ھەر تۆمان مابوو!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 09/08/2021

ھەر تۆمان مابوو!

لە نووسینێكیدا، ئەندام پەرلەمانێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق، ھاتووە تەڕ و وشكی بەیەكەوە سووتاندووە و بە شێوەیەكی ڕەھا پارتی و ھەموو یەكێتیی لەگەڵ یەكتردا تێكەڵ كردووە و تۆمەتباریان دەكات و دەڵێت پارتی و یەكێتی ئەجێندای دوژمنكارانەی دەرەكی جێبەجێ دەكەن، نووسینەكەشی بەم پرسیار و تۆمەتە بۆ پارتی و یەكێتی كۆتایی پێ ھێناوە و دەڵێت: ”لەم دۆخەدا دەگەیت بەو پرسیارە: ئایا هەر بەجدی ئەمە ئەو دۆخە بوو كە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانویست پێشمەرگە بە یەكجاری لە ناوچـە کوردستانیەکان نەمێنێت؟ دەبێ چ ئەجێندایەکی دوژمنکارانە بێت ئەمان جێبەجێی دەکـەن؟“، ئینجا من لای خۆمەوە دەڵێم:

1- سەیرم لێ دێت كورد بیت، ئەندامی پەرلەمان بیت لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئاگاداری مێژووی زۆر نزیكی ڕووداوەكانی وڵاتی خۆت واتە كوردستان نەبیت، سەیرم لێ دێت ئەو ئەندامی پەرلەمانە نەزانێت كە چ كاتێك و لە ئەنجامی چیەوە بوو كە ناوچە كوردستانیەكان بە كەركووكیشەوە خرانەوە ژێر دەستی داگیركەرانی كوردستان و كێ بوون ئەوانەی پێش لەشكری داگیركەرانی كوردستان كەوتن بۆ ئەوەی پێشمەرگە لە كەركووك نەھێڵن؟

2- سەیرم لێ دێت كورد بیت، ئەندامی پەرلەمان بیت لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام تەنانەت غەدر لە بەشێكی حزبەكەی خۆیشت بكەیت و ئەوە نەزانیت كە كەی بوو لە كەركووك بەشێك لە حزبەكەی خۆت لە پشتەوە تەقەیان لە پێشمەرگەكانی سەر بە حزبەكەی خۆت كرد و نەشزانیت ئەو پێپشمەرگە بریندارانە لە ھەولێر چارەسەر كران!

3- سەیرم لێ دێت كورد بیت، ئەندامی پەرلەمان بیت لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئەوە نەزانیت كە كەی بوو؟ كێ بوون ئەوانەی بە گوێرەی ئەجێندای دەرەكی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیان بە كەركووكیشەوە خستەوە ژێر دەستی داگیركەرانی كوردستان؟

4- سەیرم لێ دێت كورد بیت، ئەندامی پەرلەمان بیت لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئەوە نەزانیت كە پارتی لەو ڕووداوانەدا نەك ھەر ئەجێندای دەرەكیی جێبەجێ نەكردووە، بەڵكوو لە داستانەكانی پردێ و سحێلا شكستێكی گەورەی مێژوویی بە ئەجێندای دوژمنكارانەی دەرەكی ھێنا و ئەگەر ئەو كاتە پارتی نەبوایە ئێستا شتێك نەمابوو بە ناوی ھەرێمی كوردستان و تەبعەن مەگەر سوێندی گوێڕایەڵیی بۆ دوژمنانی كوردستان بخواردایە، ئەگینا ئەو ئەندام پەرلەمانە ئێستا خەسڵەتی ئەندامێتیی پەرلەمانی لەدەست دابوو، تەنیا ناوە شەخسیەكەی خۆی بێ ھیچ پلە و پۆستێك مابوو.

5- سەیرم لێ دێت كورد بیت، ئەندامی پەرلەمان بیت لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئەوە نەزانیت كە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناوچە كوردستانیەكان، ئەوە 10 مانگە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ئاگاداریی نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان ڕێككەوتننامەی شنگالی لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا ئیمزا كردووە و ئەو ڕێككەوتننامەیە ئیمزای ھەردوو وەزیرانی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی بەسەرەوەیە، بەڵام ھەتا ئێستا حكوومەتی عێراق ھیچ خاڵێكی ئەو ڕێككەوتننامەیەی جێبەجێ نەكردووە و ھێشتا چەكدارانی سەر بە پەكەكە و ھەندێك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی شنگالیان چۆڵ نەكردووە.

جا بۆ ئەو ئەندام پەرلەمانە وا باشتر بوو كە لەجیاتی تۆمەتباركردنی پارتی و یەكێتی بەوەی كە ئەجێندای دەرەكیی دوژمنكارانە جێبەجێ دەكەن، بچێت بەدواداچوون بكات و بزانێت ئەو چەكدارانەی سەر بە پەكەكە و ئەو گرووپانەی حەشدی شەعبی لە شنگال، بۆچی لە شنگال ناڕۆن و ئەوانە لە شنگال چ ئەجێندایەكی دەرەكی جێبەجێ دەكەن! نەك پارتی و یەكێتی.

5- دیسان سەیرم لێ دێت كورد بیت، ئەندامی پەرلەمان بیت لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئەوەش نەزانیت كە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووكیش دیسان ھەر بە ئاگاداریی نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان و نوێنەرانی ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و پێكھاتەكانی كەركووك، ھەتا ئێستا چەندین كۆبوونەوە كراوە، بەڵام بۆ ئەو ئەندام پەرلەمانە وا باشتر بوو كە لەجیاتی تۆمەتباركردنی پارتی و یەكێتی بەوەی كە ئەجێندای دوژمنكارانەی دەرەكی جێبەجێ دەكەن، بچێت و بەدواداچوون بكات و بزانێت ئەو گفتوگۆیانەی كە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك كراون ھەتا كوێ ڕۆیشتووە؟ لە كوێدا وەستاوە و بۆچی؟ ئەوانە كێن كە نایانەوێت بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و كێشە دروست دەكەن؟ ئەی ئەوانەی ئەم كێشانە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك دروست دەكەن، ئەوان خزمەت بە چ ئەجێندایەكی دوژمنكارانەی دژ بە گەلی كوردستان جێبەجێ دەكەن؟

دوای سەركەوت شەمسەدین و غالب محەمەد و ئەحمەدی حاجی ڕەشید و ھۆشیارعەبدوڵا و ڕێبوار كەریم مەحموود، ھەر تۆمان مابوو لە بەغداوە تۆمەت و تاوان بخەیتە ئەستۆی ھەرێمی كوردستان، دە قیروسیا با تۆیشی بێتە سەر، بەڵام ئەوەش بزانە كە تۆیشی ھاتە سەر ئیتر ئەم جۆرە وەڵامانەی بۆ تۆش دێتە سەر!