هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە لەبارەی گەڕانەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان چییە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە لەبارەی گەڕانەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان چییە؟

بە لە بەرچاوگرتنی ئاڵۆگۆڕەکانی هەفتەی ڕابردووی ئەفغانستان و گەڕانەوەی چاوەڕواننەکراوی گرووپی تاڵیبان بۆ سەر کورسیی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، زۆرێک لە وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان هەرچەند لەڕووی دیپلۆماسییەوە لە بەرژەوەندییاندایە، سەرەڕای خۆبواردن لە بە فەرمیناساندن و دانپێدانانی ئەو گرووپە، بەڵام بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە، زەروورەرتی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ تاڵیبانیان قبووڵ کردووە.

لەلایەکی دیکەشەوە پەیوەندیی ئەمریکا – چ دۆستانە، یان دوژمنکارانە – لە جۆری هەڵوێست و تێڕوانینی وڵاتان بۆ ئەو گرووپە کاریگەریی هەبووە و دوژمنانی جیۆپۆلەتیکی ئەمریکا، بەتایبەتی جەخت لەسەر کۆتایی حزووری ئەمریکا لە ئەفغانستان دەکەنەوە.

ئەم بابەتە دەپەرژێتە سەر هەڵوێست و کاردانەوەی دەسەڵاتە سەرەکییەکانی ناوچە لە بەرانبەر تاڵیبان، هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەو بەرژەوەندییانە و جۆری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گرووپی تاڵیبان.

 چین: ڕێز لە ئیرادە و هەڵبژاردەی خەڵکی ئەفغانستان دەگرین

تێڕوانینی گشتیی چین لە هەمبەر تاڵیبان، هەروەک ڕابردوو لەسەرەخۆیە. لەمبارەوە وەزارەتی دەرەوەی چین، هاوکات لەگەڵ ئیدانەکردنی ئەمریکا بۆ چۆڵکردنی ئەفغانستان، لەناو جەرگەی پشێوی و ئاڵۆزییەکاندا ڕای گەیاندووە ڕێز لە (ئیرادە و هەڵبژاردەی)ی خەڵکی ئەفغانستان دەگرێت، سەرەڕای ئەمانە ئەم وڵاتە هێشتا تاڵیبانی وەک دەوڵەتی یاسایی ئەفغانستان بە فەرمی نەناساندووە.

جەوهەری سەرەکی لە ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان و هەڵوێستی میدیاکانی چین ئەوە بووە کە تاڵیبان دەبێ لەپێناو پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریدا پابەندی بەڵێنەکانی خۆی بێت و هەوڵ بدات دەوڵەتێکی کراوە و هەمەگیر بە ەبشداریی هەموو لایەنەکان دابمەزرێنێت، هاوکات گەرەنتیی ئاسایشی کار و هاووڵاتیانی چینی دانیشتوانی ئەفغانستان بدات.

سەرەڕای ئەوەی چین ڕای گەیاندووە کە باڵوێزخانەکەی لە کابۆل بەردەوام دەبێت، بەڵام لە ڕۆژانی ڕابردوودا زۆرێک لە هاووڵاتییانی چینی ئەفغانستانیان بەجێ هێشتووە.

لە ساڵی ١٩٩٦ تا ٢٠٠١ کە تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو، پەکین پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕاگرت و ڕووخانی ناوەندە ئایینییەکانی بووداکان لە هەرێمی (بامیان) لە ساڵی ٢٠٠١ لەلایەن تاڵیبانەوە، ڕەخنە و ناڕەزایی توندی چینی لێ کەوتەوە، دوای نەمانی تاڵیبان بەدەستی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١، چین هەمیسان پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەفغانستان دەست پێکردەوە.

