فێری نانکردن نەبم خەسووم لێم پەشیمان دەبێتەوە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

فێری نانکردن نەبم خەسووم لێم پەشیمان دەبێتەوە!

کۆمەڵناسێک: کاتێ باوان منداڵەکانیان فەرامۆش دەکەن، ئەم کێشانەی لێ دەکەوێتەوە

تەمەنی تەنیا حەڤدە ساڵە، بەڵام وەکوو کەسێکی گەورەساڵ رەفتار دەکات. پێی وایە، دەبێ رەفتارەکانی لە ھاوتەمەنەکانی نەچێت، بۆ ئەوەی خەسووی بەدڵی بێت.

کاتێک گوێ لە بەسەرھاتی ساوێن دەگری، بیر لەو کولتوورە ناڕێکە دەکەیتەوە، کە مرۆڤەکان دەکاتە رۆبۆتی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئەوی تر، بەبێ گوێدانە خواست و ویستی راستەقینەی خۆی. ھاوکات بیر لە ھەڵەی باوک و دایک دەکەیتەوە، کە بەھۆی سەرقاڵیی خۆیانەوە، لەڕووی رۆحیەوە دوور لە منداڵەکانیان دەژین و ئاگاداری وردەکاریی دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتیی منداڵەکانیان نین و دەرگایەکی گونجاویان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ نەکردوونەتەوە.

ساوێن لە خێزانێکی ھەژاری نۆ کەسییە و کچی بچووکی ماڵەوەیە. بەپێی قسەکانی ئەو، باوکی لە مانگێکدا دوو بۆ سێ رۆژ لە ماڵەوەیە و رۆژەکانی دیکە لە دەرەوەی ماڵ بوو. دایکی ساوێن بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانی ئیش بۆ ماڵان دەکات. ئەوەش وای کردووە، ساوێن و خوشک و براکانی لە تەمەنی زووەوە بەتەنیا لە ماڵ بمێننەوە.

ئەو کچە دەڵێت: "تەمەنم چواردە ساڵ بوو، کوڕێکی دراوسێمان ھاتوچۆی دەکردین، پێی گوتم، کە منی خۆش دەوێت، منیش حەزم کرد، چونکە دەمویست زوو ھاوسەرگیری بکەم، چونکە گوتیان ئەگەر ھاوسەرگیریم کرد، ژیان دەگۆڕدرێت و دایکیشم دەیگوت تا زوو شوو بکەن باشترە".

ساوێن بە نیەتی زوو شووکردن لەگەڵ کوڕی دراوسێکەیان رێک دەکەوێت، بەڵام تەمەنی کوڕەکە ھەژدە ساڵ و لە ساوێن گەورەترە، بۆیە زوو دەیخاتە ژێر فەرمانی خۆی: "رۆژانە ھاتوچۆی ماڵی ئێمەی دەکرد، براکەشم کە تەمەنی نزیک لە تەمەنی ئەو بوو، خۆشی دەویست و دەیگوت برادەرمە، ھەموو متمانەیان پێی ھەبوو. تا ئەو کارەی ئاشکرا بوو، کە بەرامبەر بە من کردوویەتی".

ساوێن دەگێڕێتەوە: "رۆژێک کەس لە ماڵ نەبوو، ئەو کوڕە ھات و دەستی کردە ملم و ماچی کردم، منیش ھەندێک شەرمم دەکرد، ویستم لەبەردەستی بڕۆم، بەڵام ئەمجارە بردمیە ژوورەوە و لەگەڵم خەوت، ئەو کاتە ھەستم بە ئازارێکی زۆر دەکرد و داوام لێ کرد بمبات بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئەو گوتی ئەگەر کەس بزانێت جارێکی تر من و تۆ یەکتر نابینینەوە، بۆیە دان بەخۆتدا بگرە و ئەگەر نەشتوانی ھەستە بڵێ نەخۆشم، تا ئازارت نامێنێ".

ئەو کچە بە قسەی کوڕەکەی ھاوڕێی دەکات و دوو رۆژ لەناو جێگا دەبێت، دواتر ھەڵدەستێەوە و ئەمە لای مامۆژنی باس دەکات، مامۆژنیشی بە دایکی دەڵێت: "کاتێک دایکم بەوەی زانی، زۆری لە خۆی دا و گریا، منی بردە لای دایکی کوڕەکە، سەرەتا دایکی کوڕەکە حاشای دەکرد و بە دایکمی گوت، رۆژ تا ئێوارە ئەو منداڵانە بەتەنیا بەجێ دەھێڵی، خوا دەزانێ کێ وای لێ کردووە. کاتێک ئەو قسەیەی کرد، دایکم پەلاماری کوڕەکەی دا و گوتی، چیت کردووە لای دایکت بیڵێ، ئەگەر نا دەتخنکێنم، کوڕەکەش دانی بە ھەموو شتێکدا نا".

