لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی گۆشتی مریشک لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی گۆشتی مریشک لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە

زیاتر لە 1676 کێڵگەى بەخێوکردنى مریشک هەیە

بەڕێوەبەرێکی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای دەکات کە هەرێمى کوردستان خاوەنى 1676 کێڵگەى بەخێوکردنى مریشکە، بەمەش جگە لە دابینکردنى پێداویستى ناوخۆ، هەرێمی کوردستان تواناى هەناردەکردنى مریشکیشى هەیە بۆ شارەکانى عێراق،چونکە ئەوەى بەرهەم دەهێندرێ لە پێویستیى ناوخۆ زیاترە.

فیراس سدیق، بەڕێوەبەرى گشتیى سامانى ئاژەڵ لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "هەرێمى کوردستان خاوەنى ژمارەیەکى زۆر کێڵگەى بەخێوکردنى مریشکە بەهۆى گونجاوى کەشوهەوا و هەبوونى هۆکارەکانى پەروەردەکردنى پەلەوەر، بەجۆرێک لە پارێزگاکانى هەرێمی کوردستان 1676 پڕۆژەى کێڵگەى پەلەوەرى بەخێوکردنى مریشکى گۆشت هەیە، هەربۆیە لە ساڵى 2019ەوە وەزارەتى کشتوکاڵ هاوردەکردنى مریشکى بەستووى لە دەرەوە بۆ هەرێمى کوردستان قەدەغە کردووە، ماوەیەکە هاوردەکردنى پارچەکانى مریشکیش بۆ کوردستان قەدەغە کراوە".

راشیگەیاند: "بڕیارى قەدەغەکردنى هاوردەى مریشکى بەستوو و پارچەکانى لە دەرەوە بۆ ناوەوەى هەرێمی کوردستان واى لە سەرمایەداران کرد کە زیاتر گرنگى بە دامەزراندنى کێڵگەى پەروەردەکردنى مریشکى گۆشت بدەن، بەڵگەش بۆ ئەمە ئێستا 385 پڕۆژەى بەخێوکردنى مریشکى گۆشت مامەڵەکانیان لاى ئێمەیە و داواى مۆڵەتیان کردووە".

گوتیشی: "پڕۆژەکانى بەخێوکردنى پەلەوەر لە کوردستان جگە لە دابینکردنى پێویستیى ناوخۆ لە گۆشتى مریشک، تواناى هەناردەکردنى مریشکى بۆ شارەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراقیش هەیە، چونکە ئەوەى بەرهەم دەهێندرێت لە پێداویستیى ناوخۆ زیاترە، ئەمەش سەرچاوەى داهاتێکى باشە بۆ هەرێمى کوردستان و دەبێتە هۆى بوژانەوەى کەرتى ئابوورى".