ئەحمەد سەفاڕ: ئەگەر ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت عێراق یاساى بودجەى 2022ى نابێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەحمەد سەفاڕ: ئەگەر ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت عێراق یاساى بودجەى 2022ى نابێت

بڕیاردەرى لیژنەى داراییی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر هەڵبژاردنی داهاتووى عێراق لە کاتى خۆی بەڕێوە بچێت، ئەوا عێراق نابێتە خاوەنی پڕۆژەیاساى 2022 و لەم حاڵەتەش کار بە یاساى بودجەى ئەمساڵ دەکرێت.

د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەرى لیژنەى داراییی پەرلەمانى عێراق، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: "ئەگەر هەڵبژاردنەکانى پێشوەختەى عێراق لە کاتى خۆیدا و لە مانگى 10ى داهاتوو بەڕێوە بچێت، حکوومەتى کازمى دەبێتە حکوومەتى کاربەڕێکەر و ناتوانێت پڕۆژەیاسا پێشکەش بکات و لە پەرلەمان گەنگەشەى لەسەر بکرێت، چونکە بەپێى یاسا، حکوومەتى کاربەڕێکەر ئەو دەسەڵاتەى نییە، بەڵکوو هەندێک دەسەڵاتى دیاریکراوى هەیە تا پێکهێنانى کابینەى نوێ".

ڕایشیگەیاند: "لە ئەگەرى بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق، ئەو وڵاتە دەکەوێتە ژێر بارێکى ئاڵۆز و، ئەستەمە لەو ماوەی کورتەدا کە بەپێى یاسا بۆى دیاری کراوە حکوومەتى نوێ پێک بهێندرێت، چونکە سازان و یەکدەنگیى سیاسى لە عێراق کاتى زۆرى پێویستە".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "لە ئەگەرى دواکەوتنى پڕۆژەیاساى ساڵى 2022، کار بە پڕۆژەیاساى 2021ى عێراق دەکرێت لەسەر بنەماى یەک لەسەر دوازدە بۆ هەر مانگێک، چونکە یاساى بودجە کاتێکى زۆرى پێویستە و ناکۆکییەکى زۆر لە نێوان لایەنەکان پەیدا دەکات، بۆیە ئەستەمە عێراق ببێتە خاوەنی پڕۆژەیاساى ساڵى 2022".