ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر: 40%ی كێشەی ئاو لە ڕێگەی دابینكردنی كارەباوە چارەسەر دەكەین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر: 40%ی كێشەی ئاو لە ڕێگەی دابینكردنی كارەباوە چارەسەر دەكەین

ئەمڕۆ هەینی سەرۆکى لیژنەى شارەوانى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر رای گەیاند بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەى کەم ئاوى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، کارەباى بەردەوام لەلایەن موەلیدەى گەڕەکەکانەوە بۆ بیرەکان دابین دەکرێت، بەمەش کێشەکە 40% چارەسەر دەبێت.

ئەندازیار سلێمان خالید سەرۆکى لیژنەى شارەوانى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر بە (باسنیوز)ى راگەیاند "بەهۆى وشکە ساڵى و دابەزینى ئاستى ئاوى ژێر زەوى و کەمى کارەبا و لێڵبوونى سەرچاوەى ئاوى پڕۆژەکانى ئیفراز، ئەمساڵ بە بەراوردى ساڵانى رابردوو کێشەى ئاو زۆر زیادى کرد لە سنورى پارێزگاى هەولێر، بەتایبەت لە سەنتەرى شار ماوەیەکى زۆر کێشەى کەم ئاوى بۆ ژمارەیەکى زۆرى گەڕەکەکانى هەولێر دروست بوو".

هەروەها رای گەیاند "تەنیا لە سەنتەرى شارى هەولێر ساڵانە 20 بۆ 30 بیر و زیاتریش وشک دەبن، لە کۆى زیاتر لە 1000 بیر کە لە سەنتەرى شارى هەولێر هەن، 40%ى ئاوى گەڕەکەکانى سەنتەرى شارى هەولێر لە رێگەى بیرەکانەوە دابین دەکرێت و بەشەکەى دیکەش لە پڕۆژەکانى ئاوى ئیفراز 1 و 2 و 3 دابین دەکرێت".

ئاماژەى بەوەش کرد "چارەسەرکردنى یەکجارى کێشەى ئاو تەنیا بە جێبەجێکردنى پڕۆژەى ئاوى ئیفراز چوار یان پڕۆژەى ریسایکلینى ئاو (دووبارە بەکارهێنانەوەى ئاوى پیس) دەبێت".

سەرۆکى لیژنەى شارەوانى روونیشى کردەوە "ئێستا پارێزگاى هەولێر و بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر سەرقاڵى چارەسەرکردنى کێشەى کەم ئاویین لە رێگەى پڕۆەیەک، ئەویش لە رێگەى دابینکردنى کارەباى بەردەوام لەلایەن مۆلیدەى گەڕەکەکانەوە بۆ بیرەکان، بەمەش 40%ى کێشەى کەم ئاوى چارەسەر دەکرێت، پڕۆژەکە لەچەند گەڕەکێکەوە چۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە".