ئەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان كردی، لە عێراق و ھەرێمی كوردستان نایكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 16/08/2021

ئەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان كردی، لە عێراق و ھەرێمی كوردستان نایكات

-1-

لەناو ڕووداوەكانی ئەفغانستان و ئەو گۆڕانكارییانەی كە بەسەر سیاسەتی ئەمەریكا لە ئەفغانستاندا ھاتووە، لای خۆمان تێڕوانینێك دروست بووە كە بەشێكیان لە دڵسۆزیی خۆیان بۆ ھەرێمی كوردستانە بەڵام بۆ شیكردنەوە سیاسییەكان كەرەستە و زانیاریی پێویستیان نیە، بەشێكی تریان ھەر خۆیان لە ناخەوە حەز دەكەن ئەمریكا چیی لە ئەفغانستان كرد ئەوەش لە عێراق و ھەرێمی كوردستان بكات، ئەمەشیان تەنیا لە حەز لە شتێك و ڕق لە شتێكی ترەوە، سەرچاوەی گرتووە، دەڵێن ئەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان كردی لە عێراقیش دەیكات! بەڵام چۆن دەتوانین بگەینە ئەنجامێك كە ئەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان كردی، لە عێراقیش دەیكات یان نەخێر؟

بابەتەكە گەورەو ئاڵۆزە، گەورەیە لەبەرئەوەی ئەمەریكایە، ئاڵۆزە لەبەرئەوەی ھەر ئەمریكا خۆی بەردەوام بە سیاسەتەكانی خۆیدا دەچێتەوە و سیاسەتەكانی لە گۆڕانكاریی بەردەوامدایە، بەڵام سیاسەت نەك ستراتیژ! ئینجا با بەم پرسیارە دەست پێبكەین:
- ئەمەریكا بۆچی چووە ئەفغانستان؟ ئایا ئەوەی ئەمریكا بۆی چوو بەدی ھات؟

بزووتنەوەی تاڵیبان لە ساڵی 1996 – ەوە ھەتا ساڵی 2001 حوكمی ئەفغانستانی دەكرد، لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا ئەمریكا ھیچ ھێرشێكی سەربازیی نەكردە سەر ئەفغانستان و نەشچووە ئەفغانستان ھەتا ئەو كاتەی كە ڕێكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدەی ئوسامە بن لان لە 11ی سێبتێمبەری 2001 ھێرشی كردە سەر ھەردوو بینای بازرگانیی جیھانی لە نیویۆرك و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پێنتاگۆن)، ئەو كاتە بنكە سەربازییە سەرەكیەكانی ئەلقاعیدە و ئوسامە بن لادن لە ئەفغانستان بوون، تاڵیبان ئەفغانستانی كردبووە شوێنێكی ئەمین بۆ داڵدەدانی قاعیدە و بن لادن، ئەم ھێرشانەی قاعیدە و بن لادن بۆ سەر ھەردوو بینای بازرگانیی جیھانی لە نیویۆرك و پێنتاگۆن، بەس بوون بۆ ئەوەی كە بەرژەوەندیی ئەمنی قەومیی ئەمریكا بكەوێتە بەر ھەڕەشەی گەورە، ھەر كاتێكیش بەرژەوەندییەكانی ئەمنی قەومیی ئەمریكا، ھەڕەشەی لەسەر بوو، ئەمریكا ھێزی سەربازی بۆ بەرگرتن یان لەناوبردنی ئەو ھەڕەشانە بەكار دەھێنێت.

ھەر بۆیە ئەمەریكا بڕیاری ھێرشكردن و ڕووخاندنی حوكمی تاڵیبانی دا و بۆ ئەوەش كە تۆڵە لە قاعیدە و تاڵیبانیش بكاتەوە، كردیشیەوە، چونكە لە لایەك حوكمی تاڵیبانی ڕووخاند لە لایەكی تریش گشت سەربازگە و شوێنەكانی مەشقی قاعیدەیان لە ئەفغانستان تەفروتونا كرد و ئەوانەشی بەردەست كەوتن بردیانن بۆ دوورگەی گوانتانامۆ، وازیشیان نەھێنا ھەتا ئوسامە بنلادنیشیان كوشت، واتە ھەر لە بنەڕەتدا ئەمریكا نەچووە بۆ ئەوەی ئەفغانستان بكاتە دەوڵەتێكی دیموكراسی، ئەو 20 ساڵەشی كە ئەمریكا لە ئەفغانستان ماوەتەوە، بۆ ئەوە نەماوەتەوە كە ئەفغانستان بكات بە سوید ئینجا بگەڕێتەوە، بەڵكوو بۆ ئەوە بووە كە جۆرە حوكمێك دروست بكرێت كە نەبێتە لانكەی ئەو جۆرە تیرۆریستانەی كە ھەڕەشە لە ئەمنی قەومیی ئەمەریكا بكەن.

