كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کچێکی دەفژەن: دەکرێ بە هونەر و مۆسیقا ژیانمان جوانتر بکەین

شاری سنە وەک پایتەختی دەف لە جیهان ناسراوە و بەرلەوەی کە ئەم نازناوە بە باڵای شاری سنە وەک شارێکی هونەری و کولتووری ببڕێت، ئەو شارە لە بواری هونەری دەفژەنی و دروستکردنی ئەم ئامێرەدا خاوەن پاشخان و ڕابردوویەکی درەوشاوە و ڕەنگین بووە و لە ساڵانی ڕابردوودا فێستیڤاڵی (دەف نەوای ڕەحمەت) لە سنە بەشکۆوە بەڕێوە چووە.

دەف لەلای نەتەوەی کورد پێگەیەکی بەرچاوی هەیە و وەک ئامێرێکی پیرۆز لێی دەڕوانرێت، چونکە بەشێکە لە نەریت و کولتووری بیروباوەڕی ئایینیی خەڵک و نزیکەی ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەرەوە وەستاکار و پیشەوەرانی کارامەی کورد لە ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی شاری سنە سەرقاڵی دروستکردنی دەف بوون و گۆڕانکارییان لە شێوازی دروستکردنیدا پێکهێناوە.

کرشمه های دف و نوای یا رسول الله مددی در کُردستان/ دف‌نوازی، باب جدیدی در  موسیقی جهان باز کرده است | کُردتودی

هەر کەسێک ڕێگەی بکەوێتە شاری سنە و ڕۆژێک بەناو بازاڕ و شەقام و گەڕەکانی ئەم شارەدا بسووڕێتەوە، بێگومان یەک لەو خاڵە بەرجەستە کولتووری و هونەریەی ئەم شارە کە سەرنجی ڕادەکێشێت، هونەری دەفژەنی و ئەو کارگە و وەستایانەن کە لە دەیان کارگەی گەورە و بچووکدا لەم شارە ساڵانێکی زۆرە بەم هونەر و پیشە ڕەسەنەوە سەرقاڵن.

لە ناساندن و پەرەپێدانی ئەم هونەرە تەنیا هونەرمەندانی پیاو و وەستا و پیشەوەرانی ئەم ئامێرە نین، بەڵکوو بە سەدان کچ و ژنی خولیای فێربوونی ئەم ئامێرە ڕەسەنەی مۆسیقای کوردی، بەم هونەرەوە سەرقاڵن.

بزرگترین تجمع دف نوازان سراسر کشور در سنندج برگزار شد + تصاویر

هەروەک لە ڕابردوودا ئەم ئامێرە کەلە ناوەندە ئایینی و مەزهەبییەکانی وەک تەکیە و خانەقا و مزگەوتەکان برەوەی سەندووە، بەڵام هەوڵ و هیمەت و لێهاتوویی هونەرمەندانی پێشەنگی ئەم بوارە وەک خەڵیفە میرزا ئاغە غەوسی، حەسەنی کامکار، باوکی گرووپی کامکارەکان و دواتر لەسەرووی هەموویانەوە بیژەنی کامکار، توانیان ئەم ئامێرە لە تەکیە و خانەقاوە بگوازنەوە بۆ جەرگەی مۆسیقای کوردی و وەک ئامێرێکی کاریگەر و پێگەدار جێگری بکەن و لەم بوارەد لەا سنەی پێشەنگ دەیان هونەرمەندی دەستڕەنگینی وەک شارام عەلیمحەمەدی، ئارام کەیخوسرەوی و وەستای دەستڕەنگین حەیدەر محەمەدی تێیدا هەڵکەوتوون.

ئێستا ئیتر ژنان و کچانی سنەش هاوشانی پیاوانی لە بواری هونەری دەفژەنیدا بوونەتە مامۆستا و بۆ خۆیان لە ناوەندە هونەری و فەرهەنگییەکانی ئەو شارە کۆرس و وانەی فێرکارییان بۆ فێرخوازان هەیە، یەک لەو کچە گەنج و هونەردۆستانە سەنا ئاروەند ژەنیاری دەفە کە هەر لە تەمەنی منداڵی و مێرمنداڵییەوە سەرقاڵی ئەم هونەرەیە و لەمبارەوە لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ (باسنیوز) باسی لە خولیاکانی خۆی لە بواری هونەر و کاریگەریی ئەم هونەرە و پێگەی شاری سنە لەمبارەوە کرد.

سەنا ئاروەند تەمەنی ٢٢ ساڵە و دەڵێت هەرچەند ئەو بوارە هونەرییەی کە خولیای ژیانمە هیچ پەیوەندییەکی بە بواری خوێندنەکەمەوە نییە کە دەرچووی بواری ژمێریارییە، بەڵام هەر لە منداڵیییەوە لەناو بنەماڵەیەکدا گەورە بووم کە تێیدا ئاواز و گۆرانی و هونەر بایەخی هەبووە.

خانمە دەفژەنی کورد سەنا ئاروەند لەبارەی سەرەتاکانی ئاشنابوونی بە هونەر دەڵێت: "من ئەم هونەرەم بە میرات پێ گەیشتووە، چونکە باوکم، خۆی کاری هونەری دەکات و گۆرانیبێژ و ژەنیارە، باوک و دایکم هەردووکیان هەموو کات لە بواری هونەریدا هاندەرم بوون و ئێستاش چەند ساڵێکە لەم بوارەدا کچانی فیرخواز فێر دەکەم و زۆربەی کۆرس و کارە هونەرییەکان خۆم سەرپەرست بووم".

لەبارەی پێگەی ئامێری دەفەوە گوتی: "بەڕای من دەف ئامێرێکی نەریتی و دێرینی عێرفانییە و منیش هەموو هەست و هۆش و ستایلم لە دەفژەنیدا ڕوو بە عیرفان و ئەندێشەی مەولانا و شەمسی تەبرێزی و خانەقایە، بۆیە بۆ بواری هونەریی خۆم دەفم هەڵبژاردووە، چونکە پێم وایە ئەگەر کەسێک بیهەوێ ببێتە دەفژەنێکی باش و لێهاتوو، دەبێ لەناو دڵی خانەقاوە دەست بەم هونەرە بکات و لەوێوە بە جوانی خۆی پەروەردە بکات و لەم بوارەشدا لە سنە ژنان و کچان زیاتر ڕوویان لەم هونەرە کردووە، چونکە ئامێرێکی سەنگین و ڕوو بە عیرفان و خوایە".

سەنا ئاروەند لەبارەی هۆکاری ناساندنی سنە وەک پایتەختی جیهانیی دەف ڕای گەیاند: "بۆیە شاری سنە کراوەتە پایتەختی دەف، چونکە هونەرمەندانێکی پێشەنگی وەک کامکارەکان و عەندەلیبییەکان لەناو دڵیدا پەروەردە بوون و کاریگەرییەکان هەبووە".

ئەو کچە هونەرمەندە گەنجە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد: "من وەک هونەرمەندێک ئەو پەیامەمە بۆ خەڵک و بەتایبەتی گەنجەکان هەیە ئەگەر ئەیانەوێ ئەم ئامێرە بۆ بواری هونەریی خۆیان هەڵبژێرن، دەبێ بە عەشق و حەز و ئۆگرییەوە درێژەی بدەن و دەکرێ وڵاتەکەمان و ژیانمان بە هونەر و مۆسیقا جوانتر بکەین".