یەكەم وانەی خودا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مووسا یان مۆشێ، تاكە پیغەمبەرە كە خودا بەدوایدا دەگەڕێت.
{كاتێك یەزدان بینی مووسا لایدا بۆ ئەوەی تەماشا بكات، خودا لەناو دەوەنەكەوە بانگی كرد و فەرمووی:
- مووسا، مووسا.
ئەویش گوتی:
- ئەوەتام.
یەزدان فەرمووی:
- نزیك ئێرە مەكەوە. پێڵاوەكانت لەپێت دابكەنە، چونكە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاكێكی پیرۆزە. تەورات، دەرچوون، ٣}

- تا ئەوە ڕۆژەی مووسا سووتانی دەوەنەكە دەبینێ، ئاگر دیارە و هیچیش ناسووتێ، تا ئەو ڕۆژە، مووسا هیچ شتێكی جیاوازی لەگەڵ تەواوی گەلەكەیدا نییە. بۆیە دەبێ لێرە بەدواوە بەدوای ئەوەدا بگەڕێین خودا بۆچی مووسای هەڵبژاردووە؟
تەنیا بە منداڵی بێ ئەوەی هونەرێكی خۆی تێدابێ، بە ئاودا دەرێت و كچی فیرعەون هەڵیدەگرێتەوە.
- یەكەم كاریشی لە تێهەڵچوونێكدا میسریەك دەكوژێت.

یەكەم وانەی خودا
ئەگەر ئەو دوو ڕووداوەی سەرەوە وانەیەكی ناڕاستەوخۆ بێ بۆ مووسا و دەوروبەرەكەی، ئەوە نامەی ئاگرگرتنی دەوەنەكە نامەیەكی ڕاستەوخۆی خودایە بۆ مووسا:
{مووسا بووە شوانی مەڕەكانی یەترۆی خەزووری كە كاهینی میدیان بوو، مەڕەكانی بردە ئەوپەڕی دەشتودەرەكە هەتا گەیشتە خودا، حۆرێڤ، لەوێ لەناو گڕی ئاگرێك لە دەوەنێك فریشتەی یەزدانی بۆ دەركەوت. كە مووسا تەماشای كرد، بینی وا دەوەنەكە گڕ دەگرێ، كەچی دەوەنەكە ناسووتێت، مووسا گوتی لادەدەم و تەماشای ئەو دیمەنە مەزنە دەكەم، بۆچی دەوەنەكە ناسووتێت. تەورات، دەرچوون}

یەكەم وانەی خودا بۆ مووسا نیشاندانی هێزیەتی، هێزی موعجیزە، ئاگر تێبەردانی دەوەنەكە و نەسووتانی. ڕەگی ئەو بابەتە لە ئوستووڕە و ئەفسانەوە هاتووە، ئەویش متافیزیكە. میتافیزیك ئەودیوی واقیع، سەروو واقیع. لێرەوە دەكرێ بە دوای ڕەگی فكری (بوون) لەنێوان ئایین و ئوستووڕەدا بچین.

- ئایا ترساندنی ئینسان لە كوێیی فكردایە؟ ترس لە كوێدا دەبێتە بەرهەمهێنەری فكر؟
- هەموو دەركەوتنێك لە دەرەوەی واقیع دەبێتە دیاردەیەكی ترسناك.
- سووتانی دەوەن یان دار و دارستان هەرچەند بەهێز بێت نابێتە دیاردەیەكی ترسناك، بەڵام گڕگرتنی دارێك یان دەوەنێك بەبێ ئەوەی دەوەنەكە بسووتێ دیاردەیەكی نائاسایی و ترسناكە.
- ئەوە ڕۆحی دەركەوتنی ئایینەكانە، یان ئەوە ڕۆحی گواستنەوەی ئوستوورەیە بۆ ناو ئایین.
- ترس ئەگەر نەشبێتە بابەتێكی فكری بێگومان دەبێتە هۆی جووڵاندنی فكر و هاندانی بیركردنەوە.

