كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتى کارەبا: بەشێک لە فەرمانبەرانمان دەگوازرێنەوە بۆ سەر کەرتى تایبەت

گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى هەرێمی کوردستان رایگەیاند دواى ئەوەى پڕۆسەى دابەشکردنى کارەباى نیشتیمانى دەدرێت بە کەرتى تایبەت، بڕیارە بەشێک لە کارمەندانى وەزارەتى کارەبا بگوازرێنەوە سەر کۆمپانیاکان و لەوێ مووچە وەربگرن.

ئومێد ئەحمەد، بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "هەنگاوەکانى پێدانى پڕۆسەى دابەشکردنى کارەباى نیشتیمانى بەکەرتى تایبەت لە قۆناغى کۆتاییدایە و بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە بچێتە بارى جێبەجێکردن، ئەمەش هەنگاوێکى باشە کە بەوهۆیەوە بڕێکى زۆر لەو کارەبایەى کە بەفیڕۆ دەڕوات بۆ سەر تۆڕى کارەباى نیشتیمانى دەگەڕێتەوە، چونکە ئێستا نزیکەى 40%ى کارەباى بەرهەمهێندراو لە کوردستان زێدەڕۆیی کراوەتەسەر و بەفیڕۆ دەڕوات".

راشیگەیاند: "ئامانجى وەزارەت لە پڕۆسەى پێدانى کارەبا بە کەرتى تایبەت، بەرزکردنەوەى بڕى بەرهەمهێنانى کارەبا و زیادکردنى کاتژمێرەکانى کارەباى نیشتیمانییە تا 24 کاتژمێر لە رۆژێکدا، چونکە ژێرخانى کارەباى هەرێم تواناى بەرهەمهێنانى زیاتر لە 6 هەزار مێگاوات کارەباى هەیە".

ئەوەشى خستەڕوو: "دواى ئەوەى پڕۆسەى دابەشکردنى کارەبا دەدرێت بەکەرتى تایبەت، بڕیارە ژمارەیەک لە کارمەندانى وەزارەتى کارەبا بگوازرێنەوە سەر کۆمپانیاکان و لەوێ مووچەیان پێ بدرێت، بەجۆرێک دەبێ 70%ى کارمەندانى ئەو کۆمپانیایە فەرمانبەرانى وەزارەت و 30%ى کارمەندانیشى هى کۆمپانیاکەبن".