لە ساڵی ٢٠١٦ چین هاوڕێ لەگەڵ ئەمریکا و پاکستان، خوازیار و پشتیوانی گفتوگۆی ئاشتیی نێوان حکوومەتی ئەفغانستان و گرووپی تاڵیبان بوو، هاوکات سەفەری لەناکاوی شاندی باڵای گرووپی تاڵیبان لە مانگی ڕابردوو، یەکێکە لە نیشانەکانی پەیوەندیی باشی چین لەگەڵ ئەو گرووپە. لەو دیدارەدا چین داوای لە تاڵیبان کرد لە بەرانبەر یارمەتی و پاڵپشتیی زیاتر بۆ پرۆسەی ئاشتی و بنیادنانەوەی ئەفغانستان دوای شەڕ، دەبێ تاڵیبان (بزووتنەوەی ئیسلامیی تورکستانی ڕۆژهەڵات) کە وەک هەڕەشەیەک لەدژی ئاسایشی نەتەوەیی چین دێتە ئەژمار، سەرکوت بکات.

کار لەپێشینەی چین وەک وەڵاتێکی دراوسێ، پێشگیرییە لە دزەکردنی توندوتیژی و هەڕەشەی گرووپە ئیسلامییە جیهادییەکان بۆ ناوچەی (سین کیانگ) کە باکووری ڕۆژئاوای چین کە لەڕووی سیاسییەوە زۆر هەستیارە. سەقامگیریی ئەفغانستان ڕۆلێکی یەکلاکەرەوەی لە سەرکەوتنی پرۆژەی ناسراو بە (یەک کەمەربەدن و یەک ڕێگە)ی چین و هەروەها ڕێگەی ئابووریی نێوان چین و پاکستان هەیە. چین جیاواز لەمانە لە کەرتەکانی کانزای (قوڕقوشم) و دەرهێنانی نەوت لە ئەفغانستان سەرمایەگوزاریی کردووە.

هیند

هاوکات لەگەڵ بە دەسڵاتگەیشتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان، بەرپرسانی باڵای هیند ئاشکرایان کردووە بۆ "گەرەنتی و پاراستنی ئاسایش و گیانی هاووڵاتییانی هیندی و بەرژەوەندیی خۆیان لە ئەفغانستان" هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرنە بەر.

سەرەتای ئەمساڵ و کاتێک هەندێ لە وڵاتان لە پێوەندی لەگەڵ داهاتووی ئەفغانستان گفتوگۆیان لەگەڵ تاڵیبان کرد، هیند لەمبارەوە پەراوێزی هەڵبژارد. بەڵام بەپێی زانیاریی میدیاکان بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە مانگی شەشدا بە بیدەنگی سەردانی دەوحەیان کردووە تاکوو لەگەڵ ڕێبەرانی تاڵیبان گفتوگۆ بکەن.

هیند هەموو کات بۆ پێکهێنانی ئەفغانستانێکی دیموکراتیک هەوڵی داوە و زیاتر لە ٣ ملیارد دۆلاری بۆ جێبەجێکردنی زیاتر لە ٤٠٠ پرۆژە لە هەموو ٣٤ هەرێمی ئەو وڵاتە تەرخان کردووە. هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەی ئەفغانستان ئەگەری زۆرە ئەو پرۆژە و سەرمایە و وەبەرهێنانانەی لەو وڵاتە کردوویە، بکەونە مەترسییەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە هاوکات لەگەڵ دەسەڵاتی دووبارەی تاڵیبان، هیند ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنی دەبێتەوە. "سۆهاسینی حەیدەر" سەرنووسەری ڕۆژنامەی "هیندوو" پێی وایە میلیشیا چالاکەکان لە ناوچەی کشمیر ئێستا ئیتر دەرفەتی زیاتریان بۆ دەڕەخسێت هەتا لەدژی هیند دەست بکەنە هێرش و بەرژەوەندییەکانی بخەنە مەترسییەوە. بەشێکی دیکە لە کارناسانی سەربازی و سیاسی لە هەمبەر کاریگەریی تاڵیبان لەسەر ئەو گرووپانە و کەوتنە مەترسیی ئاسایشی ناوخۆی هیند نیگەرانییان دەربڕیوە.

هیند جیاواز لەمانەش لەگەڵ قەیرانی پەنابەران بەرەوڕوویە. بەپێی هەندێ ڕاپۆرت لەمدواییانە داخوازیی ڤیزە لەلایەن ئەو ئەفغانییانەوە کە دەیانەوێ لە وڵاتە دەربکەون، زۆر زیاتر بووە. دەوڵەتی هیندیش ڕای گەیاندووە پرۆسە و ڕێکاری گەڕانەوەی هاووڵاتییانی خۆی لە ئەفغانستان، هەروەها ئەو ئەفغانییانەی کە وەک هاوبەش و هاوکاری هیند دێنە ئەژمار، ئاسان و خێراتر دەکات.

