یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
حەمەسەعید حەسەن 07/08/2021

یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟

(٤)

 

تا ئێرە کورتەی بەسەرهاتی ناشتنی تەرمی یەکێتیی نووسەرانی کورد بوو، لە پاشماوەی ئەم نووسینەدا، وەڵامی گەلێک پرسیاری تریش دەدەمەوە. ئەدیبانی کورد وەک هەڵوێستی سیاسی، لە سێ بەش پێک دێن:
ئەو نووسەرانەی سەربە ڕژێمی بەعسن و قەڵەمەکانیان فرۆشتووە.
ئەوانەی هەڵوێستێکی دیاریکراویان نییە و ئەگەر بۆیان بکرێت خۆیان لە کێشەکان دەدزنەوە.
ئەوانەی بە هۆشیارییەوە لە سروشتی چینایەتی و ئایدۆلۆجیای ڕژێم تێگەییشتوون و ئامادە نین قەڵەمەکانیان بفرۆشن.

لێرەدا ناچارم بۆ دووەمین میهرەجانی شیعری کوردی بگەڕێمەوە کە لە بەهاری ١٩٧٩دا لە سلێمانی ساز کرا. هەموو ئەو شاعیرانەی لەو فێستیڤاڵەدا، شیعری شۆڕشگێڕانەیان خوێندەوە و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەیان نواند، نەک هەر بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد ڕازی نەبوون، بەڵکوو لە سایەی ڕژێمی فاشیستدا هەڵیاننەکرد، تەنیا یەکێکیان نەبێت کە ئیستیمارەی پڕ کردەوە و هەر زوویش پەشیمان بووەوە. بە پێچەوانەیشەوە، هەموو ئەوانەی لەو میهرەجانەدا زەندەقیان لە حەماسی جەماوەر چووبوو، بەئاسانی چوونە خانەی ڕژێمەوە. ئەو نووسەرانە کە وەک فسفس پاڵەوان دەجووڵانەوە، لەگەڵ یەکەمین چاو لێ بزکردنەوەدا، نووکی قەڵەمەکانیان لە قوڕ چەقاند. ئەو نووسەرانە بە چوونیان بۆ ناو یەکێتییەکەی سەر بە ڕژێم، ئەگەر مافێکیان بۆ نووسەری کورد بەدەست هێنابێت، تەنیا مافی پێداهەڵدانی (سەرۆکی فەرماندە و جەنگە ڕەواکەیەتی،) بە زمانی شیرینی کوردی! دیارە ئەوانەی ڕۆڵی سەرەکییان، لە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورددا بینی، تەنیا لە پێناوی دەستکەوت و پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیاندا ئەو کارەیان کرد، ئەگەرنا نووسەری هۆشیاری کورد، چی لەگەڵ ڕژێمێکی فاشیستدا کۆی دەکاتەوە؟

کە ڕژێمی بەعس داوای لە مەعین بەسیسۆ کرد، لە میهرەجانی مەربەدی ساڵی ١٩٧١دا بەشدار ببێت، بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: (من لەگەڵ ڕژێمدا میهرەجان ناگێڕم، لەگەڵ ئەو شاعیرانەدام کە لە کۆشکی کۆتایی ئەشکەنجە دەدرێن و لەگەڵ ئەو شاعیرانەدام کە لە عێراق ڕاو نراون.)(١) کە وەزیری دەرەوەی کۆڵۆمبیا داوای لە گابریڵ گارسیا مارکیز کرد، ببێتە کونسوڵی کۆڵۆمبیا لە بەرشەلۆنە، مارکیز بەم شێوەیە وەڵامی وەزیری دایەوە: (ناتوانم لە خزمەتی ئەو ڕژێمەدا بم کە حوکمی وڵاتەکەم دەکات، چونکە بڕوام بە بیروڕا هیچوپووچەکانی نییە. خزمەتی ئەو ڕژێمە بێئابڕووە ناکەم کە بێشەرمانە خوێندکاران گولـلەباران دەکات.)(٢) نووسەرە ترسنۆکەکانی کورد نەک هەر ئامادەن خزمەتی ڕژێمی بەعس بکەن، بەڵکوو سەرۆکەکەیان پاکانەیش بۆ ڕژێم دەکات و دەیەوێت ئەوە بچەسپێنێت کە ڕژێم نیازی لەگەڵ کورد و ئەدەبەکەیدا خاوێنە و وەزیری دەرەوەی عێراق وەک کوردپەروەر دەناسێنێت.(٣)