دەستێكی شاراوە
هەزاران ڕووداوی سروشتی نابنە دیاردەیەكی ئایینی ئەگەر ڕەگەزێكی ئوستوورەیی تێدا نەبێت.
وەك شەقبوونی نیل، كڕنووش بردنی خۆر و مانگ و ئەستێرە بۆ كەسێك با لە خەویشدا بێت. ئاگرگرتنی دەوەن بەبێ سووتانی. گۆچان بكەیە مار و بڕوات. كوێر بە تف چاكەیەوە.
. ئەوەش بووەتە ڕەگەزێكی گرینگی دەركەوتنی ئایینەكان، هیچ ئایینێك ئیعتبارێكی درێژخایەن دروست ناكات، ئەگەر موعجیزەیەكی لەپشتەوە نەبێ.

. پەیامبەر كە نزیكترین كەسە لە دەسەڵاتی خوداییەوە، دەبێ بیسەلمێنێ كە شتێك لەو دەسەڵاتەی هەیە، پەروەردگار هێزێكی پێ بەخشیوە لە هێزی سروشتیی هەموو ئینسانەكانی سەر زەوی بەهێزتر و جیاوازترە. هەر لەبەر ئەوەشە بۆ باوەڕهێنان مرۆ یەكسەر بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت كە ئەو پەیامبەرە چ هێزێكی لە ئینسان بەدەرەی هەیە.
. هەموو موعجیزەكان لە پەنهان و لە كاتێكی كورت و حاڵەتیكی دەروونیی تایبەتدا كراون و زۆر زۆر دەگمەن دووبارە. بوونەوە.

. واتا یەك نابینا چاك دەكرێتەوە و یەك مردوو زیندوو دەكرێتەوە و یەك جار ئاگر ناسووتێنێ.
- هەموو. ئەو ڕووداوە نائاساییانە ترس و سەرسام بوون لای ئینسانی ئاسایی دروست دەكەن و خێرا تەسلیم بەو هێزە (خاریق) لەتوانا بەدەرە دەبێ، بە دوو مەبەست:
یەكەم: بۆ ئەوەی لە تووڕەیی ئەو هێزە بەدوور بێت، چونكە دەزانێ دەتوانێ زیانی پێ بگەیەنێ و وێرانی بكات.
دووەم: پەنای پێدەگرێ تا جگە لەوەی دەیپارێزێ، پاداشتیشی بكات
.
پەیامەكانی ئایینەكانیش لەسەر ئەو دوو بنەمایە داڕێژراون كە هەردووكیان پشتیان بە ترساندن و پاداشت بەستووە.
- كە پەیڕەومان بكەی پاداشتت دەكەین، لەم دنیا و لەودنیا ژیانێكی ئارامت بۆ مسۆگەر دەكەین.
- بە پێچەوانەوە جگە لەوە كە دەسەڵاتمان هەبێ سزات دەدەین و ئەشكەنجەت دەدەین تا سەربڕینیش، كە ئەوانە نەكران خوداكەمان ڕسقت دەبڕێت و نەخۆشت دەكات، كە ئەوەش لەم دنیایە مەیسەر نەبوو، بە دڵنییاییەوە لە دنیای دیكە جێگەت دۆزەخ و ئەشكەنجەی بێ بڕانەوەیە.

مووسا و دەركەوتنی یەزدان و هێزی خاریق
. یەزدان هێزێكی لە واقیع بەدەری خۆی نیشانی مووسا دەدات، تا هیچ گومانێكی لە خودایەتی و دەسەڵاتی بێسنووری نەمێنێ.
. خاكێكی بە ناوی خاكی خودا دیاری كردووە، لە وەختێكدا پێمان گوتراوە كە هەموو سەر زەوی موڵكی خودایە، تەنیا ئەو خاكەی خودا پیرۆزە و موعجیزەی لێ ڕوو دەدات و پیرۆزە و نابێ بە پێڵاوەوە بچیتە ناوی.

لە كوێی چیرۆكی مووساداین؟
- مووسا ژنی هێناوە و بووەتە شوانی مەڕەكانی خەزووری.
- خودا لە شێوەی فریشتەدا بۆی دەركەوتووە.
- موعجیزەی نیشان داوە.
- قسەشی لەگەڵ كردووە پێی گوتووە.
{من خودای باوكتم، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقووبم.
مووسا ڕووی خۆی داپۆشی، چونكە دەترسا تەماشای خودا بكات. تەورات، دەرچوون، ٣}