مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە ساڵی ١٩٧٩ لەسەر داوای حکوومەتی عێراق، لەناو جەرگەی شاری سلێمانی بینایەک بە ڕووبەری ١٦٨٨٠ مەتر چوارگۆشە بە مەبەستی شوێنی ئەمنی و گرتووخانە بۆ شۆڕشگێڕەکانی کورد لە سەردەمی رژێمی بەعسی لەناوچوو درووست کرا.

دیزاینی ئەم باڵەخانەیە لە ئەڵمانیای رۆژهەڵاتیی ئەوکات ئامادە کراوە، بۆ درووستکردنیشی بە سێ قۆناغ کاری تێدا کراوە، ساڵی ١٩٨٥ کاری بیناسازییەکەی تەواو بووە و بە شێوازێکی فەرمی بۆ کاری لێکۆڵینەوەی سیاسی و وەک گرتووخانە بەکار هاتووە.

کاربەدەستانی ئەوکات هەر لە سەرەتاوە ئەم باڵەخانەیان بۆ مەرامی سیاسی و بیرۆکەی ئەمنی و زیندانی سیاسی بەکار هێناوە، هەر بۆیەش هەموو پێداویستییە تایبەتییەکانی نیشتەجێبوونی کارمەندەکانیان لەناو خودی بیناکە دابین کردووە، وەک دروستکردنی چەندین خانوو و شوێنی مانەوە و ژیان بۆ کارمەندەکانی ئەوێ، تەنانەت لێدانی بیری تایبەتیی ئاو بۆ دابینکردنی ئاوی پێویستی بیناکە.

 لە راپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ و رێک لە رۆژی ٨/٣/ ١٩٩١ ئەم باڵەخانەیە ئازاد کراوە، بۆ ماوەی پێنج ساڵ کوردە ئاوارەکانی کەرکووکی تێدا نیشتەجێ بوون، بەڵام دواتر ئامادەکاریی پێویستی بۆ کرا و باڵەخانەکە چۆڵ کرا و کرا بە مۆزەخانەیەکی هاوچەرخ، بەناوی (مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە) تا لە یادمان نەچێت، ئەمەش بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو و تەواوی سەردانکەرانی ئەم مۆزەخانەیە بە بەڵگەوە تاوان و ناهەقییەکانی رژێمی پێشوو ببینن بەرانبەر بە خەڵکی ئازادیخوازی کورد.

ئەمنە سوورەکە لە چەند بەشێکی جیاواز پێکهاتووە، هەر بەشێک تایبەت کراوە بە پیشاندانی مێژوو و رابردووی گەلی کورد، بەتایبەت لە سەردەمی رژێمی بەعسدا.

بە شێوەیەکی گشتی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە بەسەر دوو بەشی سەرەکییدا دابەش دەبێت:

بەشی یەکەم کە مۆزەخانەکانن.

بەشی دووەم تایبەتە بە کار و چالاکییەکان.

لەبارەی بەشی مۆزەخانەکان و شوێنە مێژووییەکان بەم شێوازە دابەش دەبن و لەم بەشانە پێکهاتوون:

- بەشی ئاوێنەکان:

لە بەشە گرنگ و تایبەتەکانی ئەم مۆزەخانەیە، هۆڵی ئاوێنەکانە، کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا ژووری ئەفسەرەکانی ئەمن بووە و ئێستا بە شێوازێکی تایبەت وەک ئەشکەوت دروست کراوەتەوە و دیوارەکانی بە ١٨٢،٠٠٠ پارچە ئاوێنە رووپۆش کراوە.

ئەم دیوار و پارچە ئاوێنانەش نیشانە و ئاماژەن بۆ ژمارەی قوربانیانی تاوانی ئەنفال کە ١٨٢ هەزار قوربانین. هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم پارچە ئاوێنانەش ئاماژەن بۆ پاکی و بێتاوانیی ئەو هاووڵاتییانەی کە بەر شاڵاوی بەدناوی ئەنفال کەوتوون.