بۆچی بوویت بە ئەندامی یەکێتییەکەی سەر بە ڕژێم؟ ئەم پرسیارە ئاراستەی هەر یەکێک لەو نووسەرانە بکرێت، دیارە لە وەڵامدا ناڵێت: لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆم بپاریزم، یان ناڵێت: لە توانامدا نییە، بەرەنگاری پیلانەکەی رژێم ببمەوە، یان ناڵێت: ترسنۆکم و هیچی تر. دیارە ئەمانە ناڵێت، تەنانەت ئەگەر لە جاشێکیش بپرسیت: بۆچی بوویت بە جاش؟ کۆمەڵێک پاساوی هەیە. ئەوانەی بە لە گۆڕنانی یەکێتیی نووسەرانی کورد ڕازی بوون، تەنیا دوو جۆرن: نووسەرە بەعسییەکان و نووسەرە ترسنۆکەکان، بەڵام هەردوو جۆرەکەیان لە وەڵامی: بۆچی بوویت بە ئەندامی یەکێتییەکەی سەر بە ڕژێمدا، دەڵێن: (دەچین لە کۆنگرەی بەغدا، داکۆکی لە ئەدەبی کوردی و نووسەری کورد و گەلی کورد دەکەین.) دەربارەی ئەم وەڵامە، ئەم ڕاستییانە دەخەمە بەر چاو:

(*) یاسای دامەزراندنی یەکێتیی گشتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق و لەناوبردنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، لە ئەپریلی ١٩٨٠دا دەرچوو، ئەگەر جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، سوودی ئەدەبی کوردیی تێدابوو، بۆچی لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نووسەرانی کورددا، کە لە ١٩٨١ بەسترا، هەم دژی ئەوە بوون یەکێتیی نووسەرانی کورد لەناو بچێت و هەم دژی ئەوەیش بوون یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی یەکێتییە عێراقییەکە بێت.

(*) بەعس ئەوەندە بەستەزمان نییە، کۆنگرەی بەغدا بکاتە شانۆگەرییەک، ڕژێمی تێدا ببێتە جێگەی پێکەنین. جگە لەمە ئەو نووسەرە کوردانەی ئامادەی کۆنگرە دەبن، بە ئامادەبوونی سەددام حوسەین، لە توانایاندا نییە ورتە بکەن، ئەوان لەبەردەم پارێزگاری سلێمانیدا، لە ١٤ی ١ی ١٩٨٣دا، سەریان وەک کیسەڵ کێشابووەوە ناو قاوغەکانیان و پارێزگار چی گوتبوو، بە زیادەوە جێبەجێیان کرد، لە بەغدا نەک هەر بەپێوە چەپڵە بۆ ڕژێم و سەرۆکەکەی لێ دەدەن و بروسکەی پێرۆزبایی دەنێرن، بەڵکوو چاوەڕێ دەکرێت، نامەیەکی بە خوێن نووسراویش، ئاڕاستەی قارەمانی نەتەوەییی عەرەب بکەن، من وایان لێ چاوەڕێ دەکەم، بەڵام ئاواتەخوازم لەم پێشبینییەمدا بە هەڵەدا بچم.

(*) ئەگەر ڕاستە ئەوان لە کۆنگرەی بەغدا دژی ڕژێم دەوەستنەوە، کەواتە بۆچی ڕژێم بڕیاری داوە، بە هیچ جۆرێک بەرهەمی ئەو نووسەرانەی بوون بە ئەندامی یەکێتییە عێراقییەکە و ناچن بۆ کۆنگرەی بەغدا، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو نەکرێتەوە و هیچ دەزگایەکی سەر بە ڕژێم، نەک هەر بەرهەمیان بۆ چاپ نەکات، بەڵکوو بە هیچ جۆرێک یارمەتیشیان نەدرێت. بۆچی ڕژێم پەلاماری ئەو نووسەرانە دەدات کە بۆ کۆنگرە ناچن؟ بۆچی ڕژێم دووریان دەخاتەوە و ڕاویان دەنێت و دەیانگرێت؟

