگی گشتی دراوە و جێگە و پێگەیەکی کەم بۆ فەرهەنگی تایبەت و پسپۆڕانە دانراوە. هەرچەند لەم دواییانەدا ئەو هەوڵانە دەستی پێکردووە و جێگەی دڵخۆشییە بۆ پاراستنی خەزێنەی دەوڵەمەندی زمانەکەمان.

 پرۆفایل:

 - سەحەر موعێزی، شاعیر و توێژەر و فەرهەنگنووسی کورد، لەدایکبووی ساڵی 1981ی زایینی (1360ی هەتاوی) لە شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و خاوەن بڕوانامەی کارناسیی ماف و یاسایە و ماستەری ئەدەبی بەراوەردکارییە.

 - بۆ ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵە لە بواری شیعر و چیرۆکی کوردیدا چالاکە.

ـ نووسەری فەرهەنگی ئینسایکلۆپێدیای ڕەنگی کوردی (پازار).

ـ نووسەری فەرهەنگی پێڕەوە کە لە قۆناغی پیتچنیندایە.