یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
حەمەسەعید حەسەن 15/08/2021

یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟

(5)

حەمەسەعید حەسەن

دوای کۆبوونەوەکەی هەولێر، ڕژێم بۆی دەرکەوت زۆرێک لە نووسەرانی کورد سەر نەوی ناکەن، بۆیە لەسەر خواستی بەرپرسی بەعسییەکانی ناوچەی ژووروو، پارێزگار و بەرپرسانی بەعسییەکانی سلێمانی، لە هۆڵی کارگەی جگەرە، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ نووسەران و هونەرمەندانی سلێمانیدا ساز کرد. سەرەتا پارێزگاری سلێمانی هێرشێکی چڕی کردە سەر هەموو ئەو شتە پیرۆزانەی کورد شانازییان پێوە دەکات، پاشان گوتی: (سەرۆکی فەرماندە یەکی پارچەیەک زەوی و تەلەڤیزیۆنێکی پێشکەش کردوون، چی داخوازی دیکەی تایبەتیشتان هەیە، بیانڵێن، ئێمەیش بەرزیان دەکەینەوە بۆ سەرووتر.)

زۆربەی نووسەران دەیانزانی مەبەست دەستەمۆکردنیانە، بۆیە بڕیاریان دا، وەک دەربڕینی ناڕەزایی، پێشنیازی هیچ نەکەن، کەچی لەناکاو نووسەرێکی عاشق بە مایکرۆفۆن، کە لە هەولێر (ناوەڕاست)ی هەڵبژاردبوو، چووە بەردەم مایکرۆفۆن کۆمەڵێک پێشنیازی کرد. پارێزگار ئەمەی بە هەل زانی و دەستبەجێ گوتی: (کۆمیتەیەک لە نووسەران و هونەرمەندان بە سەرۆکایەتیی خۆم، بۆ لێکۆڵینەوە لە داخوازی و پێشنیازەکانتان پێک دەهێنم.) خێرا ئەندامانی کۆمیتەکەیش دیاری کران و من یەکێک بووم لەوانەی ناویان خرایە کۆمیتەکەوە، بۆیە بەرەو ڕووی پارێزگار و بەرپرسی بەعسییەکان گوتم: (من لە کۆمیتەیەکدا کار ناکەم، ئێوە سەرۆکایەتیی بکەن و ئێوەیش ئەندامەکانی دیاری بکەن. لە کۆمیتەیەکدا کار دەکەم، نووسەران بڕیاری دروستکردنی بدەن و هەر نووسەرانیش هەڵمبژێرن بۆی.) نووسەرێکی تریش کە ناوی لە کۆمیتەکەدا هاتبوو، هەمان ڕای دەربڕی، نووسەرێکیش هەڵسا و گوتی: من دیارییەکانتان ڕەت دەکەمەوە.

هونەرمەندێک گوتی: (پێشنیاز و کۆمیتەی چی؟ کورد میللەتە یان مەیموونە؟ ئەگەر ئێوە بە میللەتی دەزانن، بۆچی خوێندکارانی کورد، مێژووی میللەتانی تر دەخوێنن، بەڵام مێژووی میللەتی خۆیان لە پرۆگرامی خوێندنیاندا نییە؟) ئەمە حەقیقەتی ئەو کۆبوونەوەیە بوو، کەچی هەندێک نووسەر و هونەرمەند، لەسەر خواستی پارێزگار بوون بە ئەندامی کۆمیتەکە، ئاخر پێیان وابوو، ڕژێم بۆیە گەلی کورد دەچەوسێنێتەوە، چونکە کەس نییە ڕێی نیشان بدات، ئەگەر ئەوان ڕێیان نیشان دا، ئەوا دەستبەرداری ئایدۆلۆجیای نازییانە و ڕەوتاری فاشییانەی خۆی دەبێت! ئەو نووسەر و هونەرمەندانە پێیان وابوو، ڕژێم لە ساویلکەیییەوە دژی میللەتی کوردە، نەک بە هۆشیارییەوە.

ئەو یادداشتەی کۆمیتەکە نووسییان، چەند جارێک لە ڕادیۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بڵاو کرایەوە، هەرچەندە لە یادداشتەکەدا ئەوە هاتبوو کە ئەو کۆمیتەیە لەسەر خواستی پارێزگار پێک هاتووە و هەر پارێزگار خۆیشی سەرۆکی کۆمیتەکە بووە! (فقد إرتأی سیادتکم - مەبەستیان پارێزگارە کە شێخ جەعفەر بوو- تشکیل لجنه‌ من الحضور لدراسه‌ تلک المقترحات والأرا‌ء التی وردت فی ذلک الإجتماع ورفعها إلی سیادتکم، آملین أن تضموا صوتکم إلی أصواتنا.)(١) با ئەوەیش بڵێم ئەندامانی کۆمیتەکە، کەسێکی تێدا نییە لەکن جەماوەر بە نووسەر یان هونەرمەندێکی سەربەرز ناسرابێت و دواتر زۆربەیان دیاریی سەرۆکی فەرماندەیان کە تیڤییەکی ڕەش و سپی بوو، بە سنگێکی فراوانەوە وەرگرت.