(*) لینین کارکردنی لە سەندیکا زەردەکاندا ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نەبووە، دەستبەرداری سەندیکاکەی خۆت ببیت و بچیت لە نەقابەیەکی زەرددا کار بکەیت. بەلشەفیکەکان لە ساڵی ١٩٠٥دا، بەشدارییان لە (دۆما)دا نەکرد، هەرچەندە هەموو حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەشدارییان تێدا کرد، بەشدارینەکردن لەو کاتەدا هەلوێستێکی ڕاست بوو، لەبەر ئەوە نا کە بەشدارینەکردن لە پەرلەماندا، هەڵوێستێکی ڕاستە، لەبەر ئەوەی سەردەمەکە لەباربوو بۆ بەرپابوونی مانگرتن و پاشان ڕاپەڕین، لەبەر ئەوەی هەلومەرجی ئەو سەردەمە، لەوە شۆڕشگێڕانەتربوو، کە بەلشەفیکەکان بە بەشداریکردن لە پەرلەمانێکدا قایل ببن، بۆرژوا و خاوەنموڵک تێیدا باڵادەست بن.(٤)

لینین بڕوای بە سازش هەبوو، تەنانەت لەگەڵ ئیمپریالیستەکانیشدا، ئەگەرنا لە ٣ی ئاداری ١٩١٨دا پەیمانی (برێست)ی نەدەبەست، بەڵام سازش شتێکە و بوون بە شەریکی جەردە شتێکی ترە. ئەگەر نووسەرانی کورد چەند ڕێبوارێکی بێ چەک بن و ڕژێمیش چەند جەردەیەکی چەکدار، کاتێک ئەو جەردانە دەیانەوێت ئەو ڕێبوارانە ڕووت بکەنەوە، یەکێتیی نووسەرانی کوردیان لێ زەوت بکەن، لەم کاتەدا بەپێی بۆچوونی لینین، دەبێت نووسەران چونکە هیچ چارەیەکی تریان نییە، دەستبەرداری یەکێتییەکەیان ببن، بەڵام کە ڕازی بوون بەوەی ببن بە ئەندامی یەکێتییەکەی ڕژێم، مانای ئەوەیە بوون بە جەردە. هەڵوێستی دروست ئەوەیە، ڕێبوارەکان هەوڵی سەندنەوەی شتومەکەکانیان بدەن، نووسەرانی کورد هەوڵی دروستکردنەوەی یەکیتییەکەی خۆیان بدەن، نەک ببنە هاوڕێی جەردەکان. هەرچەند نووسەرە ترسنۆکەکان ئەگەر پێشتر سەنگەری جەردەکانیان هەڵنەبژاردبا، ئەوا وەک چۆن لە ساڵی ١٩٧٨دا توانییان پارێزگاری لە یەکێتییەکەیان بکەن، هەر وایش بەڵکوو ئاسانتریش، دەیانتوانی لە ساڵی ١٩٨٣یشدا، داکۆکی لە یەکێتییەکەیان بکەن، چونکە لە ١٩٧٨ دا هەلومەرج دژی خواستی نووسەران و یارمەتیدەری جەردەکان بوو، بە پێچەوانەیشەوە، لە سەرەتای ١٩٨٣دا، هەلومەرج دژی خواستی جەردەکان و یارمەتیدەری نووسەران بوو.

نووسەرە ترسنۆکەکان وەک خۆیان بوون بە شەریکی جەردەکان، هەوڵێکی زۆریشیان دا، نووسەرە هۆشیارەکانیش هەمان هەڵوێستیان هەبێت، ئەمەیش ئەوە دەچەسپێنێت کە لەوە دڵنیا بوون، بەر نەفرەتی مێژوو دەکەون، بۆیە ویستیان هەموو نووسەران لەگەڵ خۆیاندا بەرەو زەلکاوی ڕژێم ڕابکێشن، تا دواڕۆژ کەس توانای ئەوەی نەبێت، پەردە لەسەر هەڵوێستی ترسنۆکانەیان لا بدات. ئەو نووسەرانە وایاندەزانی مێژوو چەند نووسەرێک دەینووسێتەوە و ڕۆڵی جەماوەریان لە بیر خۆیان دەبردەوە.

