كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کتێبی (موجتەبا میرزاداە، شانازیی میوزیکی کوردی) چاپ و بڵاو کرایەوە

كتێبی (موجتەبا میرزادە، شانازیی میوزیکی کوردی) کە لەبارەی ژیان و بەرهەمی هونەرمەندی ژەنیار و ئاوازدانەری ناسراوی کورد موجتەبا میرزادەیە لە نووسینی "دلێر سەلیم" و لە دووتوێی ٢٠٨ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کرایەوە.

دلێر سەلێم، نووسەری کتێبەکە لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "نزیكەی ١١ ساڵ سەرقاڵی نووسینی بووم، بە شێوەیەكی مەیدانی كارم لەسەر كردووە، بۆ ئەو مەبەستە چوومەتە ئێران و لە نزیكەوە لەگەڵ هاوڕێ و هاوپیشەكانی قسەم كردووە، ئەم كتێبە پەردە لەسەر زۆر لایەنی ژیانی هوەنەریی موجتەبا میرزادە هەڵدەداتەوە كە بۆ خوێنەر نوێن و زۆربەی ئەو هەڵانەشم ڕاست كردووەتەوە كە بە ناوی میرزادەوە كراون، ئەم كتێبە تەنیا ڕیزكردنی وشەكان نییە، ئەتوانم بڵێم ڕەخنەش لەخۆ دەگرێت و ئەم كتێبە لە ٢٠٨ لاپەڕە پێكهاتووە و لەسەر ئەركی خۆم و لەڕێگەی دەزگای فامەوە لە وڵاتی ئێران چاپ كراوە".

مجتبی میرزاده؛ نابغه بی‌ادعای موسیقی ایران - ایرنا

ئاماژەی بەوەش کرد: "ناوەرۆکی کتێبەکە باس لە سەرەتای دەركەوتنی لە ڕادیۆ كردماشان و چۆنیەتیی وەرگیرانی میرزادە لەو ڕادیۆیە و ئاشنایەتیی لەگەڵ هونەرمەند حەسەن زیرەك و زۆر هونەرمەندی دیکە لەو ئێزگەیە دەکات، باس لەوە دەکات دوای ڕۆیشتنی حسن زیرەك لە ڕادیۆی كرماشان، میرزادە دەچێتە تاران، هاوکات باس لەو غەدرانە دەکات کە لە میرزادە كراون".

دلیر سەلیم گوتیشی: "لەم کتێبەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدرێتەوە کە كورد لای میرزادە چی بووە؟ میرزادە لەو دۆخەدا باشترین ژەنیار بووە لەناو كورد و فارسدا، ئەمە قسەی فارسەكانە، ئەدی بۆ بەو جۆرە مرد؟ كورد چی بۆ میرزادە كرد؟ كۆمەڵێك ڕەخنە و لێكۆڵینەوەی وردی تێدایە".

استاد مجتبی میرزاده اسطوره ی نوازندگی کردستان - ویسگون

ئەم کتێبە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لە هەولێر بڵاو ببێتەوە، هاوکات ڕۆژی پێنجشەممەش لە سلێمانی بڵاو دەکرێتەوە.

موجتەبا میرزادە لە سالی ١٩٤٥ لە شاری کرماشان لەدایک بووە. لە تەمەنی مێرمندالیدا بەھۆی رادیۆ ھمسایە (ھاوسێ)ەوە لەگەڵ مۆسیقا ئاشنا بووە. ئەوکات لەڕێگای ئەو ڕادیۆیەوە گوێ لە ڤیۆڵۆنی مامۆستایان خالدی و پەرویز یاحەقی دەگرێت و لەوێوە هونەری مۆسیقا لەلای گەشە دەکات.

یەکەم ئامیری مۆسیقا کە موجتەبا لە تەمەنی منداڵیدا ژەندوویە، نەی و پاشان سەنتوور بووە. یەکێک لەو دەرگایانەی کە مۆسیقای کوردی بەڕووی موجتەبا میرزادە ھونەرمەند و بلیمەتدا کردەوە، ئاشنابوونییە لەگەڵ مامۆستای کۆچکردوو حەسەن کامکار باوکی کامکارەکان، هەروەها حەسەن زیرەک گۆرانیبێژی ناوداری کوردە.

استاد حسن زیرک اعجوبه ای تکرارنشدنی در موسیقی - وب سایت خبری تحلیلی آوای مرز

لەو ھەلومەرجەدا بوو کە موجتەبا توانی کۆمەڵێک ئەزموون لە مامۆستا کامکار وەربگرێت و پاشان ببێبە فەرمانبەر لە ڕادیۆی کوردی سنە. دوای ساڵێک لە سنە، گەڕایەوە کرماشان و لەگەڵ گۆرانیبێژی گەورەی کورد نەمر حەسەن زیرەک، مەزھەر خالقی، ئیبراھیمی خۆشنەوا، مورتزا توندڕە‌و و ھاشمی رەبێعی ئاشنا بووە و دەستی کردووە بە تۆمارکردنی چەندین بەرھەمی کوردی کە تا ئێستاش ھونەری کوردی لە ئاستێکی بەرزدا دەینرخێنێ و وەک شانازییەکی نەمر لە میرزادەوە بۆ کورد و گۆرانی کوردی دەمێنێتەوە.

موجتەبا میرزادە، پاش تەمەنێک خزمەت بە هونەری کوردی و دانان و تۆمارکردنی دەیان ئاوازی نەمر بۆ مۆسیقای کوردی لە رۆژی ١٧ی تەممووزی ٢٠٠٥ بەھۆی نەخۆشی دڵەوە لە نەخۆشخانەی تاران کۆچی دوایی کرد.