دوای بڵاوبوونەوەی یادداشتەکە لە ئێزگەی یەکێتیی نیشتمانییەوە، کە (دەنگی شۆڕشی عێراق)ی ناوبوو، نەک چاوێکیان لێ بز نەکرایەوە، بەڵکوو دیاریی قەبەتریشیان پێگەییشت. تەنانەت دوو نووسەر کە ئەندامی ئەو کۆمیتەیە بوون، لە ٣٠ی ٤ی ١٩٨٣دا، بە نووسراوی ژمارە ١٣٩٩٠ لە بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانییەوە، سوپاسنامەیان پێ گەییشت، چونکە بە کردەوە دڵسۆزیی خۆیان بۆ ڕژێم نیشان دابوو: (إن ترشیح أنفسکم للقیام بأمور خفاره‌ الدفاع المدني، من تلقا‌ء أنفسکم رغم إعفائکم منها، فإن دل علی شئ، فإنما یدل علی إخلاصکم وحبکم لهذا البلد فی ظروفە الراهنه‌ وخوضە معرکه‌ الشرف والکرامه‌ مع العدو الفارسي وقیامنا جمیعا بوجە العابپین والحاقدین علی مقدرات بلادنا وشعبنا وأنتم أثبتتم جدارتکم ورجولتکم وأنتم نموذج من النماذج النادره‌، لذا لا یسعنا إلا أن نسجل لکم شکرنا وتقدیرنا، آملین لکم أن تکونوا قدوه‌ لغیرکم فی هذا المضمار.)

لەبەر تیشکی ئەو ڕاستییانەدا، ڕادیۆی یەکێتی نەک هەر نەدەبوو ئەو یادداشتە بڵاو بکاتەوە، بەڵکوو دەبوو باسی هەڵوێستی ترسنۆکانەی بەشداربووانی کۆمیتەکە و هەڵوىستی بوێرانەی ئەو ئەدیب و هونەرمەندانە بکات کە بە ڕووی پارێزگار و بەرپرسی بەعسییەکاندا تەقینەوە. ئەنگڵس دەڵێت: (لە سەروەختی شۆڕش و لە هەموو قۆناغێکدا هەڵە دەکرێت،) لینین درێژە بە گوتەکەی ئەنگڵس دەدات و دەڵێت: (بۆیە پێویستە هەوڵ بدەین کەمترین هەڵە بکەین و بە پەلەیش چارەسەری هەر هەڵەیەک بکەین کە کردوومانە.)(٢) پێم وایە ئەگەر پشت بە بیروڕای چەند نووسەرێکی دووسەرە نەبەسترابا، نە ڕاگەیاندنەکە، نە یادداشتەکە، هیچیان لە ڕادیۆی شۆڕشەوە بڵاو نەدەکرانەوە.

سەرۆکی نووسەران لە گۆڤاری (نووسەری کورد)ی ژمارە ١١دا، بە ناونیشانی: لە پێناوی نووسەرانی کورددا، نووسینێکی بڵاو کردووەتەوە، سەراپای نووسینەکەی شێواندنی حەقیقەتی ڕووداوەکانە و دەزانێت مانگی بەختی گیراوە، بۆیە نووسینەکەی لە هەوڵی ئەوانە دەچێت کە دەیانەوێت بە لێدانی تەنەکە، مانگ بەر بدەن. سەرۆک چونکە دەزانێت دەکەوێتە بەر لێپرسینەوەی دیرۆکەوە، چونکە گومانی لە هەڵوێستی خۆی هەیە، بۆیە دەڵێت: (خۆ ئەگەر ئەوەیشمان پێ نەکرا، لە یەکێتییە عێراقییەکەدا تەوژمێک بدەین بە ئەدەبی کوردی،) یان مایەپووچی کارێکی پێ کردووە، بگەڕێتەوە بۆ ٩ی ٢ی ١٩٧٠ گوایە هەر لەو وەختەوە، باسی ئەوە کراوە کە یەکێتیی نووسەرانی کورد، دەبێت لقی یەکێتییە عێراقییەکە بێت، هەرچەندە ئەوەی سەرۆک بە ئەنجامی گەیاند، تواندنەوە بوو، نەک بوون بە لق.