پاکستان

پاکستان لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵسوکەوت لەگەڵ تاڵیبان، بە وردی هەنگاو هەڵدەگرێت و وا دەردەکەوێ بەتەمایە بۆ بە فەرمی ناساندنی ئەو گرووپە وەک دەوڵەتی یاسایی و شەرعیی ئەفغانستان، بەپێی هەڵوێستی جیهانی بجووڵێتەوە.

پاکستان هەردەم پەیوەندییەکی ئاڵۆز و پڕکێشەی لەگەڵ ئەفغانستان هەبووە، بەتایبەت لە کاتی هێرشی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ سەر ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٧٩ کە بووە هۆی لێشای پەنابەرانی ئەفغانی بۆ پاکستان. ٤٢ ساڵ کێشە و ململانێ، بووەتە هۆی (نامتمانەیی) ئەم دوو وڵاتە لە هەمبەر یەکتر و ئەم پرسە لە کاتی گفتوگۆکانی نێوان ئەفغانستان و ئەمریکا بە ڕوونی هەستی پێدەکرا.

دوای ئەم گۆڕانکارییانەی ئەفغانستان، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان جارێکی دیکە جەختی کردەوە ئەوان بۆ گەیشتن بە "ڕێگەچارەیەکی یەکجارەکیی سیاسی" لەبارەی ئەو قەیرانەی ئێستاوە، لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی کە بەرژەوەندییان تێدایە، درێژە بە هاوکاری دەدەین.

بەڵام گوتەی ئەمدواییەی ڕێبەرانی پاکستان، لەبارەی بە فەرمیناساندنی تاڵیبان، بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕەخنەکانیان لە هەمبەر ئەو گرووپە، نیشانەی زەربەلێدانە لە ڕەوایی دەوڵەتی ئەفغانستان.

عومران خان،  سەرۆکوەزیری پاکستان لە نوێترین لێدواندا گوتوویە "ئەفغانییەکان ئیتر مەرج و ڕێوشوێنەکانی بەندەییان شکاندووە". هاوکات مانگی ڕابردووش گرووپی تاڵیبانی بە "کەسانی مەدەنیی ئاسایی" ناودێر کردبوو.

لەمبارەوە عەبدولقەیووم کەسایەتیی سەربازیی خانەنشین لە حزبی دژبەری (موسلم بەیگ – نەواز)ی پاکستان ڕای گەیاندووە: "دەبێ پاکستان یەکەم وڵات بێت لە دنیا کە دەوڵەتی داهاتوو بە ڕێبەریی تاڵیبان لە ئەفگانستان بە فەرمی بناسێت".

تورکیە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا لە لەم چەند مانگەی دواییدا لە گوتارەکانیدا تێڕوانین و بۆچوونی دۆستانەتری لەبارەی ئەگەری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاڵیبان هەبووە. ئەردۆغان لە دوایین دانیشتنی ناتۆدا گوتی ناکرێ تاڵیبان کە واقیعی ئەمڕۆ ئەفغانستانە پشتگوێ بخرێت، هاوکات لە مانگی ئۆگۆستیش لە لێدوانێکدا باسی لە ئەگەری دیدار لەگەڵ ڕێبەری تاڵیبان کرد. ڕێکەوتی ١٦ی ٨ی ٢٠٢١ گوتەبێژی تاڵیبان لە لیدانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی "ئاهابر"ی تورکیای گوت ئەوان خوازیاری "پەیوەندییەکی باش"ن لەگەڵ تورکیا و هاوکاری و یارمەتییە ئابوورییەکانی بە بەشێک لەو پەیوەندییە لەقەڵەم داوە.

پاش دیدار و گفتوگۆی ئەردۆغان و جۆ بایدن هاوتا ئەمریکییەکەی لە مانگی ٦، تورکیا پێشنیاری ئەوەی کرد دوای چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ئەوان ئامادەن پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابۆل بگرنە ئەستۆ. تاڵیبان سەرەڕای ڕەخنەگرتن لەو پرۆژە و پلانەی تورکیا، تورکیای بە "وڵاتی ئیسلامیی برا" وەسف کرد و ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەندامەتیی تورکیا لە ناتۆ، ئەوان هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەنقەرە و واشنتۆندا دانانێن.

