خودای مووسا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

تەورات وەك دەركەوتەیەكی تیشكی وەسفی خودا دەكات، لەبەر ئەوەی تاریكی بە هیچ شێوەیەك لەناو ئەودا نییە.(1JOHN:1.5) ئەوەش خودا بە جوان و پیرۆز و پاك و بێگەرد دەناسێنێ. خودا بەتەواوی باش و بێخەوشە لەگەڵ توخمی مرۆڤ.

خودا بۆ مووسا بە شەو لە شێوەی ستوونێكی هەور و بە ڕۆژ لە شێوەی ستوونێكی ئاگر دەركەوت، بۆ پێغەمبەر ئیلییا لە (چرپە)دا دەركەوت، لە خەونیشدا بۆ مەلیك سولەیمان، لە شێوەی پیاودا دەركەوت، بەڵێنی ئەو شتانەی پێ دا كە لێی داوا كرد. ئەوە شێوەكانی دەركەوتنی خودای ئیبراهیمە تا سولەیمان.

خودا و كێشەكانی ئینسان
ئایا هەموو كێشەیەكی ئینسان بۆ خودا گرنگە؟ ئایا خودا لە هەموو تەنگژەیەكدا توانای خۆی بەكار دێنێ؟
{یەزدان فەرمووی:
- بەڕاستی من زەلیلیی گەلەكەمم لە میسر بینی، هەروەها گوێم لە هاواریان بوو لەبەر سەركارەكانیان، چونكە بە ئازارەكانیانم زانی ئەوە هاتمە خوارەوە بۆ ئەوەی فریایان بكەوم لە دەست میسریەكان، لەو خاكەوە بیانبەم بۆ خاكێكی باش و فراوان، بۆ خاكێك شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بۆ شوێنی كەنعانییەكان، حیتییەكان، ئەمووریەكان، پریزییەكان، حیڤییەكان و یەبووسییەكان. ئێستا هاواری نەوەی ئیسرائیل گەیشتە لام و هەروەها ئەو چەوسانەوەیەم بینی كە میسریەكان دەیانچەوسێننەوە. تەورات، دەرچوون،٣}

ئەوە زانیاریانە یەزدان دەمانداتێ
١. (گەلەكەم لە میسر) خودا گەلێكی تایبەتی هەیە لە میسرن لە كاتی ئەو دەركەوتنە.
٢. (گوێم لە هاواریانە) هاواریان دێت لەبەر زوڵمی سەركارەكانیان.
٣. (بە ئازارەكانیانم زانی) واتا ئازارەكان ڕوویان داوە جا یەزدان پێی زانیوە، بەڵام دوای چەند؟
ئەوەی تەورات پێمان دەڵێ پێش لەدایكبوونی مووسا گەلەكەی خودا (واتا ئیسڕائیلیەكان) چەسێنراونەوە، بە ڕادەیەك (هەر كوڕێكیان ببێ دەبێ بكوژرێ) ئەوەتا مووسا بە موعجیزە دەپارێزرێ، چەند ساڵ پێشتر وا بوون، ئەوەیان دیار نییە، بێگومان (زۆر!)، لە دوای لەدایكبوونی مووساش هەر وا بوون و زیاتریش بووە، ئەوەتا مووسا گەورە بووە و ژنی هێناوە و هەر بەردەوامە.

٤. (ئەوە هاتمە خوارەوە بۆ ئەوەی فریایان بكەوم) بۆ هەڵگرتنی ئەو ئازار و چەوسانەوەیەی سەر گەلەكەی خۆی، (پێویستە؟) یەزدان بێتە خوارەوە. (واتا یەزدان لەسەرەوەیە) كام سەرەوە؟
- ئایا بۆ پیادەكردنی دەسەڵاتی پێویستە یەزدان خۆی دەرخات؟ ئایا سەرەوەی زەوی شوێنیكی جێگیرە كە خوداوەند لێیەتی؟

٥. (لەو خاكەوە بیانبەم بۆ خاكێكی باش و فراوان، بۆ خاكێك شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت)
خاكێكی باش كە لە كاتێكدا هەموو زەوی خودا بۆ خۆی دروستی كردووە، بەڵام گەلەكەی لە دوای هەموو بەڵێنەكانی، كە بە باپیرانی دراوە بێ خاكن! یەكەم بەڵێنی یەزدان، بە ئیبراهیم ئەوە بوو كە پێی فەرموو سەیری هەر چوار دەوری خۆت بكە، تا چاو بڕ دەكات زەوییت دەدەمێ و ئەوەندەی خۆڵی بیابان نەوەت زۆر دەكەم. ئێستا خاكی باش ئەو خاكەیە كە شیر و هەنگوینی لێ بڕژێ. ئەی خاكی میسر چییەتی؟

بۆ دەبێ گەلەكەی خودا بێ خاك بن؟ لەو مێژووەوە گەلی خودا ئەوەندەی لەسەر كاغەز و بەڵێندا خاكیان هەبووە هەرگیز لەسەر زەوی خاكێكی بێ سەرئێشەیان نەبووە، بە نموونەش دوای سەد و بیست و حەوت ساڵ كە (سارای) دەمرێت، ئیبراهیم ناچار دەبێ گۆڕ بۆ ژنەكەی بكڕێت تا لێی بنێژێ.

