گەڕانەوەی بزووتنەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان و دەرئەنجامەکانی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 20/08/2021

گەڕانەوەی بزووتنەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان و دەرئەنجامەکانی

پێشەکی
لەگەڵ کەوتنی کابولی پایتەختی ئەفغانستان لە ڕۆژی ١٥ی ئابی ٢٠٢١، گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات پاش بیست ساڵ دوورخستنەوەیان لە دەسەڵات لەلایەن ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١، بەهۆی لەخۆگرتنی ڕێکخراوی تیرۆرستی ئەلقاعیدە و هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ بۆ سەر نیۆرک و واشنتۆن. بزوتنەوەکە ڕەتی کردەوە کەمپە سەربازییەکانی دابخات و سەرکردەکانی خۆی ڕادەست بکات. ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا کەوتەبەر ڕەخنەی توند بەهۆی ڕێگەی ئیدارەدانی پڕۆسەی کشانەوە لە ئەفغانستان (ڕێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەردەمی ئیدارەی پیشووی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ ئیمزاکرابوو) لە ژێر ڕۆشنای دەرئەنجامەکانی مەترسی گەڕانەوەی تالیبان بۆ سەر تەختی دەسەڵات و ئەگەری وەرچەرخانێکی تر لە هاتنەئارای ئاراستەی توندئاژۆکان کە ئەمریکا و دەوڵەتانی تر لە ناوجەکە دەکەنە ئامانج. بە پێچەوانەی بەشێکی زۆر لە پێشبینییەکان بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا شکشتێکی سەربازی نەبوو بەڵکو تەواو شکستێکی سیاسی بوو دوای بیست مانەوە لە ئەفغانستان. ئەمەش بە واتای سەرکەوتنی سەربازی ئەمریکا نایەن، چونکە سەرکەوتوو نەبوو لە ڕووخانی توانا سەربازییەکانی تالیبان، دوای بیست ساڵ لە ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگان، ئەمریکا وای پیشاندا کە لەرووی سەربازییەوە سەرکەوتنی بە دەست هێناوە. واشنتۆن لە ڕێگەی سەربازەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی لە ناتو توانای پاراستنی حکومەتەکەی ئەشرەف غەنیان هەبوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترسی گەورەی لەوە هەبوو کە حکومەتی ئەشرەف غەنی لەڕووی سیاسییەوە بەرەو ڕووی شکستی حەتمی دەبێتەوە. بۆیە ئەو بڕیارەی ئەمریکا لەبەرامبەر ئەفغانستان بڕیارێکی سیاسی – ئابووری بوو. لە هەمان کاتیشدا ئەم بڕیارەی ئیدارەی ئەمریکا دەرخەری شکستی سیاسی پڕۆژەی "نەتەوە سازی"یانیش "دەوڵەت سازی" بوو لە ڕێگەی دەستوەردانی سەربازی و داگیرکاری لە بەرامبەر دەوڵەتێک.

