كولێرەخانەیەك سەدان پەند و وتەی نەستەق لە دیوارەكانی هەڵواسیوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

كولێرەخانەیەك سەدان پەند و وتەی نەستەق لە دیوارەكانی هەڵواسیوە

”خەڵك دێن پەندەكان دەنووسنەوە و وێنەی دەگرن“

”وەرە بكڕە تاكو بژیم، ئەگەرنا بكڕە تاكو من بژیم، خۆشباوەڕ چاوێكی كوێرە، ئەگەر دەستم ناگریت بۆ رزگار بوونم، مەمخەرە دەریا بۆ لەناوچوونم، پێكەنین دەرمانە، بەڵام بەبێ هۆ پێویستت بە دەرمانە؟، پینە و پەڕۆی خۆت، لە تازەی خەڵك باشترە، هێز و جوانی و دەوڵەمەندی ناتكەنە مرۆڤ، هەموو كەس شێتی پارەیە، بەڵام شێت بێ پارەیە“، ئەمانە و سەدان پەند و قسەی نەستەقی دیكە، لە كولێرە بە روونی باواجی هەڵواسراوە و كڕیاران خەریكی خوێندنەوەین و خاوەنەكەشی دەڵێت: ”زۆر خەڵك ئەو قسانە دەنووسێتەوە و وێنەیان دەگرێت“.

كولێرە بە روونی باواجی، بەوە ناسراوە، لە ناوەوە و دەرەوەی كولێرەخانەكەی بە سەدان پەند و قسەی نەستەقی هەڵواسیوە، بە قسەی سیروان میكایل كۆیی، خاوەنی كولێرەخانەكە، كڕیاران، بەشێك بۆ خوێندنەوەی ئەو پەندانە دێن و دەست خۆشی لێ دەكەن، ئەو لە ساڵی ١٩٩٩ لە شاری كۆیەوە بەرەو هەولێر كۆچی كردووە، سەرەتا كولێرەخانەیەك لە گەڕەكی سێتاقانی هەولێر دادەنێت، لەو كولێرەخانەیە دەست بە هەڵواسینی پەند و گوتانە دەكات، وەك باس دەكات، ئەو لە ساڵی ١٩٨٨ كاتێك لە سوپای عێراق بووە، خولیای كۆكردنەوەی پەند و قسەی نەستەقی لا دروست دەبێت و لە دەفتەرێك كۆی دەكاتەوە و ”بەتایبەت گوتەكی دایكم زۆر كاری لێدەكردم، هەموو جار دەیگۆت كوڕم مەنۆڕە قیت و قۆزێ، بنۆڕە مل بەتۆزێ، بەو گوتەیەش وای لێكردم فێری ئیشكردن بم و عەشقی گوتە و پەندی كوردی بم“.

خاوەنی كولێرە بەڕوونی باواجی، ئەوە دەخاتەڕوو، كە یەكەم پەندی لە دوكانەكەی بڵاو كردبێتەوە، لە ساڵی ١٩٩٩ بووە، كە نووسیویەتی (وەرە بكڕە بۆ ئەوەی بژی، ئەگەرنا بكڕە بۆ ئەوەی من بژیم)، ئەوەش بووەتە هاندەر كە بیر لەوە بكاتەوە، لەناو كولێرەخانەكەی گوتە و پەند بڵاو بكاتەوە، وردە وردە، دەستی پێكردووە، دواتریش مانگانە چەند پەندێكی لەسەر کاغەز نووسیوە و دواتر گۆڕیویەتی بە پەندی دیكە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠ هەموو پەندەكان لەسەر فیلێكس لەبەرگ دەگرێتەوە و دەڵێت: ”ئێستا نزیكەی ١٢٠ گوتە و قسەی نەستەقن، بەشێك گشتین و هی پێشینانن، بەشی زۆری گوتەی خۆمن، لە پێنج وشەش زیاتربێ نانووسم، خەڵك چێژی زۆر لەو وتانە وەردەگرێت، تەنانەت پیرەپیاوێك كە تەمەنی نزیكەی ٨٠ ساڵ دەبوو، سێ دانە رۆژ هات دانیشت و هەموو پەندەكانی نووسیوەوە، زۆریش دەستخۆشی لێكردم“.

سیروان، ئاماژە بەوە دەدات، كە زۆر خێزان دێن، بە مۆبایل وێنەی ئەو گوتانە دەگرن، بەشێك لەو پەندانە، خەڵك پەندی لێ وەردەگرێت ”لەو رۆژانە كوڕ و باوكێك هاتن، باوكە هات ئەو پەندانەی بۆ كوڕەكەی شی دەكردەوە، بەمنی گوت لەوانە قسە لەمن وەرنەگرێت، خۆت ئامۆژگاری بكە و ئەو پەندانە روون بكەوە، لەوانەیە قسە لەمن وەرنەگرێت“.