بابەتی ئەو دەركەوتنەی یەزدان
- دوای چەندان ساڵ لە چەوسانەوە، خودا هاواری گەلەكەی خۆی بیستووە و ئێستا بەهانایانەوە هاتووە.
- بۆ ئەوەش بۆ خۆی دابەزیوەتە سەر زەوی و خۆی نیشانی مووسا داوە.
{ئێستا بڕۆ و دەتنێرم بۆ لای فیرعەون و گەلەكەی خۆم، نەوەی ئیسرائیل لە میسر بهێننە دەرەوە}

لۆژیكی خودا لۆژیكی ئیمانە
- یەزدان بە دوای گەلەكەیدا هاتووە، گەلەكەی لە تەنگژەدایە، گەلەكەی لە میسرە و لە میسر فیرعەون هەیە.
- لۆژیكی ئیمان باوەڕی بەوە هەیە كە هەموو ئەوەی بەسەر مووسادا هات، بەرنامەی خودایە، دەبوو مووسا بهێنرێتە خاكی پیرۆز، تا یەزدان ببینێ، تا گوێی لە پەیامی خودا بێ.

پەیامی خودا
- نەوەی ئیسرائیل لە میسر بهێننە دەرەوە.
- بڕۆ و پیرانی ئیسرائیل كۆ بكەرەوە و پێیان بڵێ: یەزدان، پەروەردگاری باوكتان خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقووب بۆم دەركەوت.
- بەڵێنم داوە بە سەری زەلیلی میسردا سەرتان بخەم.
- دەچنە لای پاشای میسر دەڵێن یەزدان عیبڕانییەكانی بەسەر كردووەتەوە، ئێستاش سێ ڕۆژەڕێ دەڕۆین و قوربانی بۆ پەروەردگار سەر دەبڕین.

- پاشای میسر ناهێڵێت بڕۆن تاكوو بە دەستێكی بەهێز ناچار نەكرێت ئیتر من دەستم درێژ دەكەم.
یەزدان لە سەرەتای دەركەوتنی زۆر سادە بووە، توانا و خەیاڵی زۆر لە توانا و خەیاڵی ئینسانەوە نزیك بووە بۆیە لە هەموو بەڵێن و قسەكانیدا هاوشانی ئینسانە.

یەزدان بە مووسا دەڵێت:
- كاتێك گەلەكەم لە میسر دەهێنیتە دەرێ ئێوە لەسەر ئەم كێوە خودا دەپەرستن.
كە مووسا لە ناوی دەپرسێ:
ئەو دەفەرمووێ: من هەم، ئەوەی كە هەم. بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت (هەم) منی بۆ ئێوە ناردووە.

من بەدوای چیرۆكی مووساوەم، وەك چیرۆكی ئادەم و ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقووب تا دەگاتە یوسف.
- ئیبراهیم یەكەم نەوەی پێغەمبەرانە، یەكەم كەسیشە كە زۆر لە سەردەمی ئوستۆرەوە نزیكە، موعجیزەی. ئایینی زۆر بە ئاشكرا لەژێر هەژموون و كاریگەریی ئوستۆرەدایە، بە هەمان ئاستێش دەیەوێ لە ئینسان نزیك بێتەوە، ئەو نزیكبوونەوەیە هونەر و توانا و داهێنانی دەوێت.
- جگە لەوەی هەر پێغەمبەرە نوێنەری سەردەمەكەیەتی، ئایینەكەشی ڕەنگدانەوەی كولتوورەكەیەتی
.
- چەند لە ئیبراهیم دوور دەكەوینەوە ئەوەندەش ئوستۆرە لە ئایین دوور دەكەوێتەوە.
- پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا بەو ئەندازەیەی ئایین لە ئوستۆرە دوور دەكەوێتەوە بەو ئەوندازەیەش لە ئینسان نزیك دەبێتەوە، ئایینەكان وەڵامیان داوەتەوە، من تەنیا پەنجەی دەخەمە سەر.