هەروەها لە بنمیچی ئەم هۆڵە نزیکەی ٤٥٠٠ گڵۆپی ورد و بچووک بەکار هاتوون، ئەمەش وەک ئاماژە و نیشانەیەک بۆ ژمارەی ئەو گوندانەی لە کاتی ئەنفالدا وێران و خاپوورکراون. شێوازی دروستکردنی ئەم بەشە لەسەر شێوەی ئەشکەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پاش ڕووخان و وێرانکردنی گوندەکان لەلایەن بەعسەوە، پێشمەرگەکان پەنایان بۆ ئەشکەوتەکان بردووە بۆ خۆ حەشاردان و بەردەوامبوون لە خەباتیان دژی رژێم.

بەشی دووەمی ئەم باڵەخانەیە ژوورێکی فۆلکلۆری - کەلەپوورییە کە دیوەخانێکە تێکەڵ لە ماڵێکی گەرمیانی و ناوچەکانی تری کوردستان بۆ نیشاندانی شێوازی ژیانی سادەی ئەو کوردانەی بوونەتە قوربانیی پرۆسەی ئەنفال.

- بەشی کولتووری:

ئەم بەشە لە دوو نهۆم پێکهاتووە، کۆمەڵێک کەرەستەی ناوماڵ و فەرش و راخەری کوردی و چەندین جۆر جلوبەرگی تایبەت بە ناوچەکانی دیکەی کوردستانی تێدایە، هەروەها زۆربەی جۆرەکانی کڵاوی کوردی و چەندین جۆر تفەنگ و فیشەک و فیشەکدانی تێدایە، بەتایبەتی ئەو چەکانەی کە لە سەردەمی شێخ مەحموودی حەفید و شۆڕشەکانی گەلی کورددا وەک شۆڕشی ئەیلوول بەکار هاتوون و خراونەتەوە بەر دیدی بینەر و سەردانکەران.

سەردانکەران لەم بەشە بینەری کۆمەڵێک کەلوپەلی کوردی دەبن کە هەمووی کاری دەستی و هونەری کوردییە، بەتایبەتی ئەو کەلوپەلانەی لە سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری بەکار هاتوون.

ئەم بەشە بەم ئامانجە کراوەتەوە کە بەڵگەیەک بێت بۆ سەلماندنی مێژوو و کولتووری رەسەنی کورد، چونکە بێجگە لە کوشتار و لەناوبردنی کورد، رژێمی پێشووی بەعس یەکێک لە ئامانجەکانی لەناوبردن و سڕینەوەی مێژوو و کولتووری کوردی بووە.

- بەشی زیندانەکان:

 گرنگترین بەشی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە بەشی زیندانەکانە، کە لە ساڵی ١٩٨٧ بە شێوەیەکی نهێنی دروست کراوە و لە دوو نهۆم پێکهاتووە: نهۆمی یەکەم لە دوو هۆڵی پیاوان (یەکێک لە هۆڵەکان تایبەت بووە بە مێردمنداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ) و پێنج ژووری زیندانی تاکەکەسی (ئینفرادی) و دوو هۆڵی تایبەت بە زیندانیانی ئافرەتی لێیە. هەر لەم نهۆمە لە بەشی زیندان سێ ژوور تایبەت کراوە بە ئەشکەنجەدان، کە دوو ژووری تایبەتە بە جۆرەکانی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی بۆ زیندانییەکان و ژوورێکیش بەناوی ژووری هەڵواسین، کە تایبەت بووە بۆ هەڵواسین و کارەبا لێدانی زیندانییان پێش لێکۆڵینەوە، ئەمەش بە مەبەستی ترسان و تۆقاندنیان بووە تا زۆرترین زانیاریان لێ وەربگرن.

نهۆمی دووەمی ئەم بەشە لە سێ هۆڵی بچووک و هەشت ژووری تاکەکەسی پێکهاتووە.