ئاماژەکانی گەڕانەوەی تالیبان
لە ساڵی ٢٠١٨ بەپێی هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتێکی هەواڵگری ئەمریکی، کە لە ٢٠٢١ بڵابوویەوە و ئاشکرای کردبوو کە کشانەوەی خێرای هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێکی ناوخۆیی و گەڕانەوەی تالیبان بۆ سەر دەسەڵات. بەڵام ئیدارەی سەرۆک ترامپ سوور بوو لەسەر ئەوەی کە لەگەڵ بزوتنەوەی تالیبان دانوستاندن بکات و بە شێوەیەک بکشێتەوە کە ئەمریکا گەرەنتی وەربگرێت لە داهاتوودا ئەفغانستان نەبێتە شوێنی هیچ جۆرە ڕێکخراو و ڕێکخستنێکی تیرۆرستی. کاتێک بایدن هاتە سەر دەسەڵات پێی وابوو؛ ئەمریکا بەرەوڕووی ئاستەنگ و ئالینگاری گەورە بۆتەوە و هێزەکانی سوپای حکومەتی ئەفغانستان تا ماوەی دوو ساڵ توانای ڕووبەرووبوونەوەی هەیە لەگەڵ تالیبان و ئەمەش پێویستی بەوە هەیە کە ئەمریکا ڕێکەوتنێک ئەنجام بدات بۆ چۆنیەتی کشانەوەی هێزەکانی خۆی لە ئەفغانستان. هەندێک لە ئاماژە هەواڵگرییەکان هەبوون کە جەختیان لەسەر دووبارە کردنەوەی سیناریۆی کۆنتڕۆڵ کردنی بەشێکی بەرفراوان لە خاکی عێراق و سوریا لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی "داعش"ەوە لە ساڵی ٢٠١٤ دای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١، یان دووبارە بوونەوەی سیناریۆی هەڵوەشانەوەی سایگۆنی پایتەختی ڤێتنامی باشور لە ساڵی ١٩٧٥ لەبەرامبەر بەرەو پێش چوونی هێزەکانی ڤێتنامی باکور دوای ئەوەی ئەمریکا دەستی لە هاوپەیمانەکانی خۆی لە باشور بەردا و کشایەوە. لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی ئەفغانستان بۆ ئەمریکا جیاواز بوو چونکە زیانی زۆری نەکرد بەبەراورد لەگەڵ ڤێتنام، وەک دەرکەوت لە دوایدا تالیبان بڕیاریدا ڕووبەڕووی هیێزەکانی ئەمریکا نەبێتەوە و تەنها خۆیان بە شەڕکردن و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حکومەتی لاوازی ئەشرەف غەنی سەرقاڵ بکەن(١).

بایدن لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لە تەموزی ٢٠٢١دا ڕەتی ئەوەی کردەوە بەراوردی نێوان سایگۆن و کابول بکرێت لە حالەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "تالیبان سوپای ڤێتنامی باکور نییە" و "کابول ناکەوێت لەسەر دەستی تالیبان". بەڵام ڕووداو و پێشهاتەکانی دواتر ڕێک پێچەوانە بوونەوە لەگەڵ ئەم پێشبینییانەی بایدن، ئەمریکا زیاتر لە ٣٠٠٠ سەربازی نارد بۆ گواستنەوەی فەرمانبەرانی نێو سەفارەتی خۆی لە ئەفغانستان تا ١٢ی ئابی ٢٠٢١ بەڵام کاتێک تالیبان دەستی بە پێشڤەچوونی خێراکردن لە دەست بەسەرداگرتنی شارەکان و ویلایەتەکانی ئەفغانستان، ئەمریکا ژمارەی سەربازەکانی گەیاندە ٥٠٠٠ بۆ ڕزگارکردنی ئەمریکییەکان تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژدا. هەروەها ڕووداوی گواستنەوەی فەرمانبەرانی سەفارەتی ئەمریکا لەڕێگەی فڕۆکەی هەلیکۆپتەرەوە لە فڕۆکەخانەی کابول بە ڕاستی رووداوی سایگۆنی ڤێتنامی هێنایەوە بیر، ئەمەش شکستێکی مەزن بوو بۆ ئەمریکا دوای بیست ساڵ مانەوە لە ئەفغانستان (٢).

ئەگەرچی ئیدارەی بایدن بەرپرسیاریەتی شکستی ئەمریکا لە ئەفغانستان هەڵناگرێت چونکە ئەمە پاشماوەی ئیدارەکانی پێشووترە کە ماوەتەوە، سەرەڕای ئەمەش بەڵام سکشتی ئەمریکا لە ئەفغانستان وەک حالەتێکی حەتمی لێی دەڕوانرا. بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی نهێنی حکومەتی ئەمریکی کە لەلایەن ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" لە ساڵی ٢٠١٩ بە ناوی "بەڵگەنامەکانی ئەفغانستان" ئاشکرا کردووە ئیدارەی ئەمریکی لە جۆرج دەبلیۆ بۆشەوە تا باراک ئۆباما و دۆناڵد ترامپ گەیشتبوونە ئەوە دەرئەنجامەی کە دوور خستنەوەی بزوتنەوەی تالیبان لە ئەفغانستان مومکین نییە. هەورەها سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا هەستییان بەوە کردبوو کە حکومەتی کابول کەوتۆتە نێو گەندەڵی و لاوازییەکی جدییەوە بە جۆرێک کە ئەو حکومەتە توانای مانەوەی نییە لەبەرامبەر هەر هێزشێکی بزوتنەوەی تالیبان. ئیدارەی ترامپ گەیشتە ئەو بڕوایەی کە ئەمریکا شکستی هێناوە لەوەی پێی دەلێن "دەوڵەت سازی" لە ئەفغانستان. لەژێر سایەی فەرمانڕەوایەتی ئەمریکا نوخبەی سیاسی ئەفغانی و گرووپی مشەخۆر گرێدراون بە پاڵپشتییە دارایی و سەربازی ئەمریکا، لە نێو خۆشیاندا لە ناکۆکی و ململانێدان، ئەمانە لە کۆمەڵگەی ئەفغانیدا نەیانتوانیووە بەتایبەت نە بۆ خۆیان و نە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەتیش ڕەگوڕیشە دابکوتن.

لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە ئیدارەی جۆرج دەبلیۆ بۆش ئاشکرای کرد کە کاروبارەکان لە ئەفغانستان لەسەر ڕێگەی ڕاست و دروست ناچن بەڕێوە، بەڵام بڕیاریان ئەمە پشتگوێ بخەن و بشارنەوە و بەردەوام بن لەسەر شەڕی زەمینی لە ئەفغانستان. کاتێک ئۆباما هاتە سەر دەسەڵات ستراتیجییەتی ئەمریکای لە ئەفغانستانەوە گۆڕی بۆ عێراق و جەختی کردەوە لەسەر کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق نەک لە ئەفغانستان بۆ ئەوەی شکست بە تالیبان بێنێت. لە ئەفغانستان ئەمریکا ژمارەی هێزەکانی خۆی لە ٣٦ هەزار سەربازەوە بۆ ٨٣ هەزار سەرباز، هێزەکانی ناتۆش بۆ ٣٢ هەزار سەرباز و هەروەها ڕاوێژکارە سەربازییەکان و ئەو مەدەنییانەی وەک هاریکار خزمەییان دەکرد بۆ هەزاران کەس زیاد کرا(٣). سەرەڕای زیادبوونی هێزە شەڕکەرەکان لە گۆڕەپانی جەنگ بەڵام هیچ گۆڕانگارییەکی بە ئاراستەی ئیجابی لەسەر زەوی "واقیع" دا ڕووینەدا، ئەمەش ئیدارەی ئۆبامای ناچار کرد لە ٢٠١٤ بڕیار بدات ژمارەی سەربازەکانی کەم بکاتەوە بۆ نزیکەی ٩ هەزار سەرباز. لە واقیعدا ئەم ژمارەیە کەمتر بوو، ئەم ژمارەیەش بەس بوو بۆ ئەوەی ئەمریکا لەسەردەمی ئیدارەی ترامپ لە دژی تالیبان بەکاری بێنێت. ئەم ژمارەیەی سەربازە ئەمریکیەکان تا کشانەوەی لە ئەفغانستان زیاد نەکرا. کاتێک هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بە کشانەوە کرد لە پایتەخت و ویلاتەکان هێزەکانی حکومەتی کابول بەبێ شەڕکردن و ڕووبەڕووبوونەوە تووشی داڕووخان وشکست بوون لەبەرامبەر ‌هێزە چەکدارەکانی بزوتنەوەی تالیبان.

ئیدارەی ئەمریکا لەسەردەمی ترامپ بڕیاریدا کۆتایی بە درێژترین شەڕ و مەزنترین شەڕ لەڕووی تێچوونەوە بێنێت، لە ساڵێ ٢٠١٧ بڕیاریدا هێزە سەربازییەکانی خۆی لە ئەفغانستان زیاد بکات و گلۆپی هەڵکرد بۆ ئەگەری بەکارهێنانی چەکی قورس لە پێناو سەرکەوتن و کۆتایی هێنان بە جەنگی ئەفغانستان. بەتایبەت دوای دەرکەوتنی ئەو هێزە چەکدارانەی خۆیان وەک داعش لە ئەفغانستان ناساند، دووبارە هەوڵەکانی ئەمریکا شکستی هێنا لەسەر ئەرزی واقیع بۆ دروست کردنی گۆڕانکاری، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو لەوەی لە ساڵی ٢٠١٨ ڕێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ تالیبان ئەنجام بدات. بە کردەیی ئیدارەی ترامپ لەگەڵ تالیبان لە دوحەی پایتەختی قەتەر گەیشتنە ڕێکەوتنی ئاشتی بۆ کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان تا مانگی ئابی ٢٠٢١ لە بەرامبەر ئەوەی بزوتنەوەی تالیبان پەیوەندییەکانی خۆی بپچڕێنێت لەگەڵ قاعیدە و گرووپە تیرۆرستییەکانی تر. کاتێک تالیبان ئەم ڕێکەوتنەی ئیمزا کرد هێشتا نیوەی ڕووبەری وڵاتی بندەست نەخست بوو (٤).

