عێراق خێزانێکی وڵاتەکەی لەسەر سنووری لیتوانیا ”رزگار“ دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

عێراق خێزانێکی وڵاتەکەی لەسەر سنووری لیتوانیا ”رزگار“ دەکات

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ”رزگارکردن“ی خێزانێکی وڵاتەکەی لەسەر سنووری لیتوانیا، رادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 10-8-2021، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە: لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بیلاڕووسیا و لیتوانیا بۆ دۆزینەوەی شوێنی مانەوەی عێراقییەکان لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە، کار دەکەن.

ئەحمەد سەحاف بەبێ ئاشکراکردنی هیچ وردەکارییەک، رایگەیاندووە: ”لە چەند کاتژمێری رابردوودا“، خێزانێکی عێراقییان لەسەر سنووری لیتوانیا رزگار کردووە، کە ”لە بارودۆخێکی سەختدا بوون“.

پێشتر یەکێتیی ئەوروپا رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی عێراق گرتبوو، کە لەژێر ناوی گەشتی بەکۆمەڵ، پەنابەرانی ئەو وڵاتە دەچنە بیلاڕووسیا و لەوێشەوە بە قاچاغ روو لە لیتوانیا دەکەن.

دوای ئەو رەخنانە، دەسەڵاتدارانی عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان بەغدا و شاری مینسکی پایتەختی بیلاڕووسیایان راگرت.

رۆژی 4-8-2021، پاسەوانی سنووری بیلاڕووسیا رایگەیاند: پەنابەرێکی عێراقی لە سەر سنووری نێوان بیلاڕووسیا و لیتوانیا کوژراوە و چوار پەنابەری دیکەش بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، چونکە سوپای لیتوانیا بە بەکارهێنانی سەگی پۆلیسی و لێدان، لە سنووری وڵاتەکەی دەری کردبوون.