کتێبی (خواکوڕک سیمبموولی داستانەکانی پێشمەرگە) لە هەولێر بڵاو کرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کتێبی (خواکوڕک سیمبموولی داستانەکانی پێشمەرگە) لە هەولێر بڵاو کرایەوە

نووسەری کتێبەکە: داستانی خواکوڕک یەکلاکەرەوە و ڕێخۆشکەر بوو بۆ ڕاپەڕین

کتێبێک کە لەبارەی (داستانی خواکوڕک) داستانێکی قارەمانەی پێشمەرگە کە بە فەرماندەیی سەرۆک بارزانی خولقاوە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری هەولێر لە ڕێوڕەسمێکدا خرایە ڕوو و بڵاو کرایەوە.

کتێبەکە لەژێر ناوی (خواکوڕک، سیمبموولی داستانەکانی پێشمەرگە) لە نووسین و ئامادەکردنی سەفەر کەریم هاواری، کە باس لە داستانی مەزن و پڕ لە حیماسەی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.

نووسەر سەفەر کەریم هاواری لەبارەی ناوەرۆکی کتێبەکەوە بە کەناڵی (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "داستانی خواکوڕک، یەکێک لەو داستانانەیە کە بە داستانی یەکلاکەرەوە ناسراوە، ئەو داستانەی کە توانی گەورەترین دیکتاتۆری سەردەم کە سەدام حوسێن بوو، لەناوی ببات، لەڕاستیدا داستانی خواخوڕگ، ڕێخۆشکەر بوو بۆ ڕاپەڕین و ڕێخۆشکەر بوو بۆ لەناوبردنی ڕژێمی بەعس".

گوتیشی: "داستانی خواکوڕک، لە ڕێکەوتی ١٩ی٧ی١٩٨٨ دەستی پێکردووە و لە ٥ی٩ی١٩٨٨ کۆتایی پێهاتووە کە ئەویش لەژێر فەرماندەیی و سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆک بارزانی بووە و لە ٦ی٩ی١٩٨٨دا سەرۆک کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ فەرماندە و پێشمەرگەکان دەکات و سەرکەوتنی داستانەکە لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە ڕادەگەیەنێت".

ئاماژەی بەوەش کرد: "کتێبەکە ئەمە چاپی یەکەمە و بە تیراژی هەزار دانە بڵاو کراوەتەوە و سەرچاوە و بەڵگەکان بۆ نووسینی ئەم کتێبە ڕۆژنامە و کتێبەکان و بیرەوەریی پێشمەرگە و قارەمانەکانی بەشداری ئەو داستانە مەزنەیە و زیاتر لە ١٥٠ پێشمەرگە بۆ نووسینی کتێبەکە دیدارم لەگەڵیان ساز کردوون و زانیاریم لێ وەرگرتوون".

ڕێوڕەسمەکە لە شاری هەولێر و لەلایەن فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بە ئامادەبوونی بەشێک لە پێشمەرگە قارەمانەکانی بەشداری خواکوڕک بەڕێوە چوو و تێیدا باس لە ناوەرۆکی کتێبەکە کراو و پاشان بڵاو کرایەوە.