ئەم بەشەی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە وەک شوێنێک بووە بۆ دەستبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە لەگەڵ زیندانییەکان، پاشان بەندکراوەکان بۆ جێبەجێکردنی سزا رەوانەی گرتووخانەکانی تری عێراق دەکران.

- بەشی کۆڕەو

بەشی چوارەمی ئەمنە سوورەکە بۆ پێشانگایەکی هەمیشەیی لەبارەی کۆڕەوە مەزنەکە تەرخان کراوە، کە لە پاش راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ و دوای هەوڵی گەڕانەوە و داگیرکردنەوەی کوردستان لەلایەن رژێمی بەعس، خەڵکی کوردستان بە مەبەستی رەتکردنەوەی ئەم رژێمە بەرەو سنووورەکان رۆیشتن، رێژەی کۆچڕەوان ئەوکات بە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس مەزەندە دەکران.

ئەم پێشانگایە لە کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆی ئەو سەردەمە پێکهاتووە کە خەڵک بەرەو سنوورەکان دەچوون و چەندین وێنە و ڤیدیۆش ژیانی ئاوارەیی خەڵک نیشان دەدن.

- بەشی مین و تەقەمەنی

ئەم بەشە تایبەت کراوە بۆ پێشاندان و خستنەڕووی ئەو جۆرە مین و تەقەمەنی و گوللەتۆپ و هاوەنانەی کە بە بیانووی شەڕی ئێران و عێراق لە کوردستان چێندراون، زۆربەی مین و تەقەمەنییەکانیش بەتایبەت لەو شوێنانە دانراون کە پێشمەرگەی لێ بووە، مەرامیشیان ئەوە بووە پێش بە هێزی پێشمەرگە بگرن و دێهاتەکانی کوردستان وێران بکەن.

- بەشێکی تر بۆ مێژووی ئەنفال

بۆ نیشاندانی گەورەیی کارەساتی ئەنفال، بەڕێوەبەرانی ئەم مۆزەخانەیە هۆڵێکی تایبەتی دیکەیان دروست کردووە، لەوێ بە دوورودرێژی نەخشە و پلانی هەموو شاڵاوە بەدناوەکەی تێدایە. ئەو پلان و نەخشەیەی کە حکوومەتی بەعس بۆ خۆی دایڕشتووە بە مەبەستی جینۆسایدکردنی نەتەوەی کورد، ئەمەش بە شەش قۆناغ و لە هەشت ناوچەی دیاریکراوی کوردستان جێبەجێ کراوە. ئەمە و هاوکات لەگەڵ هەموو ئەو زانیاری و ئامارانەی کە لەمبارەیەوە کۆ کراونەتەوە و بەردەست کەوتوون.

لەم هۆڵەدا چەندین وێنەی شەهیدانی ئەنفال و بەشێک لە ناوی ئەو کەسانەی بەر ئەم شاڵاوە کەوتوون دانراون، هەروەها کۆمەڵێک کەلوپەلی دۆزراوەی تایبەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان، لەگەڵ وێنەی بکەرەکانی ئەم کارەساتە وەک سەرانی بەعس و کۆمەڵێک پێناسە و ناساندن لەسەر وشە و زاراوەی ئەنفال دانراون.

میچ (سەقف)ی ئەم هۆڵە بە ڕەنگی شین و چەند ئەستێرەیەک داپۆشراوە، ئەمەش وەک هێما و سیمبۆلێک بۆ ئەوانەی ئەنفال کران و بردرانە بیابان و دەشتە دوورەکان کە لەوێ بێجگە لە ئاسمان و ئەستێرە هیچ ترووسکایی و هیوای ژیانیان لێ دیار نەبووە.