دوای ئەوەی دایکی کوڕەکە دەزانێت، لەگەڵ دایکی ساوێن دەیبەن بۆ لای دکتۆر و دڵنیا دەبنەوە، کە پەردەی کچێنیی نەماوە، دوای ماوەیەک ماڵی کوڕەکە خوازبێنیی ساوێن دەکەن و لە کوڕەکەیانی مارە دەکەن.

ساوێن ئێستا دووچاری فشاری دەروونی و جەستەیی بووەتەوە و دەڵێت: "شەوان خەوی ناخۆش دەبینم و بەردەوام لە دڵەڕاوکێدا دەژیم، چونکە دایکم دەڵێت، دەبێ بە دڵی ماڵی دەزگیرانەکەت بی، تا لێت پەشیمان نەبنەوە و ئابڕوومان نەچێت، خەسووشم داوام لێ دەکات، کە دەبێ جلی درێژ لەبەر بکەم و فێری تەواوی کاری ناوماڵ بم، ئەگەرنا بەکەڵکی ماڵی ئەوان نایەم".

ساوێن لە تەمەنێکی کەمدا کەوتووەتە ژێر باری فشارێک، کە لە توانای خۆی گەورەترە و قۆناغەکانی تەمەنی ئاسایی نەژیاوە. ئەو دەیەوێت وەکوو ھاوتەمەنەکانی رەفتار بکات، بەڵام ھەڕەشەکانی دایکی و خەسووی رێگەی پێ نادەن، کەمتەرخەمیی باوکیشی بارەکەی سەختتر کردووە و ناچارە خۆی فێری نانکردن و میوان بەڕێکردن بکات.

ئەم کەیسەمان بردە بەردەم خاتوو شیرین محەمەد کۆمەڵناس و چالاکوان، ئەو سەرەتا و ھۆکاری دروستبوونی ئەو جۆرە کێشانەی بۆ نێو خودی خێزانی ساوێن گێڕایەوە و گوتی: ”باوکێک کە لە مانگێکدا سێ چوار رۆژ لەنێو ماڵ و منداڵی خۆیدا بێت، جا ئیتر خەریکی ھەر شتێک بێت لەدەرەوە، دەبێ بزانێ لەنێو ماڵدا چەندین کێشەی بۆ ھاوسەرەکەی و منداڵەکانی بەجێ ھێشتووە“.

گوتیشی: ”کچ یان کوڕ، لە تەمەنی ھەرزەکارییدا، بەتایبەت لەو تەمەنەی ساوێنی تێدا ژیاوە، خودان خەیاڵ و جیھانی تایبەت بە خۆیەتی و سەرەتای خۆناسینیەتی، بۆیە گرنگە باوان وردتر و وریایانەتر لەگەڵیان بژین و ھەڵسوکەوت بکەن، بێگومان ئەمە بەو مانایە نا کە سەرکوتیان بکەن و بیانخەنە بەر چاودێریی توند و رێی ھەموو شتێکیان لێ بگرن، نەخێر ئەمانە چارەسەر نین، بەڵکوو باشترین رێگە ئەوەیە کە لەو تەمەنەدا چ دایک چ باوک زیاتر ھاوڕێ و ھاودەمی منداڵەکانیان بن، بەدوای خەون و بەھرەکانیانەوە بن، رەنگە حەز بە مۆزیک بکەن، یان حەز بە خوێندنەوە یان وەرزش یان فێربوونی زمان و جۆرەھا بواری تر، دەکرێ ھاوکاریان بن لە وەدیھێنانی خەونی گەیشتن بەو بوارە“.

ئەو خانمە کۆمەڵناسە روونیشی کردەوە: ”بەدڵنیاییەوە کچێک لە تەمەنی چواردە ساڵیدا شوو بکات، ئەنجامی باش نابێ، نە لە رووی تەندروستی نە لە رووی دەروونی و نە لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە، نەخاسمە ئەگەر لە ئەنجامی چیرۆکێکی وەک ئەمەی ساوێن بچێتە ژیانی ھاوسەرگیرییەوە، ئێستاش کە کار لە کار ترازاوە، دەبێ خەڵکانی عاقڵمەند و کۆمەڵناس و دەروونناس و شارەزا، لەگەڵ ساوێن و کەسوکاری ھەردوو لا دابنیشن و ئەم دۆخەیان بۆ روون بکەنەوە، تا کارەسات و کێشەی تری بەدوادا نەیەت، دەبێ توانای خۆگونجاندن لە ھەردوو لاوە دروست بکەن، بە رەچاوکردنی دۆخی دەروونی و تەمەنی ھەردوو ھاوسەر“.