بەڵام دوای کۆنترۆڵی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، هەموو ئەو پلان و دانوستانانە بە هەڵاسراوی ماونەتەوە و بەرپرسانی باڵای تورکیا تا ئێستا بە ڕوونی و فەرمی لەبارەی بە فەرمیناسینی تاڵیبان، هەڵوێستی دیار و ڕوونی تورکیایان نەخستووەتە ڕوو.

لەلایەکی دیکەشەوە تورکیا وەک یەک لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی پەنابەرانی ئەفغانی تێدا نیشتەجێ بووە، بەدوای پلان و پرۆژە و بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەیە لە ئەفغانستان، بەپێی ئامارەکان ساڵانە هەزاران پەنابەری نایاسایی ئەفغانی لە تورکیا دەستگیر دەکرێن. سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی تورکیا هەموو ئەو ڕاپۆرتانەیان ڕەت کردووەتەوە کە شەپۆلێکی فراوانی پەنابەری نایاسایی ئەفغانی ڕوویان لەو وڵاتە کردووە، بەڵام دیسان نیگەرانییەکان لە هەمبەر ئەو شەپۆلە لە ئاوارە و پەنابەری ئەفغانی لەو وڵاتە زۆر زیادی کردووە.

قەتەر

بە دەسەڵاتگەیشتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان، لە گرنگیی هەوڵەکانی قەتەر بۆ سەقامگیریی ئاشتی لە نێوان ئەو گرووپە و دەوڵەتی پێشووی ئەو وڵاتەی کەمڕەنگ کردووەتەوە و ئەم پرسە بەها و سەنگی دەوحەی لەلای ئەمریکاش کەمتر کردووە. بەپێی گوتە و لێدوانی بەرپرسانی قەتەر، ئەو وڵاتە پەیوەدنییەکی نزیک و قووڵیان لەگەڵ ڕێبەرانی تاڵیبان هەیە و تەنانەت لقێک لە مەکتەبی سیاسیی تاڵیبان کە عەبدولغەنی برادەر سەرکردایەتیی دەکرد، لە دەوحەیە. قەتەر لە هەرچەشنە ڕەخنەیەک لە تاڵیبان خۆی بواردووە و لە بەرانبەردا زیاتر جەختی لە "ئاڵوگۆڕی ئاشتیخوازانەی دەسەڵات" کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، ڕێکەوتی ١٥ی٨ی٢٠٢١ داوای ئاگربەستێکی خێرا و هەمیشەیی و یەکلاکەرەوەی لە هەموو ناوچەکانی ئەفغانستان کرد. ئەو وڵاتە کە نزیکەی ساڵێک وەک خانەخوێی دانوستانەکانی ئاشتیی ئەفغانستان ڕۆڵی گێڕاوە، جارێکی دیکە جەختی لەسەر هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ڕێکخروی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپیەمانە نێودەوڵەتییەکانی بۆ سەقامگیریی ئاشتیی یەکجارەکی لە ئەفغانستان کردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، بەرلە دەستبەسەرداگرتنی کابۆل لەلایەن تاڵیبان و هەڵاتنی ئەشرەف غەنی، داوای ئاگربەستی و ڕاگرتنی هێرشەکانی تاڵیبانی لە ناوچە جیاجیاکانی ئەفغانستانی کرد.

ئێران

بەو پێیەی کە هەندێ لە بەرپرسانی ئێرانی و میدیاکانی ئەو ولاتە تاڵیبانیان وەک "ئیمارەتی ئیسلامی" ناو بردووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت تاران حکوومەتێک بە ڕێبەریی ئەو گرووپە بە فەرمی بناسێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دراوسێیەکی دێرین و خاوەن کولتووری هاوبەش، لە نزیکەوە چاودێریی گۆڕانکاریی سیاسییەکانی ئەو وڵاتە دەکات و خوازیاری ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتە.

دژایەتیی قووڵی ئەمریکا لە سیاستەکانی حکوومەتی ئێران هێندە جەوهەری و زەقن، ئێستا تاران زیاتر لەوەی نیگەرانی بە دەسەڵاتگەیشتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان بێت، پتر لە چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە شاگەشکەیە. 

