هەولێر.. بە بڕیارێک کارکردن لە 27 کارگەی شکاندنی بەرد راگیرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

هەولێر.. بە بڕیارێک کارکردن لە 27 کارگەی شکاندنی بەرد راگیرا

قایمقامى قەزاى ناوەندى هەولێر رایگەیاند بەهۆى نزیکیان لە سەنتەرى شارەوە 27 کارگەى شکاندنى بەرد لەسەر رێگەى سەرەکى مەخموور داخران، رێگە بەرکردنەوەیان نادەین تا دەگوازرێنەوە بۆ شوێنێکى گونجاوى دوور لە سەنتەرى شارى هەولێر.

نەبەز عەبدولحەمید، بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "لەسەر داواکارى دەستەى ژینگەى هەولێر، بە هاوکارى پۆلیسى قایمقامیەتى هەولێر 27 کارگەى تایبەت بە شکاندنى بەرد (کەسارە) لە رێگەى سەرەکى نێوان هەولێر- مەخموور داخران و کارەکانیان راگیرا، ئەمەش بەهۆى نزیکبوونیان لە سەنتەرى شارى هەولێر، چونکە بەهۆى فراوانبوونى بەردەوامى سنوورى شارى هەولێر ئەو کارگانە زۆر نزیک ببوونەوە لە سەنتەرى شار".

راشیگەیاند: "ئێمە کات بە خاوەن کارگەکان دەدەین بۆ ئەوەى شوێنێک بدۆزنەوە و کارگەکانیان بۆ ئەو شوێنە بگوازنەوە، بەمەرجێک ئەو شوێنە تەواو لە سەنتەرى شارى هەولێر دووربێت بۆ ئەوەى هیچ کاریگەرییەکى خراپى نەبێت لەسەر ژینگەى هەولێر و تەندروستى هاووڵاتیان، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەى شوێنێک بۆ کارگەکانى شکاندنى بەرد و گواستنەوەى کارگەیان بۆ ئەو شوێنە".

ئەوەشى خستەڕوو: "لەسەر سکاڵاى چەند هاووڵاتییەک و داواکارى دەستەى ژینگەى هەولێر، بڕیارى وەستاندنى کارەکانى ئەو کارگانە دراوە، چونکە پاراستنى تەندروستى هاووڵاتیان لەپێش هەموو شتێکە".

بەپێى راگەیەندراوێکى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە" دەبێ کارگەکانى شکاندنى بەرد (کەسارە) لە رێگەى پارێزگاکانەوە چاودێرى بکرێن و مۆڵەتى کارکردنیان هەبێت بۆ ئەوەى مەرجەکانى پاراستنى ژینگە رەچاو بکەن".