قەرەسوو وەھا قسە دەكات كە لە خۆی قەوماوە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 11/08/2021

قەرەسوو وەھا قسە دەكات كە لە خۆی قەوماوە!


لە 8ی تەمووزی ئەمساڵەوە و لەو كاتەوەی چەند گۆڕانكارییەك لە سلێمانی هاتووەتە ئارا، پەكەكە خۆی زیاتر لەو گرووپەی لێ خراون، قسەی لەسەر ئەو ڕووداوانە كردووە، قسەكانیشیان زۆر بە ئاشكرا لایەنگریی بۆ ئەو گرووپە پێوە دیارە و ھەر بەمەشەوە ناوەستن، بەڵكوو لەپەنا باسكردنی ئەو ڕووداوانەی 8ی تەمووزی سلێمانی و ڕۆژانی دواتردا، دێن پلار و توانج دەگرنە ئەملاولا.

بۆ نموونە، ھیچ قسە و لێدوانێكی بەرپرسانی پەكەكە نیە كە تایبەت بێت بە ھەر بەشێكی كوردستان و بەردێكی تیا نەگرنە پارتی، جا ئێستا و جارێكی تر یەكێك لە بەرپرسانی پەكەكە بە ناوی مستەفا قەرەسوو لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا و لەسەر ئەو ڕووداوانە دەڵێت: ”یەکێتی لەم دواییانەدا لەدژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک هەڵوێستی هەبوو و بە ڕاشکاوانەش دەڵێت ئێمە ناچینە ناو شەڕێکی ناوخۆییەوە، هەر بۆیە تورکیا و هێزی دیکە فشار لە یەکێتی دەکەن تا بچێتە شەڕی دژی پەکەکەوە و ئەوانیش هاوشانی پەدەکە بەشداریی ئەو شەڕە بکەن، چونکە پێیانوایە تەنیا بەو ڕێگایە دەتوانن پەکەکە لەناو بەرن، بەڵام تا ئێستا یەنەکە هەڵوێستی پێچەوانەی ئەو سیاسەتەی هەبووە“.

سەرنج بدەن لەناو ئەو سێ چوار دێڕەدا ناوی پارتی كە پەكەكە پێی دەڵێت (پەدەكە) ھێنراوەتەوە ناو ناوان...ئینجا:

لەبەر ئەوەی مستەفا قەرەسوویش وەك بەرپرسانی تریان ھەر بەگوێرەی ڕێڕەو و ئایدۆلۆژیای پەكەكە پەروەردە كراوە، بە گوێرەی ئەو نەھج و ڕێڕەوەش بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی باڵات لەناو پەكەكەدا ھەبێت، دەبێ پێش ھەر شتێك بێیت و لەژێر ناوی ڕەخنەگرتن لە كەسایەتیی خۆت، خۆت سووك و چرووك بكەیت و بڵێیت ھەتا ئێستا من مرۆڤ نەبووم و لەو كاتەوە بووم بە مرۆڤ كە بووم بەپەكەكە و فەرموودەكانی ئاپۆ جێبەجێ دەكەم، ئەمیش گێل بووە و وەك ئەوەی ھێشتا بەنجی دوای نەشتەرگەری بەباشی بەری نەدابێت، پەلامار و ھێرشی 30 ساڵی بەردەوامی خۆیان بۆ سەر ھەرێمی كوردستان و شەڕ دژی گشت داوودەزگا دەستووریەكانی ھەرێمی كوردستان و شەھیدكردنی پێشمەرگە لە قووڵایی خاكی ھەرێم و باج و سەرانەسەندن لەو خەڵكە جووتیار و كاسبكارانەی ھەرێم لەسەر سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و ئێران و ئینجا ئەگەر ھەرێم بیەوێت بەر بەم شەڕەی پەكەكە دژی ھەرێم بگرێت، ئا ئەمە لای مستەفا قەرەسوو شەڕی ناوخۆیە!

پێدەچێت ئەو گرووپە لێخراوەی یەكێتییش بۆ ئەو شەڕانەی پەكەكە دژی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ پەكەكەدا بووبن، بۆیە مستەفا قەرەسوو دەڵێت: ”یەکێتی لەم دواییانەدا هەڵوێستی هەبوو بە ڕاشکاوانەش دەڵێت: ئێمە ناچینە ناو شەڕێکی ناوخۆییەوە“ دیسان پێدەچێت ڕووداوەكانی 8ی تەمووزی سلێمانی و ڕۆژانی دواتر، خراپ مستەفا قەرەسووی تەزاندبێت، ئەگینا ئەگەر وا نیە تۆیەكی قەرەسوو چ ئیشێكت بە ھەرێمی كوردستان و ئەو گرووپە لێخراوە ھەیە؟

ئەی تۆیەكی قەرەسوو كە باسی ئەو رووداوانەی مانگی پێشووی سلێمانی دەكەیت، بۆچی لەپەنا ئەم باسەدا ناوی پارتی دەھێنیتە ناو ناوان؟ باشە واز لە ھەرێمی كوردستان و پارتی بھێنن، بەڵام ئایا ھەر بەڕاستی حزبە منداڵڕفێن و شەڕفرۆشەكەی قەرەسوو، سكیان بۆ یەكێتی دەسووتێت و خەمی یەكێتیانە؟

ئەگەر مستەفا قەرەسوو ڕاشكاوانە و ڕاستگۆیانە وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، بڕوای پێدەكەم، پرسیارەكەش ئەمەیە: ئەگەر ئەوەندە لە خەمی یەكێتیدان، باشە بۆچی لە تەمووزی ساڵی 2000دا لە قەردەداغ و چیای ئاسۆس و مامەندەوە پەلاماری پێشمەرگەكانی یەكێتیتان دا؟ خۆ ئەو كاتە نە لە قەردەداغ و نە لە چیای ئاسۆس و مامەندە، پێشمەرگەی پارتی كە ئێوە پێی دەڵێن (پەدەكە)ی لێ نەبوو! بۆیە ئەم پرسیارەشم كرد چونكە ھەر لە بەشێكی ئەو چاوپێكەوتنە تەلەڤزیۆنیەیدا قەرەسوو دەڵێت: ”دژی ھەر ھێزێك دەوەستینەوە كە ھێرش بكاتە سەر یەكێتی!“