ساڵی ١٩٩٨، کوژرانی ٨ دیپلۆماتی و ڕۆژنامەنووسێکی ئێران پاش چوونی چەکدارانی تاڵیبان بۆ مەزار شەریف، دۆخێکی وای خولقا کە ئێران و تاڵیبان هەتا سنووری شەڕ نزیک بوونەوە، بەڵام ئێستا پەیوەندیی نێوانیان هەتا ڕادەیەک باشتر بووە و تەنانەت ساڵی پار شاندێکی باڵای تاڵیبان بە نهێنی سەردانی تارانی کرد. لەمبارەوە سەعید لیلاز، ئابووریناسی ئێرانی پێیوایە ئێران و ئەفغانستان بە ڕێبەریی تاڵیبان، دەتوانن پەیوەدنییەکی قووڵی ئابوورییان پێکەوە هەبێت.

ئێران هاوکات لەگەڵ ئەوەی پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ دەوڵەتی ئەفغانستان هەبووە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا گفتوگۆ و دانوستانی لەگەڵ گرووپی تاڵیبان هەبووە و یارمەتیی دارایی و چەکوچۆڵیشی کردوون، ئەمە لە کاتێکدایە کە تاڵیبان لەناو لیستەی ڕەشی تاران دایە.

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری ئێران، لەمبارەوە ڕای گەیاندووە چوونە دەرەوەی ئەمریکا، ڕێگەخۆشکەرە بۆ سەقامگیریی ئاشتی لە ئەفغانستان، هاوکات دواوای لە محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوە و عەلی شەمخانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی داوای کردووە چاودێریی گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان بکەن و ڕاستەوخۆ بە ڕاپۆرت ئااگداری بکەنەوە.

محەمەدجەواد زەریف باسی لە ئامادەیی ئێران بۆ درێژەدان بە "هەوڵدان لەڕاستی سەقامگریی ئاشتی" لە ئەفغانستان کردووە و ئەمەش نیشانەی ڕۆڵی ئەو وڵاتەیە لە نێوبژیوانیی ئێرانە لە نێوان دەوڵەتی پێشووی ئەفغانستان و گرووپی تاڵیبان لە یەک ساڵی رابردوودا.

لە حاڵێکدا هەموو ئاماژەکان باس لە پێکەوەژیانی دوو وڵاتی ئێران و تاڵیبان دەکەن، بەڵام لەڕووی ئایدۆلۆژی فکری و ئایینییەوە ئێران و تاڵیبان یەک ناگرنەوە و ئاگەری ئەوە زۆرە لە درێژخایەندا تاڵیبان و ئێران پەیوەندییەکانی پێکەوە ئاڵۆزیی تێ بکەوێت. لە لایەکی دیکەشەوە پەنابەرانی ئەفغانیی دانیشتووی ئێران، چەندین جار لەدژی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان خۆپیشاندان و ناڕەزاییان ڕێک خستووە، بەڵام ئێران پێشی پێگرتوون. زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو پەنابەری ئەفغانی لە ئێران دەژین، ڕاپۆرت و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لە ئەگەری شەپۆلی پەنابەرانی نوێی ئەفغانی بۆ ئێران، ئەو وڵاتە لە ناوچە سنوورییەکان کەمپی تایبەتیان بۆ بکاتەوە.

سعوودیە

کاردانەوە و هەڵوێستی سعوودیە لە بەرانبەر تاڵیبان، نەتەنیا پێشوازییەکی گەرموگوڕ نەبووە، بەڵکوو داخوازییەکی موحافزەکارانە بووە بۆ پاراستنی یەکێتیی نێوان موسڵمانان. وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە پێگەیی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) هیوای ئەوەی خواستووە کە تاڵیبان و گرووپ و لایەنەکانی دیکە لە ئەفغانستان لەپێناو ئەمنیەت و سەقامگیری و پاراستنی گیان و ماڵی خەڵک هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ.

هاوکات چوونە دەرەوەی دیپلۆماتەکانی سعوودیە و ئیمارات لە ئەفغانستان، دەربڕی ئەوەیە کە نیگەرانیی نێودەوڵەتی لە هەمبەر ڕووداو و پێشهاتەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە ئەوانیشی گرتووەتەوە.