ئینجا لەو بیست ساڵەشدا لە ئەفغانستانەوە ھیچ ھەڕەشەیەك لە ئەمنی قەومیی ئەمریكا نەكراوە، ئیتر تەنیا ئەوە مابووەوە كە لەگەڵ تاڵیبان ڕێك بكەوێت، چونكە تاڵیبان وەك نەتەوە پشتۆنن، وەك دین ئیسلامی سوننەن و بەگوێرەی ھەندێك سەرچاوە زیاتر لە لەسەتا 60ی دانیشتوانی ئەفغانستان پێكدەھێنن، بەشێك لە سنوورەكانی ئەفغانستانیش لەگەڵ ئێراندایە، ئەم خەسڵەتانەی تاڵیبان وەك سوننەبوون و قورسایی ڕێژەیان لەناو پێكھاتەی گشتیی دانیشتوانی ئەفغانستان، بۆ ئەمەریكا لە ململانێی خۆی لەگەڵ ئێران خراپ نیە.

ئینجا بۆ ئەوەی درێژە بەو سیاسەتە بدرێت كە ئەفغانستان نەبێتە ھەڕەشە بۆ سەر ئەمنی قەومیی ئەمریكا، ھەردوولا واتە ئەمریكا و تاڵیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ڕێك كەوتوون، جا ئیتر تاڵیبان حیجاب بە ژنانی ئەفغانستان دەكات یان نەخێر یان ڕۆژانی ھەینی خەڵك بەزۆر دەبات بۆ نوێژی بەكۆمەڵ لە مزگەوتەكان یان نەخێر، ئەمە كێشەی ئەمریكا نیە، حیجاب بكرێت یان نا، حیجاب ھەڕەشە بۆ سەر ئەمنی قەومیی ئەمریكا دروست ناكات، خۆ ھەر كاتێكیش تاڵیبان بووەوە بە ھەڕەشە بۆ سەر ئەمنی قەومیی ئەمەریكا، ئەوە ھەر لە باشووری ئەو دەوحەیەی قەتەر كە ڕێككەوتنی نێوان ئەمریكا و تاڵیبانی لێ كراوە، بنكەیەكی ئاسمانیی ئەمریكای لێیە كە بەردەوام 100 فڕۆكە و 11 ھەزار ئەفسەر و سەربازی تیا جێگیرە و بەردەوام ئامادەن بۆ ھەر كارێكی لەناكاو و پێویست، واتە ئەگەر تاڵیبان ڕێككەوتنی دەوحە ژێرپێ بخات ئینجا بنكە ئاسمانیەكەی دەوحە ئیش دەكات!

ئەمە ئەسڵی چوونی ئەمریكا و ئامانجەكانی بووە بۆ ئەفغانستان و ئەو ئامانجانەی خۆیشی ھاتوونەتە دی، ئیتر بۆچی ئەمەریكا لەوە زیاتر پارە لە ئەفغانستاندا خەرج بكات؟ ئەمە لایەنە ئەمنیەكەی، ئینجا:

لەڕووی ئابوورییشەوە ھیچ سامان و بەرھەمێكی ئەفغانستان نیە كە ئەمریكا پێویستیی پێی بێت و ئەوە بھێنێت كە بۆی بمێنێتەوە، ئەفغانستان ئەم سامان و بەرھەمانەی ھەیە: (سێو، ھەنار، پرتەقاڵ، گێلاس، قۆخ، قەیسی، زەیتوون، كاڵەك، توو، ھەنجیر، ترێ، پەتاتە بەڵام بەقەدەر بەردەڕەشی دھۆك پەتاتەی نیە)، وەك سامانی ئاژەڵییش (مەڕ ، بزن، ماسی)ی ھەیە، جا باشە ئایا ئەگەر لەبەر ھۆكاری ئابوورییش بێت ئەمریكا بۆ كاڵەك و گێلاس و قەیسیەكەی ئەفغانستان بمێنێتەوە و پارە خەرج بكات یان بۆ مەڕ و بزنەكەی؟ لە كوێی دنیا ئەمریكا بنكەی سەربازیی بۆ كاڵەك و گێلاس داناوە؟ یان ئەمریكا چ وڵاتێكی بۆ كاڵەك و مەڕ و بزن داگیر كردووە؟

لە بەشی دووەمی ئەم وتارەدا، دێمە سەر عێراق و ھەرێمی كوردستان و ئینجا جیاوازیی نێوانیان لەگەڵ ئەفغانستان و دواتر وەڵامی ئەو پرسیارەی كە بۆچی ئەوەی ئەمەریكا لە ئەفغانستان كردی لە عێراق نایكات؟