خێرەكەی تاڵیبان بۆ کوردستان!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ساسان تۆفیق 18/08/2021

خێرەكەی تاڵیبان بۆ کوردستان!

پاش رووداوەکانی ئەم دواییەی ئەفغانستان و رادەستكردنی دەسەڵات بۆ تاڵیبان، وڵاتانی جیهان بە گشتی بە وریاییەوە لێدوانیان لەبارەی رووداوەکانەوە دا. بەریتانیا هۆشداریدا سەبارەت بە هەر جۆرە هەڵوێستێکی یەکلایەنە بۆ داننان بە حوکمی تاڵیبان لە ئەفغانستان. ئەمریکا کە هەر خۆی دانوستاندنی لەگەڵ تاڵیباندا کردبووە و رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو بۆ دووبارە قووتکردنەوەی ئەم هێزە ئیسلامییە توندڕەوە لەسەر سەکۆی دەسەڵات، وای نیشاندا بەئاسانی هەرەسهێنانی سوپای ئەفغان چاوەڕواننەکراو بوو. هەر زووش هۆشداریدا سەبارەت بە گەشەسەندنی تیرۆریزم لە ئەفغانستان. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دووپاتی کردەوە بە هەموو ئامرازەکانی بەردەستیان تێدەکۆشن بۆ لەناوبردنی هەڕەشەی تیرۆریزمی جیهانی لە ئەفغانستان. کۆمەڵێک وڵاتی دیکەش هەر یەکەوە بە شێوەیەک نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە بارودۆخی ئەفغانستان پێشان دا. لەم نێوەندەدا تەنیا چین و رووسیا و ئێران هەوڵی نزیکبوونەوە لە حومکڕانە نوێیەکانی ئەفغانستانیان داوە بەڵام هیچ یەک لەم وڵاتانە بە شێوەیەکی راستەوخۆ پیرۆزباییان لە تاڵیبان نەکردووە. چین ئاماژەی بەوە داوە کە وەک رکابەڕی ئەمریکا هەر پەرەسەندنێک کە لەدژی بەرژەوەندییەکانی واشنتن بێت، لە بەرژەوەندیی پەکیندا دەبێت. باڵوێزی رووسیاش لە ئەفغانستان سەرسامی خۆی لەهەمبەر هەڵسوکەوتی تاڵیبان دەربڕیوە. هەم پەکین و هەم مۆسکۆش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی تاڵیبان لە بنیاتنانەوەی ئەفغانستان. سەرۆکی نوێی ئێرانیش، ئیبراهیم رەئیسی، پێشوازیی لە "شکستی ئەمریکا" لە ئەفغانستان کردووە، بێ ئەوەی ناوی تاڵیبان بهێنێت.

ئەوە هەڵوێستی ئەو وڵاتانەیە کە هەر یەکەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان سوود لە ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوین دەبینن و هێزگەلی وەک تاڵیبان و داعش و ئەلقائیدە لە بنەڕەتدا لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەواندان. لە سۆنگەی تێڕوانینی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هێزێکی تیرۆریستیی وەک تاڵیبان، هیچ کام لەم وڵاتانە زاتی ئەوەیان نییە بەئاشکرا پشتیوانیی خۆیان بۆ رابگەیەنن چ جای ئەوەی پیرۆزبایی لێ بکەن.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان دەمودەست لەگەڵ داگیرکردنی کابول پەیامی پیرۆزبایی و بەیعەتدان بە تاریكپەرەستانی تالیبان دەبیسترێت. سەرەتا کوڕی رابەڕی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شانازییەوە باس لە پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان دەکات و پەیامی تاڵیبانیش بۆ خەڵکی کوردستان دەگوازێتەوە! دوای ئەوەش ئاماژە بۆ خواست و ویستی جیهادی لە کوردستان دەکات. دواتر هەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پیاوێک بە جلی کوردییەوە دەبینین کە بەبۆنەی سەرکەوتنی هێزی ئیسلام بەسەر ئەمریکای داگیرکەر لە ئەفغانستاندا بەنیازە مەڕێکی قەڵەو بکاتە قوربانی. پاش ئەوەش پەیامی پیرۆزبایی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ تاڵیبان بڵاو دەبێتەوە.

کۆمێنتی بەکاربەرانیش لەژێر پۆستی ئەم قوربانی و پیرۆزباییانەوە، جێگەی نیگەرانی و هەڵوەستە لەسەر کردنە. بەشێک لە بەکاربەران بەئاشکرا پێشوازی لە حوکمی تاڵیبان دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن تاڵیبان حوکمی شەرعیی ئیسلام پیادە دەکات.

