كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هەرێمى کوردستان و ئەڵمانیا پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوانیان دەدەن

بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانیى هەرێمی کوردستان رایگەیاند هەرێمى کوردستان و ئەڵمانیا پەرە بە پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکانى نێوانیان دەدەن،چونکە ئەڵمانیا یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکان لە بوارى پیشەسازى و کشتوکاڵ لە جیهاندا.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "بەمەبەستى هاندان و راکێشانى کۆمپانیاکانى ئەڵمانیا بۆ هەرێمى کوردستان، لێکتێگەیشتنێکمان لەگەڵ بەشى ئابوورى و مرۆیی لە کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بۆ ئەم مەبەستە هەموو چەشنە ئاسانکارییەکمان کردووە، ئەوانیش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکانى نێوان هەردوولا و گواستنەوەى ئەزموونى وڵاتى ئەڵمانیا بۆ هەرێمى کوردستان".

راشیگەیاند: "بەرپرسانى بەشى ئابوورى کونسوڵخانەى ئەڵمانیا بەڵێنیانداوە تیمێکى راوێژکارى رەوانەى کوردستان بکەن، بەمەبەستى هاوکاریکردنى دامەزراوەکانى حکوومەت بەتایبەت لەرووى پیشەسازییەوە، چونکە ئەڵمانیا یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان لەسەر ئاستى جیهان".

ئەوەشى خستەڕوو: "ئێستا چەندین کۆمپاى گەورە و گرنگى ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان هەن و سەقاڵى وەبەرهێنانن لە بوارە جیاجیاکان، بەڵام بەپێى ئەو لێکتێگەیشتنەى لە نێوان هەرێم و ئەڵمانیا کراوە، لە داهاتوودا زیاتر کۆمپانیا گەورەکانى ئەو وڵاتە دێنە هەرێمی کوردستان و پەرەى زیاتر بە پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکان دەدەن، بەتایبەت لە رووى پیشەسازى و کشتوکاڵى چونکە ئەڵمانیا سێسەم وڵاتە لەسەر ئاستى جیهان لە گرنگیدان بە بوارى پیشەسازى و کشتوکاڵى".