كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

مینێك كە لە لایەن پەكەكەوە چێندرابوو بە ئۆتۆمبێلێكی پێشمەرگەدا تەقییەوە

پێشمەرگەیەك بریندارە

بەهۆی ئەو مینانەی كە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە نێو سنوورەكانی هەرێمی كوردستاندا چاندوویانە، پێشمەرگەیەك بریندار بوو.

بە گوێرەی راگەیاندراوێكی سەنتەری میدیای سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی ئابی ٢٠٢١، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە، لە سنووری ئامێدی چەکدارانی پەکەکە مینێكی چێندراویان لە رێگەی هاتوچۆی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە داناوەتەوە، لە ئەنجامدا ”مینە چێندراوەکە بە ئۆتۆمبیلێکی پێشمەرگەدا تەقیوەتەوە، ئەگەر چی خۆشبەختانە زیانی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە، بەڵام پێشمەرگەیەک بە سووکی بریندارە“.

جەختیشی كردۆتەوە، دەمانەوێ ڕای گشتی و خەڵکی کوردستان ئاگادار بکەينەوە كە چەندین جارە پەکەکە ئەم رەفتارانە لە سنووری ئەرکی پێشمەرگە دووبارە دەکاتەوە، ھەروەھا کاری تێکدارانە ئەنجام دەدات، بەم رەفتارانەیان مەترسی لە سەر سنوورەکان و لە نێو خەڵکی مەدەنی دروست دەکەن“.

 

پێشتریش لە ٥ی ٨ی ٢٠٢١دا پەكەكە تەقەمەنییان لەسەر ڕێگەی سەرەكیی نێوان كۆمەڵگەی (كوانێ) و گوندی (سەرگەلێ)ی نێوان ئامێدی و دێرەلووك لە نزیك خاڵێكی هێزەكانی پێشمەرگە دانابووەوە، بەڵام پێی زاندرا و لە لایەن تیمەكانی ئەندازیاریی هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانییەوە پووچەڵ كرانەوە.

پەرلەمانی عێراق جەخت لە مەترسیی پەكەكە دەكاتەوە

ڕۆژی ٤ی ئابی ٢٠٢١، (باسنیوز) راپۆرتی لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراقی بڵاو كردەوە كە تێیدا بە راشكاوانە ئاماژە بەوە درابوو، هۆكاری ناسەقامگیریی دۆخی ناوچەكە بەهۆی بوونی چەكدارانی پەكەكەوەیە، جگە لەوەی ئەوە ئاشكرا كرابوو كە پەكەكە بۆ هەر كوێیەك چووبێت، سوپای توركیاش بۆ ئەو ناوچانە درێژ بۆتەوە.

لە راپۆرتی لێژنەكەی پەرلەمانی عێراقدا زۆر بە وردی ئەو زەرەر و زیانانە خراوەتە ڕوو كە لە ئەنجامی شەڕەكانی پەكەكە و توركیا بەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی كەوتوون و ئەم بارودۆخەش بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لێكدراوەتەوە.

پێشتریش چەندانجار پەكەكە بۆمبی بەكار هێناوە

ئەمە یەكەمینجار نییە پەكەكە لە شەڕفرۆشییەكانی بە هەرێمی كوردستان، مین بەكار دەهێنێت، لە ماوەی رابردووشدا دەیان كەس لە هەرێمی كوردستان بەم هۆیەوە بوونەتە قوربانی.

تەنیا لەمساڵدا و لە رۆژی ١٢ی ٣ی ٢٠٢١یش هەر بەهۆی بۆمبی چێندراوی پەكەكەوە لە سنووری سیدەكان، پێشمەرگەیەك گیانی لەدەست دا و یەكێكی دیكەش بریندار بوو.

ئەوكاتە لیوا بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگوردی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند، ئەو دوو پێشمەرگەیە ئەرکی پێشمەرگایەتییان لە باڵەکایەتییە و خەڵکی ناوچەکە بوونە. ویستوویانە سەرێک لە گوندەکەیان بدەنەوە و لە رێگەی گەرووی سینگانی شارۆچکەی سیدەکان (TNT) بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا تەقیوەتەوە.

ئەوەشی ئاشكرا كردبوو كە “ئەو بۆمبەی دانراوەتەوە نوێیە و لە چەند رۆژی رابردوودا لە لایەن گەریلاکانی پەکەکەوە دانراوە و ئەو دوو پێشمەرگەیەش بە ئۆتۆمبێل بە سەریدا رۆیشتوون”.

هەر لە چوارچێوەی بەكارهێنانی بۆمب لە لایەن پەكەكەوە بۆ رێگەگرتن لە هەر جموجۆڵێك جگە لە هێزەكانی خۆی، تیمێكی ٢٢ كەسیی وەزارەتی كارەبا رۆژی ٢٤ی ٤ی ٢٠٢١ كاتێك دەیانویست تۆڕەكانی كارەبای ٣٣ كەی ڤی لە دەڤەری كانی ماسی چاك بكەنەوە كە بەهۆی هێرشی ئاسمانیی سوپای توركیا زیانی زۆری بەركەوتبوو و كارەبای زیاتر لە ٧٠ گوندی ناوچەكە پچڕابوو، چوونە دەڤەرەكە.

ئەو تیمە دوو هاووڵاتیی ناوچەكەیان وەكوو ڕێنیشاندەر لەگەڵدابوو، بەڵام پێش گەیشتنیان بۆ شوێنی مەبەست، بۆمبێكی پەكەكەیان پێدا تەقییەوە كە بەپێی راگەیاندراوی ئەوكاتەی وەزارەتی كارەبا، لە ئەنجامدا فەرمانبەرێكی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی كارەبای دهۆك و دوو هاووڵاتیی دیكە بریندار بوون.

پەكەكە دەیانەوێ رێگەكانی هاتوچۆ پەك بخەن

چاودێران پێیانوایە كە ئامانجی پەكەكە لە دانانەوەی بۆمبەكان، پەكخستنی تەواوەتیی سەرجەم ئەو ڕێگایانەیە كە بە قەندیل و ناوچە سنوورییەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە بەستراوەتەوە، تاوەكوو تەنیا خۆیان بتوانن جمۆجۆڵ بكەن، بەبێ ئەوەی رەچاوی مافە یاسایی و دەستوورییەكانی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بەسەر سنوورەكانی خۆی و مافی موڵكداریی خەڵك بەسەر ڕەز و باخی خۆیان بكەن. 

یاسای نێودەوڵەتی دژی دانانەوەی بۆمبە

دانانەوەی بۆم لەبەردەم هاتوچۆی هاووڵاتیان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی كارێكی قەدەغەكراوە و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان نەك پشتیوانی لە دانانەوەی بۆمب ناكەن، بگرە لە چەندان ڕێككەوتننامەی وەك (ڕێككەوتننامەی قەدەغەكردنی بۆمبی دژ بە تاكەكان، رێككەوتننامەی قەدەغەكردنی بەكارهێنانی بەرمیلی پڕ لە تەقەمەنی، ڕێككەوتننامەی پەیوەندیدار بە هەندێك چەكی تەقلیدی و رێككەوتننامەی مافەكانی كەسانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان)دا، دانانەوەی بۆمبی قەدەغە كردووە.