- شەهیدانی شەڕی داعش

هەر لەم باڵەخانەیە، بە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک بەڵگە و دۆکیومێنت مۆزەخانەیەکی تایبەت بە شەڕی دژی داعش دروست کراوە، بە ناوی (مۆزەی شەهیدانی شەڕی دژی داعش) کە پێکهاتووە لە وێنەی شەهیدانی شەڕی دژی داعش، هەروەها دانانی پەیکەرێک بۆ شەهیدانی راگەیاندن کە لە کاتی رووماڵکردنی شەڕی پێشمەرگە لە دژی چەکدارانی داعش شەهید بوون. شایانی باسە لەم بەشە رۆڵی پێشمەرگە ئافرەتەکان لەبیر نەکراوە و بە دروستکردنی پەیکەری هێمایی یادیان بەرز راگیراوە.

هەر لەم بەشە بە کۆکردنەوەی چەندین جۆر کەلوپەلی تایبەت بە سەرکردەکانی داعش، وەک چەندین جۆر مۆری تایبەت کە هەر یەکێکیان بۆ کار و بۆ مەرامێکی دیاریکراو بەکار هاتوون، هەروەها لەگەڵ چەندین پارچە کەلوپەلی بەڕێوەبردنی کاری دامەزراوەیی ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە لەم بەشەدا هەیە، لەگەڵ ئەرشیڤێک بۆ دۆکیومێنت کردنی تاوانەکانیان درووست کراوە.

- مۆزەخانەی پێشمەرگە

مۆزەخانەی پێشمەرگە لە بینایەی پێنجەمی ئەمنە سوورەکە دروست کراوە و لە دوو نهۆم پێکهاتووە، لەم بەشەدا هەوڵ دراوە رۆڵی سەرەکیی و گرنگی پێشمەرگە بەگشتی و بەتایبەت پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ بە ئافرەت و پیاوەوە لە هەموو بوارەکانی شۆڕش وەک رێکخستن و زیندانییە سیاسییەکان و ژیانی پێشمەرگایەتی لە شاخ  بەرز رابگیرێت و نیشانی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو بدرێت. هەر لەم مۆزەخانەیە کۆمەڵێک کەرەستەی شەڕ کە لە لایەن پێشمەرگەکانەوە بەکار هاتوون کۆ کراونەتەوە و دانراون، هەروەها لیستێک لە ناوی پێشمەرگە شەهیدەکانی کوردستان لەوێ هەیە، لەگەڵ چەندین پەیکەری شەهیدان دانراون، لە هەمانکاتدا لەم بەشە قارەمانێتی و بەرخۆدانی پێشمەرگە بە شێوازی دۆکیومێنتاری و فیلم نیشان دەدرێت.

- مۆزەخانەی خۆڕاگری:

لە پشتی باڵەخانەی زیندانەکان، بەشێک هەبووە وەک بەشی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی زیندانەکان بەکار هاتووە، ئێستا کراوە بە مۆزەخانەیەکی تایبەت بە ناوی (مۆزەخانەی خۆڕاگری)، ئەم مۆزەخانەیە لە چوار ژوور و هۆڵێک پێکهاتووە، کە بە شێوازێکی گشتی تایبەتە بە زیندانەکانی سیاسی بۆ پێشاندانی هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر پێشمەرگە و کادیرە حیزبییەکان و کەسانی نیشتمانپەروەری کورددا هاتووە، لەوێ کۆمەڵێک بەڵگە لە سەردەمی راپەڕین کە لە لایەن بەعسەکانەوە بەجێ ماوە و دەست کورد کەوتووە، وەک ناوی زیاتر لە پێنج هەزار شەهیدی لەسێدارە دراو،  دەخرێتە بەردیدی سەردانکەران.

 یەکێکی تر لە بابەتە نمایشکراوەکانی ئەم بەشە، بریتییە لە کۆمەڵێک وێنە و فۆتۆی جۆرا وجۆر لەبارەی زیندانییە خۆڕاگرەکانی ناو ئەمنە سوورەکە، لەگەڵ چەندین نامە و دەستنووسی زیندانییەکان کە بۆ کەسوکاریان نووسیویانە.

