سەبارەت بە پێدانى کامێراکانى هاتوچۆ بە کەرتى تایبەت روونکردنەوە دەدرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سەبارەت بە پێدانى کامێراکانى هاتوچۆ بە کەرتى تایبەت روونکردنەوە دەدرێ

بەڕێوەبەرى گشتیی هاتوچۆى هەرێمى کوردستان رایگەیاند کامێراکانى پێوانەکردنى خێرایی لەلایەن هاتوچۆى پارێزگاکانەوە سەرپەرشتى دەکرێن و هیچ بڕیارێکیش نییە بۆ پێدانیان بە کەرتى تایبەت.

لیوا عەبدولقادر عەزیز، بەڕێوەبەرى گشتیى هاتوچۆى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "کامێراکانى پێوانەکردنى خێرایی چ ئەوانەى جێگیرکراون لە شەقام و رێگا سەرەکییەکان، چ ئەوانەشى گەڕۆکن و رۆژانە لەلایەن کارمەندانى هاتوچۆوە بەپێى پێویست لە شەقامەکان دادەندرێن، سەرجەمیان لە لایەن هاتوچۆى پارێزگاکانەوە سەرپەرشتى دەکرێن و بەشێوەیەکى سیستەماتیک چاودێرى دەکرێن و بەشێکى تایبەتیان هەیە لە بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى شارەکان".

راشیگەیاند: "بەپێى توانا و بۆ زیاتر کۆنترۆڵکردنى شەقامەکان و کەمکردنەوەى رووداوەکانى هاتوچۆ و کەمکردنەوەى تیژڕۆیی، کامێراکانى تۆمارکردنى خێرایی لە شەقامەکان دادەندرێن، ئەمەش سوودێکى باشى هەبووە لە کەمکردنەوەى رووداوەکان و کۆنترۆلکردنى شەقامەکان".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "ماوەى چەند رۆژێکە دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە سەبارەت بە پێدانى کامێراکان بە کەرتى تایبەت، بەڵام تا ئەو کاتە هیچ بڕیارێک لەلایەن وەزارتى ناوخۆ نەدراوە بۆ پێدانى کامێراکانى پێوانەکردنى خێرایی بە کەرتى تایبەت و ئەو هەواڵانە هیچ بنەمایەکیان نییە".