سەرۆکی نووسەرانی کورد لە گوتارەکەیدا دەیەوێت بە خوێنەر بڵێت کە هەوڵی بۆ یەک سەنگەری و یەکبوونی هەموو نووسەرانی کوردی بووە و ویستوویەتی کارێک بکات، هەموو نووسەرانی کورد، لە هەموو حاڵەتێکدا هەر یەک بن، وەک خوێنەر ئەوە نەزانێت، نووسەرانی کورد لە چەند گرووپێک پێک دێن و وەک چۆن نووسەری کوردی بەعسی هەیە، هەر وایش نووسەری کوردی شۆڕشگێریش هەیە. وەک چۆن نووسەر هەیە لە سەنگەری گەلدایە، نووسەریش هەیە گەل لە خەبات سارد دەکاتەوە. پێویستی بە هێنانەوەی بەڵگە نییە، ئەو گرووپ و فیکر و هەڵوێستە جیاوازانە پێکەوە هەڵناکەن. سەرۆکی نووسەران یان وەک هەر پۆناپارتییەک خۆی لەسەروو هەموو چین و توێژ و ئایدۆلۆجیایەکەوە دەبینێت، یان خۆی لە حەقیقەت نەبان دەکات.

سەرۆکی نووسەران دەڵێت: (نەو نووسەرانەیشی کە هێشتا ئەو بڕیارەیان نەداوە، - مەبەستی ئەوانەیە کە سەریان شۆڕ نەکردووە - زۆر کەمن و هەندێکیان هەر بە تێکڕایی لەگەڵ چالاکیی بەکۆمەڵدا نەبوون، یان ئەگەر بووبن بە ئەندامیش، هیج چالاکییەکیان نەنواندووە، تەنانەت ساڵەهای ساڵ ئابوونەیشیان نەداوە.) بیرۆکراتەکان پێویستیان بە شێواندنی حەقیقەت هەیە، ئەوانەی جێپێیان پتەو نییە و هیچی هاوبەش لەگەڵ جەماوەردا کۆیان ناکاتەوە، پەنا دەبەنە بەر ڕێگەی چەوت و هەڵبەستنی درۆ، سەرۆکی نووسەرانیش هەمان ڕێگەی هەڵبژاردووە، ئەگەرنا دەبوو ڕستەیەکی ڕاستی گوتبا، ئاخر ئەو نووسەرانەی سەریان نەوی نەکردووە:

* نەک هەر کەم نین، بەڵکوو لە سلێمانیدا زۆرینەشن.
* هەموویان ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کوردن.
* زۆربەی چالاکییەکانی یەکێتیی نووسەرانی کورد، بەرهەمی ماندووبوونی ئەوان بووە.
* کەسیان ئابوونە قەرزدار نەبوون و ئابوونە هەمیشە پێش کۆنگرە، یان لە کاتی بەستنی کۆنگرەدا کۆ کراوەتەوە و تا ئێستا لە سێزدە ساڵی تەمەنی یەکێتیی نووسەراندا، کەس لەبەر نەدانی ئابوونە، ئەندامێتیی لە دەست نەداوە. لەسەروو ئەمانەیشەوە، ئەو نووسەرانەی سەریان نەوی نەکردووە، ئەوانەن کە لەناو دڵ و بیری جەماوەری فراوانی کورستاندا جێی خۆیان کردووەتەوە، بەڵام وەك چۆن دەگوترا، ئەوی کار نەکات، نان ناخوات، سەرۆکی نووسەرانیش پێی وایە، ئەوی سەری بۆ یەکێتییە عێراقییەکە نەوی نەکات، ئەدیب نییە.

ئەوی لە ڕەوشی کۆمەڵ تێنەگات، لەو بزاڤەیش تێناگات کە هەوڵی گۆڕینی کۆمەڵ دەدات، لەو ئەدەبەیش تێناگات کە ڕەنگدانەوەی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکەیە، دیارە ئەو کەسە وەک نووسەریش، چ ئەدەبەکەی و چ هەڵوێستی، لە ڕاژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیدا نابن. د. کەمال مەزهەر دەڵێت: (ئەگەر ئەدیبەکانمان وەک ئەدیبانی ڕۆژگاری ڕێنیسانس لە ئەرکەکانی قۆناغ تێنەگەن و وەک ئەوان چاونەترس و لەخۆبوردوو نەبن، ئەوا بێ گومان، نە دەچنە ناخی دڵی کەسەوە، نە دەچنە خانەی نەمرییەوە.)(٣) بە داخەوە بە پێچەوانەی خواستی د. کەمال مەزهەرەوە، بەشێک لە ئەدیبانی کورد، لە ئەرکەکانی قۆناغ تێنەگەییشتوون و کەسانی خۆپەرستن، بۆیە بەشدارییان لە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتییەکەیاندا کرد، ئەو یەکێتییەی د. کەمال مەزهەر ئەو نووسینە بەنرخەی پێشکەش کردووە، هەر بۆیەش ئەو بەشە، نە دەچنە خانەی نەمرییەوە و نە دەچنە ناخی دڵی کەسەوە، بەڵکوو ئەو بەشەی ڕۆڵی گرنگیان لەو ناپاکییەدا بینی، دەچنە زەلکاوی دیرۆکەوە.

سەرشیو
حوزەیرانی ١٩٨٣

(١) دەقی یادداشتەکە.
(٢) لینین، ضد الجمود العقائدي والإنعزالیه‌ في الحرکه‌ العمالیه‌، ص ٢٦٦
(٣) کاروان ژمارە ٧ ل١٩