 هەروەها پێشاندانی چەندان بەڵگە لەسەر ئەو مێرمنداڵانەی بە ئەنقەست تەمەنیان گەورە کراوە بۆ ئەوەی لەسێدارە بدرێن. بەشێکی تر لە وێنەکان تایبەت کراون بەو گەنجانەی بەهۆی چالاکی سیاسییەوە لەلایەن حکوومەتی بەعسەوە دەستگیر دەکران و دواتر لەناو شار و لە پێش چاوی خەڵک گوللەباران دەکران.

 کۆمەڵێک وێنە لەوێ دانراون وەک: وێنەی ماڵ و خانووی ئەو پێشمەرگانەی کە لەلایەن حکوومەتی ئەوکاتە دەڕووخێنران، یان وێنە و فۆتۆی خزم و کەسوکاری پێشمەرگەکان لە کاتی سەردانیان بۆ لای زیندانییەکان.

هەروەها ژمارەیەک کەلوپەل و کاری زیندانییە خۆڕاگرەکان، بەتایبەت ئەو کارە دەستییانەی کە لە ماوەی زیندانیبوونیان درووستیان کردووە.

پەتێکی سێدارە کە هی زیندانی ئەبوو غورێبە و لە لایەن چەند پێشمەرگەیەکەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەشدار بوون لە پرۆسەی ئازادیی عێراق، لە زیندانی ئەبوو غورێبەوە لەگەڵ خۆیان هێناویانەتە کوردستان و پێشکەشی مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سوورەکەیان کردووە، لەوێ دانراوە.

هەروەها کۆمەڵێک لەو چەمک و زاراوانەی بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندنی خەڵک لە سەردەمی بەعسدا بەکار هاتوون، لەوێ نووسراونەتەوە، ئەمەش بۆ پیشاندانی دڵڕەقیی و دڕندەیی رژێمی خوێنمژی سەدامە، نموونەی ئەمانەش وەک: ئەمنە سوورەکە، ئەمنەکە، تەوارییەکە، سەیتەرە، سارداو، پەنجەمۆر، جلی رەش، پۆستاڵ، عەلی کیمیاوی، ئینزار، بەرازیلییە سوورەکە، فیرار، تەعزیب، ئیعدام و زۆر وشەی تر.

بەشی دووەمی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە، تایبەتە بە کار و چالاکییە هەمەجۆر و هونەرییەکان کە رۆژانە بەم شێوازانەی خوارەوە پیشان دەدرێن:

- سینەما

 لە مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە، تەنها بیر لەوە نەکراوەتەوە هەر شوێنێک بێت بۆ نیشاندانی مێژوو و رابردووە خوێناوییەکەی بەعس و ئەو نەهامەتییانەی بەسەر رۆڵەی کورد هاتووە، بەڵکوو چەندین بەشیان دیاری کردووە بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکییە هونەرییە جۆراوجۆرەکان، وەک دروستکردنی سینەمایەکی تایبەت و مۆدێڕن بە ناوی (سینەمای یەڵماز گونای)، کە شوێنی١١٠ کەسی تێدا دەبێتەوە، ئەم بەشە بە پێشکەوتووترین ئامێر و سیستمەکانی دەنگ و رەنگ دروست کراوە و تا ئێستا چەندین فیستیڤاڵی فیلمی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی تێدا بەڕێوە چووە.

- گەلەری

هۆڵی گەلەری لە گەراجێک دروست کراوە، کە پێشتر لە لایەن رژێمی بەعس وەک گەراجی ئۆتۆمبێلەکانی کارمەندانی بەعس بەکار هاتووە. ئەم هۆڵە بە شێوازێکی مۆدێرن دروست کراوە و  لە سێ بەش پێکهاتووە، بۆ چالاکییە هونەرییەکان، وەک پێشانگەی فۆتۆگرافی و شێوەکاری و جۆرەکانی تری هونەریی، کە تا ئێستا لەم بەشە چەندین فیستیڤاڵی هونەریی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی تێدا بەڕێوە چووە.