کاتێک بایدن وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ دەستی بەکارکرد ئاماژەی بە پابەندبوونی خۆی بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ تالیبان دووپات کردەوە. لە نیسانی ٢٠٢١ ڕاگەیاندرا کە ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا ٣٥٠٠ سەرباز، هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ ٧ هەزار سەرباز بوو، لە دەست پێکی مانگی ئایاری ٢٠٢١ کشانەوەی هێزەکان لە ئەفغانستان دەستی پێکرد، بە پێی بنەمای ڕێکەوتنەکە دەبوایە پێش ئەیلولی ٢٠٢١ تەواوی هێزەکان لە ئەفغانستان بکشینەوە. سەرۆکی ئەمریکا لە تەموزی ٢٠٢١ کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان نزیک دەبوویەوە کە کۆتا وادە کۆتای مانگی ئابی ٢٠٢١ بوو ڕایگەناند "ئەمریکا ناهێلێت قاعیدە و ڕێکخستنەکانی تر وجودی خۆیان لە ئەفغانستان بەهێز بکەن". لەسەر ئەم بنەمایە فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا پێیان وابوو پێویستە ئەو هێزانەی لە ئەفغانستان دەکشێندرێنەوە بگوازرێنەوە بۆ دەوڵەتەکانی پاکستان و تاجیکستان بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەبوونی هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئەفغانستان ئەو هیزانە تونای وەلامدانەوەیان هەبێت بەهۆی ئەوەی ئەفغانستان دەکەوێتە چوارچێوەی ستراتیجی کاری ئەمریکا(٥). بەڵام پێشڤەچوونە خێراکانی هێزەکانی تالیبان و شکستی خێرای هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان بەبێ هیچ بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەیەک بۆ واشنتۆن جێگەی سەرسوڕمان بوو، هەروەها شکستێکی مەزنی هەواڵگری وو بۆ هێزێکی جیهانی وەک ئەمریکا.

شکستی هەواڵگری و گەندەڵی ئیدارەدانی حکومەت
بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر بنەمای باوەڕی "ئیدارەی بایدن" و دامودەزگا سەربازی و ئەمنییەکان بوو کە پێیان وابوو هێزەکانی ئەفغانستان ئەگەر بە لایەنی کەمیشەوە بێت دەتوانن لەبەرامبەر هێرشەکانی تالیبان بجەنگن و پاشەکشەیان پێ بکەن بەتایبەت لە کابولی پایتەخت. یەکێک لە ڕاوێژەکارەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەو بڕوایە دابوو کە بزوتنەوەی تالیبان تا پایزی ٢٠٢١ ناتوانێت هیچ یەکێک لە پایتەختەکانی ٣٤ ویلایەتەکان لە ئەفغانستان دەست بەسەردا بگرێت. تەنانەت لە ١٣ی ئابی ٢٠٢١ ڕۆژێک بەر لەوەی تالیبان دوورپێچ بخاتە سەر کابول وتەبێژی فەرمی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "جۆن کێربی"؛ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پایتەخت "کابول" لە ژێز مەترسیدا نییە. لەلایەمی دیکەشەوە زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا دووپاتی ئەوەیان دەکردەوە کە تالیبان لە ڕووی ژمارەی چەکداری و توانای سەربازییەوە خاوەنی ئەو هێزە نییە کە بتوانێت لەماوەیەکی وا خێرا دەست بەسەر دەسەڵات بگرێت لە ئەفغانستان. هەروەها بە پێی زانیارییە بڵاوکراوەکان ئەمریکا لەو بڕوایە نەبوو سوپای وڵاتێک کە بیست ساڵ هاوکاری مادی و لۆجیستی بکرێت بەو شێوە لەناکاوە بەرەو ڕووی هەڕەس و ڕووخان بێتەوە. ناتەواوی لە بوونی هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان بە ئاشکرا بەدی کرا، نموونەش بۆ ئەمە جێهێشتنی بنکەی سەربازی باگرام بوو لە باکوری کابول لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا بەبێ ئەوەی ئاگاداری سەرکردەکانی ئەفغانی بکەن لە تەموزی ٢٠٢١ هێلەکانی کارەبایان پچڕاند دوای دوو کاژمێر لە دەرچوونیان لە بنکەکە (٦).

بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی کەسی لە نێو دامودەزگا و دامەزراوەکانی حکومەت یەکێکی ترە لە هۆکارەکان بۆ ئەوەی دۆخی ئەفغانستان بگات بەم دەرئەنجامەی کە ئێستا تێیدایە. لە ڕووی تیۆرییەوە هاوسەنگی هێز، هێزی سەربازی ئەفغانستان چوار جار زیاتر بوو لە هێزی تالیبان، سەرەرای ئەوەی خاوەنی چەکی پێشکەوتوو و هیزی ئاسمانی، هێزێکی مەشق پێکراوی ڕێکوپێک و پالپشتیکراو لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. هەروەک سەرۆک بایدن لە ئاخاوتنی تەموزی ٢٠٢١ جەختی لەسەر کردەوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا بە سەدان هەزار ئەفغانیان لە ڕووی سەربازی پەروەردە و چەکدار کردووە، بەپێی ئامارەکانی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار سەرباز و پیاوانی ئاسایش دەخەملێنرێت، لەبەرامبەر ٧٥ چەکداری شەڕکەری بزوتنەوەی تالیبان. ئەگەرچی لەڕووی ژمارەوە ئەو سەرباز و ئاسایشەی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پێگەیەندراوە گەلێک زیاترە لەو ژمارەیەی لە واقیعدا لە ڕێزەکانی سوپادان. کەواتە لە ڕاستیدا ئەو ژمارانە تەنها لەسەر کاغەزدا بوونیان هەبوو، ئەمە بووە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی "سوپای وەهمی"، چونکە بەرپرس و دەسەڵاتداری گەندەڵ و فاسدی لێکەوتەوە کە تەنها بۆ وەرگرتنی مووچە و سوودمەندبوون ئیمتیازاتی مادی کاریان دەکردن نەک بونیادنانی سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوو کە توانای جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی هەبێت لەبەرامبەر هەڕەشەکان(٧). سەرەرای خەرج کردنی ٨٣ ملیار دۆلار لەلایەن ئەمریکا بۆ پەروەردەکردن و پڕچەک کردنی سوپای ئەفغانستان، بەڵام نەیتوانی ئیرادەی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێو هرز و مینتالیتەی لەشکری ئەفغانی بچێنێت، لەهەمان کاتدا مۆراڵ و مەعنەویانیش لەنێو لەشکری ئەفغانی بەجۆرێک بوو کە ئینتیمایان جگە بۆ مادە و گەندەڵی بۆ هیچ شتێکی تر نەبوو. لەبەرامبەردا پۆلیسی دەوڵەت ڕووبەڕووی قەیرانی بێ مووچەیی بوویەوە کە بە چەند مانگێک مووچەیان وەرنەدەگرت، ئەمە بۆ بەشێک لە سوپاش ڕاست بوو، هەروەها ئەو هێزانە بەرەوڕووی بێ خۆراکی و نەبوونی یێداویستییەکانیش بوونەو. جێگیرکردنی پۆلیس و سوپا لە هەرێمە دوورە دەستەکان لە ناوچەی خۆیان هۆکاری سەرەکی بوو لە سەرهەڵدانی هەستی ناڕەحەتی و لاوازبوونی ئینتما. لەگەڵ دەرچوونی ئەمریکا و پێشڤەچوونی بزوتنەوەی تالیبان بەشێکی زۆر لەمانە گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خێزانەکانیان بکەن. بەشی هەرە زۆری سوپا و پیاوانی پۆلیس لایان گرنگ نەبوو بەرگری لە حکومەتی لاواز و گەندەلی ئەشرەف غەنی بکەن، بەم شێوەیە چەکەکانیان دانان و هێزەکانی بزوتنەوەی تالیبان سەریان هەڵدا و حکومەتی کابول "ئەشرەف غەنی" توانای بەکارهێنانی ئەو چەکانە نەبوو کە خاوەنی بوو، ئەم دیاردەیەش زیاتر لە هێزی ئاسمانی بەدیکرا. هێزەکانی حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان نەتانەت نەیانتوانی فڕۆکەکانی خۆشیان بەکاربێنن(٨). لەلایەکی دیکەشەوە بزوتنەوەی تالیبان بە‌هێزتر بوو لەوەی ئەمریکا پێشبینی کردبوو، دەستیان بەسەر چەکە پێشکەوتووە ئەمریکییەکانیشدا گرت، ئەمەش یارمەتیدەریان بوو بۆ ئەوەی توانای جەنگیان هەبێت لەبەرامبەر هێزەکانی حکومەتە شکستخواردووەکەی ئەشرەف غەنی.