سەرۆکی نووسەران و تاقمە ترسنۆکەکەی بەدرێژاییی دوو ساڵ، تا بەڵێنی کورسییان پێ نەدرابوو، تا پشتگوێ خرابوون، دژی هەڵوەشاندنەوەی ی. ن. ک بوون، بەڵام کە (مەسەلەکە لەلایەن سەرکردایەتیی وڵاتەوە، قاڵبێکی تری وەرگرت،)(٥) هەڵوێستی سەرۆک و تاقمەکەیشی قاڵبێکی تری وەرگرت، ئەو قاڵبەی ڕژێم دەیویست، ئەگەرنا خۆ ڕەوتار و ئایدۆلۆجیای ڕژێم قاڵبی نوێیان وەرنەگرتبوو. هەر کە ئیستیمارەی پڕکراوە بە لێشاو گەییشتە دەست ڕژێم، کۆمیتەی خۆ نامادەکردنی کۆنگرەی یەکێتییە عێراقییەکە، بە سەرۆکی نووسەرانی کوردی گوت: (بە تاقمەکەت بڵێ، لەبەر ئەوەی هەموو ئەدیبان، کورد بن یان عەرەب، هەر یەک ئامانجیان هەیە و هەموویان هەر عێراقین، بۆیە لە کۆنگرەدا قەدەغەیە، کەس بە ناوی نووسەری کوردەوە قسە بکات، تەنانەت پێیان گوتبوو: نابێت یادداشتەکەیشتان بخوێنرێتەوە.)

نووسەرە ترسنۆکەکان بۆ ئەوەی دەستەکەیان بە تەواوی نەکەوێتە ڕوو، نووسەرێکی هۆشیاریان بەوە تاوانبار کرد کە چووەتە لای نوێنەرێکی ڕژێم و پێی گوتووە: (ئەو نووسەرە کوردانە بۆیە بوون بە ئەندام لە یەکێتییە عێراقییەکەدا، تا لە کۆنگرەدا بیقەومێنن.) ئەگەر ئەو تۆمەتەی دابوویان پاڵ ئەو نووسەرە ڕاست بووایە، دەبوو ڕژێم هیج نەبووایە، سووکەهەڕەشەیەکی لە نووسەرە ترسنۆکەکان کردبا، نەک سوپاسنامە و خەڵاتیان بۆ بنێرێت. دەبوو ڕژێم ئەوانی بۆ دەزگا سەرکوتکارەکانی بانگ کردبا، نەک ئێمە، دەبوو ڕژێم دەرگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بە ڕووی ئەواندا داخستبا نەک بە رووی ئێمەدا. بێجگە لەمانە، نووسەرە ترسنۆکەکان، بە ئاشکرا، بۆ چاوبەست لە هۆڵی ئەزمڕی سلێمانیدا دەیانگوت: (لە بەغدا فەرتەنەیەک دەنێینەوە.)

چێڕنیڤسکی دەڵێت: (ڕێگەی مێژوو پیادەڕۆی شەقامی نیڤسکی(*) نییە، وەك چۆن بە کێڵگە و بیاباندا دەڕوات، هەر وایش بە دارستان و زۆنگ و زەلکاویشدا تێدەپەڕێت، ئەوی لەوە دەترسێت، گەردی لێ بنیشێت، یان کەوشەکانی پیس ببن، با خۆی لە هەموو چالاکییەکی کۆمەڵایەتی بە دوور بگرێت.) بۆیە من لەلای خۆمەوە چاوەڕێی ئەوەم دەکرد، ئەوانەی لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە، دێڕێکی بەرەنگارییان بە ناوی خۆیانەوە نەنووسیوە، ئەوانەی لە هیچ کۆڕ و کۆبوونەوە و چایخانە و باڕێکدا، ڕستەیەکیان دژی ڕژێم نەگوتووە، ڕاپۆرتی زۆروزەبەند بۆ ڕژێم بنووسن کە ئێمە سەر بە شاخین، ڕاپۆرتی زۆروزەبەند بۆ شاخیش بنێرن کە ئێمە سەر بە ڕژێمین، ئاخر هەر کەسانی وا، مارکسیان بەوە تاوانبار دەکرد کە پیاوی بسمارکە. جگە لە هەموو ئەمانە، ئەو نووسەرە ترسنۆکانە لەبەردەمی ڕژێمدا داکۆکی لە چی دەکەن؟ خۆ لە کۆنگرەدا، هیچ بەعسییەک ناڵێت: کورد کەرە! ئەوان کە گوترا کورد کەرە، مێشێک میوانیان نەبوو! ئیدی گەرەنتی چییە کە لە بەغدا، داکۆکی لە کورد دەکەن؟ ئاخۆ خەنجەرە کارتۆنییەکانیان بۆ کام تەنگانە هەڵگرتبێت؟