- قاوەخانە

بەشی قاوەخانە (کۆفی نێت)، یان کافێتریا، ئەمە جگە لەوەی ئەم بەشە بە درێژایی رۆژ بە رووی سەردانکەراندا کراوەیە، هەروا شوێنێکیشە بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار لە بوارە جیاوازەکانی کولتوور.

- کتێبخانە

هەرچەند ئەم بەشە ئێستا نۆژەن دەکرێتەوە، بەڵام شوێنێکە بۆ دەستکەوتنی چەندان جۆر کتێبی دانسقە لە هەموو بوارەکان بە تایبەتی لە بوارەکانی مێژوویی و هونەری و... تاد.

دڵشاد مەجید قادر بەڕێوەبەری بەشی هونەریی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە باس لە گرنگیی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە دەکات و دەڵێت: "گرنگیی ئەم مۆزەخانەیە لە چەند روویەکەوەیە، ئەوەی یەکەمیان ئەوەیە کە ئێمە وەک کورد مێژووی خۆمان تۆمار نەکردووە، بۆیە ئێمە لێرە ئەو ئەرکەمان لە ئەستۆدایە کە بەڵگەی باوەڕپێکراو بۆ ئەو رووداو و کارەساتانەی بەسەر کورددا هاتوون کۆ بکەینەوە و رێکیان بخەینەوە تا بە شێوەیەکی شارستانی و مۆدێرن لەبەردەستدا بێت، دیوی دیکەی مەبەستەکەمان بۆ ئەوەیە کە ئەم بەڵگانە رێک بخەینەوە و بە شێوازێک لەگەڵ کاری مۆزەخانەییدا بگونجێت تا پیشانی هاموشۆکەرانی مۆزەخانەکەی بدەین.

بەشێکی تری ئیشەکەی ئێمە ئەوەیە، لێرە لە ئەمنە سوورەکە هاوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە پێویستیان بە بەڵگەیە لەم بوارانەدا، بە تایبەتیش لە سەر تاوانەکانی رژێمی بەعس دەرهەق بە نەتەوەی کورد، چونکە ئێرە ناوەندێکە بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر مێژووی کورد بە گشتی، بە تایبەتی مێژووی هاوچەرخی کورد ".

ناوی ئەمنە سوورەکە:

پێشتر ناوی ئەم شوێنە، بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی سلێمانی بووە، کە لە لایەن خەڵکەوە پێی گوتراوە ئەمنە سوورەکە. وشەی سوورەکە، بۆیە لەگەڵ ئەم باڵەخانەیە گونجاوە، لەبەر رەنگی تایبەتیی دیوارەکانی بیناکەیە کە بە رەنگ، یان بە گڵی سوور داپۆشراوە، کە ئەمەش لای خەڵک وەک سیمبۆلێک بووە بۆ رەنگی خوێن، بۆیە هەر ئەم ناوەی لەسەر ماوەتەوە و دواتر پاش ئەوەی کرا بە مۆزەخانە، دروشمی (تا لە یادمان نەچێت)ی بۆ بەکار هات، بێگومان مەبەست لەمەش وەبیرهێنانەوەی ئەو هەموو کارەسات و نەهامەتیانە بووە کە بەسەر گەلی کورددا هاتووە، بۆ ئەوەی بە کردنەوەی ئەم مۆزەخانەیە بتوانرێت مێژوو وەک خۆی بگوازرێتەوە نەوەکانی داهاتوو.

دیزاینی ئێستای مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە لەلایەن ئاکۆ غەریب کە بەڕێوەبەری ئەم مۆزەخانەیەشە، بە هاوکاریی لەگەڵ تیمی مۆزەخانەکە ئەنجام دراوە.