بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى عێراق پارتى نووسینگە لە ناوچە کوردستانییەکان دەکاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى عێراق پارتى نووسینگە لە ناوچە کوردستانییەکان دەکاتەوە

بەرپرسێکى دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى رایگەیاند بەمەبەستى ئەنجامدانى بانگەشەى هەڵبژاردن بڕیارە پارتى نووسینگەى هەڵبژاردن لە سەرجەم ئەو ناوچانە بکاتەوە کە بارەگاى حزبیى لێ نییە.

هاوار محەمەد، بەرپرسى بەشى یاسایی دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "هەوڵى بەردەوام هەیە بۆ ئەوەى پارتى بارەگاکانى لە سنوورى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بکاتەوە، بەڵام ئەگەر نەتواندرا بارەگاکانیش بکرێنەوە ئەوا بڕیارە بەمزووانە لەسەرجەم ئەو ناوچانەى کە پارتى بارەگاى لێ نییە نووسینگەى هەڵبژاردن بکاتەوە، بەمەبەستى ئەنجامدانى بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق".

راشیگەیاند: "بەشێک لە کاندیدانمان گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان لە سنوورى ناوچە کوردستانییەکان و دەستیان بە بانگەشەى هەڵبژاردن کردووە بەڵام کردنەوەى نووسینگەکانى هەڵبژاردن ئەو پڕۆسەیە باشتر و خێراتر دەکات".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "ئەو نووسینگانەى کە بڕیارە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى عێراق بکرێنەوە لەلایەن کادیرانى پارتییەوە سەرپەرشتى دەکرێت و لەرێگەى ئەو نووسینگانەشەوە کاندیدەکانى پارتى بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن، چونکە وەکو دەزگاى هەڵبژاردن ئەو ناوچانەمان بەلاوە گرنگە و گرنگى تایبەتى پێدەدرێت بۆ ئەوەى سەرجەم کاندیدان بگەڕێنەوە و دەست بەکارى بانگەشە بکەن".