لینین دەڵێت: (ئەوی پێی وایە، بۆ هەموو ڕووداوێک، بڕیاری پێشوەخت ئامادەکراو هەیە، سیاسەتکار نییە، ساختەکارە.) نووسەرە ترسنۆکەکان، ئەوانەی بانگاشە بۆ ئەوە دەکەن، لە بەغدا، لە کۆنگرەدا دەیکەن بە ڕۆژی حەشر، هەر ئەوانەن کە لە هەولێر سەری خۆیان کز کرد. ئەو نووسەرانە نازانن کۆنگرەی بەغدا کەی و چۆن دەبەسترێت، ئیدی چۆن دەزانن چی دەکەن و چی دەڵێن! خۆ ئەوان دەیانگوت لە شوباتی ١٩٨٣دا کۆنگرە دەبەسترێت، کەچی حوزەیرانە و هێشتا نەبەستراوە.(**) دیارە ڕژێم هەر مەبەستی لەناوبردنی یەکێتیی نووسەرانی کورد بوو، ئەگەرنا کۆنگرەی دوا نەدەخست.

هیگڵ پێی وابوو: لە مێژووی جیهاندا هەموو ڕووداو و کەسایەتییە گرنگەکان، دوو جار دەردەکەون، بەڵام مارکس دەیگوت: دەبوو هیگڵ ئەوەیش بڵێت کە یەکەم جار وەک تراجیدیا دەردەکەون و دووەم جار وەک کۆمیدیا. سەرۆکی نووسەران پاش ئاداری ١٩٧٠بە شێوەیەکی تراجیدیایی یەکێتیی نووسەرانی کوردی ڕادەستی هەژار و سەعید ناکام کرد، بەڵام لە ١٩٨٣دا، بە شێوەیەکی کۆمیدیایی یەکێتییەکەی بە ڕژێم بەخشی، ئەگەر لە ١٩٧٠دا دڵیان پێی سووتابێت، ئەوا لە ١٩٨٣دا پێکەنینان پێی هاتووە.

بەپێی پێڕەوی ناوخۆی یەکێتیی گشتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق، هەر کەسێک دوو بەرهەمی لە هەر بوارێکدا نەک تەنیا بواری ئەدەب، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو کردبێتەوە، مافی ئەوەی هەیە ببێت بە ئەندام، کەواتە ڕژێم لەڕێی وەرگرتنی بە لێشاوی ئەندامی بەعسییەوە، دەست بەسەر یەکێتییەکەدا دەگرێت، بۆیە هەر پێشنیازێک بخرێتە دەنگدانەوە، بە دڵی ڕژێم نەبێت، سەرناگرێت و هەر نووسەرێکی (غەیرەبەعسی)یش خۆی بۆ هەر کۆمیتەیەک بپاڵێوێت، دەرناچێت. کەواتە وەک لینین دەڵێت: (ناپاکییە بچینە شەڕێکەوە، بزانین ئەنجامەکەی بە قازانجی دوژمن دەشکێتەوە.)(٦) بەڵام نووسەرە ترسنۆکەکان، کەی ڕژێمی بەعس بە دوژمن دەزانن! یەکێک لە داخوازییەکانی کۆبوونەوەکەی هەولێر ئەوەبوو، نووسەرانی کورد خۆیان لە کۆنگرەدا نوێنەرانی خۆیان بۆ ئەنجوومەنی باڵای یەکێتییە عێراقییەکە هەڵببژێرن، کەچی لە شوباتی ١٩٨٣دا، بەعس بە ئارەزووی خۆی و دژی خواستی نووسەرانی کورد، حەوت نووسەری کوردی سەر بە ڕژێمی، بۆ کۆمیتەی دامەزراندنی یەکێتییە بەعسییەکە دیاری کرد.

*
(١) الإرهاب في العراق، ص٥٧
(٢) عزله‌ مارکیز ص ٧٨ و ٧٩
(٣) ژمارە: ١١ ل ١٦٤نووسەری کورد.
(٤) لینین، مرض الیساري الطفولي فی الشیوعیه‌، ص ٢٥
(٥) ئەوەی نێوان دوو کەوانەکە، قسەی سەرۆکی نووسەرانە. ل١٦٢ی ژمارە ١١ی نووسەری کورد.
(٦) لینین، مرض الیساري الطفولي فی الشیوعیه‌، ص٨٣
(*) نیڤسکی: شەقامی بۆرژواکانی ڕووس بوو لە پەترۆگراد.
(**) سەرۆکی نووسەران لە هەولێر لە ١١ و ١٢ ی کانوونی دوومی ١٩٨٣دا دەیگوت: لەبەر ئەوەی بەم زووانە کۆنگرە دەبەسترێت، کات ماوەی ڕژێم نادات داخوازییەکانمان بکات بە یاسا!