كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەرپرسێكی پارتی لە كەركووك: پێش كردنەوەی بارەگاكانی، پارتی نووسینگەی هەڵبژاردن دەكاتەوە

 جێگری سەرۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كه‌ركووك – گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، پارتی پێش كردنەوەی بارەگاكانی لە كەركووك، لەم رۆژانەدا نووسینگەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكاتەوە. 
دیاری حوسێن، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركوك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 10ی 8ی 2021، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان، پێش كردنەوەی بارەگاكانی لە كەركووك، بڕیاری داوە نووسینگەی تایبت بە هەڵبژاردنەكان بكاتەوە."
 
كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌
دیاری حوسێن، ڕای گه‌یاند: ئێستە كە لە پێشوازیی پرۆسه‌ی هەڵبژاردنداین، كردنەوەی نووسینگەی هەڵبژاردن، پێش بارەگا گرنگترە، بۆ ئەوەی لەنێو جەماوەری خۆماندا دەست بە بانگەشە بكەین.
لەبارەی كاتی كردنەوەی نووسینگەكانی هەڵبژاردنه‌وه‌، ئەو بەرپرسەی پارتی باسی لەوە كرد، "نووسینگەكان بەپێی پێویست دەكەینەوە، ژمارەیان دیاری نەكراوە، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا دەكرێنەوە.
 
گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ پێش هه‌ڵبژاردن
عارف روشدی، راوێژکاری مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی، به‌ (باسنیوز)ی ڕاگه‌یاندبوو: هه‌وڵێک هه‌یه‌ بۆ هێورکردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ داعش رۆژانه‌ هێرشی لێ ده‌کات، به‌تایبەت‌ ناوچه‌کانی سنووری ماده‌ی 140، ئەمەش بۆ ئەوەی هەماهەنگییەک دروست بکرێت له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقدا، بۆ پڕکردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌کان و هه‌وڵ بده‌ن بەر بە هێرشه‌کانی داعش بگرن و هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ سنووری ماده‌ی 140دان، پێش هه‌ڵبژاردن ئارام بکرێنه‌وه‌، لەوبارەیەوە له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ ڕژدی له‌سه‌ر خه‌تین.
 
پارتى پلانی بۆ مووسڵیش هه‌یه‌
عەلى خەلیل بەرپرسى لقى 14ى پارتى دیموکراتى کوردستان پێشتر بە (باسنیوز)ى راگه‌یاندبوو: دواى سەردانى شاندێکى پارتى بۆ شارى مووسڵ و گفتوگۆکردن لەبارەى کردنەوەى بارەگاکانى پارتى لەو شارە، بڕیارە بەم نزیکانە بارەگایەک لە سەنتەرى شارى مووسڵ بکەینەوە، کە بارەگاى لیژنەى ناوچەیەکى سەر بە لقى 14یە لەو شارە، بەڵام بارەگاکانمان لەو شارە بەهۆى شەڕى داعشەوە وێران بوون و ئێستا بەدواى باڵاخانەى دیکەدا دەگەڕێین.