سعوودیە لە دەورەی پێشووی دەسەڵاتی تاڵیبان، پەیوەندیی دیپلۆماسیی خۆی لەگەڵ ئەفغانستان پاراست، بەڵام لەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٠١وە زۆر گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوویان داوە. ئەم گۆڕانکارییانە بە روونی لە ڕووماڵی هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی تۆڕی میدیایی ئەلعەرەبییە لەبارەی ڕووداوەکانی ئەمدواییەی ئەفغانستان و جەختی ئەو میدیایە لەبارەی چارەنووسی ژنان و ترس و نیگەرانییەکانیان بە ڕوونی دیار و بەرچاوە.

ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییە کە سەر بە سعوودیەیە و بە یەکێکە لە باسکەکانی سیاسەتی دەرەوە دێتە ئەژمار، ڕوانگە و تیڕوانینی ئەو میدیایە ڕەنگدانەوەی ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتییە کە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە جەختی لەسەر دەکاتەوە. ڕەچاوکردنی ماف و ئازادیی نوێ بۆ ژنان و لابردنی هەندێ بەربەست و یاسای پێشوو لەبارەی باڵاپۆشی و حیجاب و پێدانی ماف و ئازادیی تاکەکەسی بە ژنان، دەربڕی کۆمەلێک گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتییە لە سعوودیە.

ڕووسیا

ڕووسیا، هەر لە کاتی ڕاگەیاندنی فەرمیی چوونە دەروەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، جەختی لەسەر ئەو پرسە کردووەتەوە کە کاری لەپیشینە و خەمی سەرەکیی، گەرەنیی ئەمنیەتی سنوورەکانی هاوپەیمانەکانی خۆی لە ئاسیای ناوەڕاست و لە باکووری ئەفغانستانە. مسکۆ ساڵانێکە لە ئاستی باڵادا لەگەڵ تاڵیبان پەیوندیی هەیە و بەرپرسانی رووسیا وەک هێزێکی ڕەوا و مەشرووعی سیاسی ناویان دەبەن، هەڵبەت هەتا ئەوکاتەی کە ئەو گرووپە هیچ دەستێوەردانێک لە سنوورەکانی باکووری خۆی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست نەکات و کاری پێیان نەبێت.

زەمیر کابلۆف، نوێنەری تایبەتی سەرکۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری ئەفغانستان باسی لەوە کردووە کە تاڵیبان دەتوانێ بە لەناوبردنی میلیشیاکانی سەر بە داعش، لە گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی یارمەتیدەری مۆسکۆ بێت. ڕووسیا چەندین جار لە هەمبەر زۆربوونی پێگەی گرووپە توندڕەوەکان لە تاجیکستان و ئوزبەکستان نیگەرانیی دەربڕیوە.

مەشق و مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی مۆسکۆ لەگەڵ دووشەنبە و تاشکەند لەم دواییانە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە توندڕەوانە بووە. ڕووسیا جیا لەوانە بنکەی سەربازیی ٢٠١ی خۆی لە تاجیکستان بە چەکوچۆڵی نوێ و ئۆتۆمبێلی پێشکەوتووی سەربازی و تانکی زرێپۆش پڕچەک کردووە.

ڕووسیا هێشتا تاڵیبانی لە لیستەی ڕێکخراوە "تیرۆریستی"یەکانی خۆی دەرنەهێناوە، بەڵام هاوکات لەگەڵ ڕووخانی کابۆل، ویستی مۆسکۆ بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبان زیاتر بووە.

 هەر لەمبارەوە سێرگیی لاڤرۆف، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕێکەوتی ١٧ی٨ی٢٠٢١ ڕای گەیاند، مۆسکۆ بۆ بە فەرمیناساندنی دەوڵەتی تاڵیبان پەلەی نییە و تەنیا ڕێگە لەبەردەم ئەفغانستان پێکهێنانی دەوڵەتێکی کاتییە، کە ئۆزبەک، هەزارە، تاجیک و گرووپ و لایەنە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی دیکەش لەخۆ بگرێت.

سەرچاوە: BBC