تا ئەمڕۆش هێزێک کە بانگەشەی سەروەریی حوکمی ئیسلامی دەکات هەڕەشە لە سەرجەم دانیشتووانی هەرێم دەکات بە هەموو رەنگ و ئایدۆلۆژیایانەوە. ئایا بیرەوەریی تاکی کورد ئەوەندە کورت مەودایە؟! ئایا کورد ئەو تیرۆر و تۆقاندن و سەربڕین و هەتککردنی شەرف و نامۆسی بە هەزاران هاونەتەوەیی خۆی لەبیر کردووەتەوە؟! ئایا رەوایە تەنیا لەبەر ئەوەی داعش و هاوشێوەکانی بانگەشەی دادپەروەریی ئیسلامییانە دەکەن، تاکی کورد خۆی لە ئاست ئەم هەموو تاوانەدا کوێر بکات؟!
وەک ئێستا کە پەیامی پیرۆزبایی لە کورستانەوە بۆ تاڵیبان دەچێت، لەسەروبەندی بەهێزبوونی داعشیشدا بەشێکی زۆری خەڵکی موسڵ پۆل پۆل پێشوازییان لەم هێزە کرد تەنیا لەبەر ئەوەی لە وەک سوننە هەستیان بەوە دەکرد لەلایەن بەغداوە پشتگوێ خراون. بەڵام زۆری نەبرد باجی ئەم شاگەشکەبوونەیان داو و ئێستەشی لەگەڵدا بێت بەدەست کاولکاری و وێرانکارییەکانی داعشەوە دەناڵێنن و تیرۆریستان نەک تەنیا بارودۆخی خەڵکی موسڵیان باشتر نەکرد بەڵکو ژیان و کلتوور و شارستانییەتی خەڵکیان بە سەدان ساڵ بۆ دواوە پاڵ نا.

ئەوەی وای کرد تاڵیبان سەربکەوێت، بە پلەی یەکەم بوونی هاوسۆزی خەڵک بوو بۆ تاڵیبان خەڵکێک کە لەدژی گەندەڵی پەنایان بۆ هێزێکی توندرەو بردبوو. هەرچەندەش بەشێکی زۆری هێزەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان خەڵکی ناوخۆیی ئەم وڵاتەن، بەڵام مانای ئەوە نییە کە ستەم لە گەلی خۆیان نەکەن. خەڵک هێشتا ئەشکەنجە و ئازاری بیست ساڵ لەمەوبەری لەژێر چەپۆکی تاڵیبانی لەبیر نەچووەتەوە.

لە کوردستان هەتا دوێنی هێزێکی دیاری ئیسلامی دوودڵ بوو لەوەی ئایا ئەو رۆڵانەی نیشتیمان کە لە شەڕی دژی داعشدا گیانان بەخت دەکەن، بە شەهید هەژمار بکرێن یان نا. ئەگەر هەتا دوێنێ لە کوردستان بە ناڕاستەوخۆ و یان تەنانەت بە دزییەوە پشتیوانی لە تیرۆریستانی داعش دەکرا، ئەمڕۆ بەئاشکرا و لەسەر ئاستی باڵاوە پەیامی هاوسۆزی بۆ هەمان ئەو ئایدۆلۆژیایە توندڕەوەی داعش دەبیسترێت کە بە ئاڵایەکی جیاواز و بە ناوێکی جیاواز هاتووەتە سەر دەسەڵات.

ئەو شەپۆلە شادومانییەی دوای باڵادەستبوونی تاڵیبان لە ئەفغانستان حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستانی گرتووەتەوە، شرۆڤەی خۆی هەیە کە جیایە لە هۆکاری هاوسۆزیی بەشێک لە هاووڵاتیانی هەرێم بۆ ئەم هێزە توندڕەوە. هەندێک کەس ئەم هاوسۆزییە بەتەواوەتی بە بوونی گەندەڵییەوە دەبەستنەوە، ئەمەش شرۆڤەیەکی زۆر رووکەشیانە و هەڵەیە، چونکە ناڕەزایی خەڵک لەمڕووەوە هەرچەندیش بێت، ناشێ ببێتە بیانۆ بۆ پەسندان و دەستخۆشیکردن و پیرۆزباییکردن لە تاڵیبان. نادیدە گرتنی قوربانیدان و گیان بەختکردنی بە هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتیمانە لەدژی داعش نەک تەنیا بێرێزییە بە پیرۆزییە نەتەوەییەکان، بگرە مەترسییەکی گەورەشە.ئەوانەی بانگەشە بۆ تاڵیبان دەکەن لە دڵەوە ئاواتەخوازی دەسەڵاتێکی ئیسلامیی سیاسی توندڕەوەن.

كۆتا قسەم ئەوەیە كە تاكە خێری تاڵیبان بۆ كوردستان تا ئیستا ئەوەیە رووی راستەقینەی لایەنە ئیسلامییەكانی دەرخست. ئەگەر ھێزە ئیسلامییەكانی كوردستان تا دوێنێ نكۆڵییان لەوە دەكرد شوێنكەوتەی ئایدۆلۆژیای توندرەوانەی ئیسلامین، ئەمڕۆ بە كردەوە و بە پیرۆزبایی لە تاڵیبان سەلماندیان كە ئەمە تۆمەت نییە و لەڕاستیدا پشتیوانی لە ئیسلامی توندرەو دەكەن. ھەر بۆیەش نابێت ھیچ كات دەرفەت بەم لایەنانە بدرێت بگەنە دەسەڵات ئەگەرنا كوردستانیش بە دەردی ئەفغانستان دەچێت.