ئاکامەکانی گەڕانەوەی تالیبان لە ئەفغانستان
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، کەوتنی حکومەتی کابول و گەڕانەوەی بزوتنەوەی تالیبان بۆ تەختی فەرمانڕەوایەتی ڕەنگدانەوەی ناوخۆی، هەرێمی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دێنێت، لە گرنگترین ئاکامەکانیش ئەمانەی خوارەوەن؛
• دابەزین یان کەم بوونەوەی ئاستی متمانە و میسداقیەتی ئەمریکا لەبەرامبەر هاوپەیمانەکانی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش، بەم شێوەیە پشتکردنی ئەمریکا لە هاوپەیمانەکانی لە ناوخۆی ئەفغانستان وا نیشان دەدرێت کە مەیل و ئاراستەی ئەفغانییەکان لەمەودوا بەرەو چین دەبێت لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکان و جەخت کردنەوە لەسەر هەڕەشەکان.
• لەوانەیە گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان کاریگەری لەسەر سەرهەڵدانەوەی ڕێکخستنە توندڕەوە جیهادییەکان لە عێراق و سوریا هەبێت کە دوای شکشتی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" بەرەو ڕووی شکستی مەزن بوونەوە.
• لەوانەیە گەڕانەوەی تالیبان ببێتە هۆی پاشەکشە کردنی ماف و ئازادییەکانی ئافرەتانی ئەفغانی، لە ڕووی مافە پەروەردییەکان، کەسییەکان، سیاسی و ئابوورییەکان کە دوای بیست ساڵ تێکۆشان لە پێناو دەستەبەرکردنی ئەو ماف و ئازادییانە.
• ئەگەری دروست بوونی بۆشایی ڕووحی ململانێ نێوان هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان لە ئەفغانستان و گەڕانەوەی ململانێ و ناکۆکی نوێ لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ئەفغانستان. هەروەها ئەم بارودۆخە نوێیەی کە بەرەو ڕووی کابول دەبێتەوە نابێتەوە هۆی دوورخستنەوەی ئەو ناکۆکی و ململانێیانەی لەسەر بنەمای ئیتنیکی و مەزهەبی وجودیان هەیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم پێشهاتانە لە ئەفغانستان ئەم ناکۆکیانە قوڵتر دەکەنەوە.

کۆتایی و دەرئەنجام
لەگەڵ گەڕانەوەی بزوتنەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات ناونیشانی سەرەکی بارودۆخی نوێ کە بەرەو ڕووی ئەفغانستان دەبێتەوە بریتی دەبێ لە دۆخی "نادڵنیایی". لەم چوارچێوەیەشدا ئەم بزوتنەوەیە دۆخی ناهەمواری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی دەبێتەوە بەو توانا و ئیمکانیەتە سنوردارەی کە هەیەتی. ئەگەر وا دابنرێت دوای دانپیانانی ئەو دەسەڵاتە توندئاژۆیە کە ئەگەرێکی زۆر لاوازە، بەڵام ئەجێندا، فۆڕم و ستراتیجییەتی کارکردنی داهاتووی ڕوون نییە کە ئایا بە چ ئاراستەیەک یان بە چ شێوازێک کاردەکات. لەم قۆناغەدا ئەوەی زۆر جێگەی سەرنج و قسە لەسەرکردنە بریتییە لە گەرانەوە بۆ ئەزموونی حوکمڕانی ساڵی ١٩٩٦ -٢٠٠١ کە بریتی بوو لە قۆناغی توند و تیژی لە سیاسەت و گوتار لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە پەراوێزخستن و دانپیانەنان لەڕووانگەی نێودەوڵەتییەوە. دوای دەست بەسەرداگرتنی کابول تالیبان دەستی بە ئاخاوتن و گوتاری نەرم و میانڕەو کردوە لە پێناو ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی ئەرێنی لێی بڕوانێت و قبوڵی بکات، هاوکاری ئابووری دەستەبەر بکات بۆ دروست کردنی سەقامگیری لە وڵات دوای قۆناغی وێرانکاری و شەڕ. هەروەها ئەگەرێکی زەحمەت و دوور نییە پاکستان دان بە دەسەڵاتی تالیبان دابنێت، بەڵام چین کە لەگەڵ "ئیسلامی توندڕەو" شەڕ دەکات، کەمپی سەربازی کردۆتەوە بۆ هاووڵاتییانی خۆی کە ئویگورییەکانن، هەروەها وا دەردەکەوێت کە ئیعتیراق بە تالیبان دەکات دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. ڕوسیاش وەک زلهێزێکی جیهانی خۆشحالی خۆی نەشاردۆتەوە لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەلات لە ئەفغانستان بەڵام وا بە گونجاوتر دەبینێت کە چاوەڕوانی بارودۆخەکە و چاودێری سیاسەتەکانی تالیبان بکات، لەبەرئەوەی لە کۆمارەکانی ئاسیادا دەوڵەتێکی خاوەن کاریگەری و نفوزە. هەروەها ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە نێو یەکێتی ئەوروپا و ناتو سیاسەتی خۆ بە دوور گرتن و پەراوێزخستن لەبەرامبەر تالیبان پەیڕەو دەکەن و کار دەکەن بۆ ئەوەی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕووانگەیەکی ئیجابی لەبەرامبەر تالیبان دروست نەبێت. ئەگەری ئەوە هەیە تالیبان گوتارێکی مامناوەند لە پێش بگرێت کە ڕێزگرتنی پلۆرالیزمی سیاسی و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ئەفغانییەکان لە خۆبگرێت، هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخ و پێشهاتە نوێیە دەکات لە ئەفغانستان، قۆناغی داهاتوو وەک قۆناغی تێست و ئەزموون کردن پێناسە دەکرێت.

پەراوێزەکان
[1] Dion Nissenbaum & Gordon Lubold, “Military Believes Trump‌s Afghan War Plan Is Working, but Spy Agencies Are Pessimistic,” The Wall Street Journal, 2018, accessed on 18/8/2021, at: https://on.wsj.com/3xOoAHX
[2] “Remarks by President Biden on the Drawdown of U.S. Forces in Afghanistan,” The White House, 8/7/2021, accessed on 18/8/2021, at: https://bit.ly/3yTo9xD
[3] Griff Witte, “Afghanistan-War,” Britannica, accessed on 17/8/2021, at: https://bit.ly/3iPgwme
[4] “The U.S. War in Afghanistan: 1999 – 2021,” The Council on Foreign Relations, accessed on 19/8/2021, at: https://on.cfr.org/3xUbVn4
[5] “Remarks by President Biden on the Way Forward in Afghanistan,” The White House, 14/4/2021, accessed on 19/8/2021, at: https://bit.ly/3CSRtqa
[6] Kathy Gannon, “US left Afghan Airfield at Night, didn‌t Tell New Commander,” The Associated Press, 6/7/2021, accessed on 19/8/2021, at: https://bit.ly/2VSZefr
[7] Alia Shoaib, “Why the US-trained Afghan National Army have been Defeated with Ease by the Taliban,” Business Insider, 19/8/2021, accessed on 17/8/2021, at: https://bit.ly/3jXOpk9
[8] Robbie Gramer, “How Did Things Go So Bad So Fast in Afghanistan?” Foreign Policy, 12/8/2021, accessed on 20/8/2021, at: https://bit.ly/37MvN0T