كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

قایمقامی كۆیە: ڕووپێوی بۆ وەگەڕخستنەوەی پرۆژە وەستاوەكان دەكرێت

قایمقامی كۆیە ڕای گەیاند ژمارەیەك پرۆژە لە سنووری قەزای كۆیە وەستاون و بە نیوەچڵی ماونەتەوە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستانیش بەنیازە بەمەبەستی وەگەڕخستنەوەیان، ڕوپێوییان بۆ بکات.

تاریق جەلال، قایمقامی كۆیە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەهۆی قەیرانی دارایی، هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا لە سنووری قەزای كۆیەش ژمارەیەك پرۆژە وەستاون كە ئێستا هەوڵێك هەیە وەگەڕ بخرێنەوە".

گوتیشی: "وەك هەنگاوی یەكەمی ئەو هەوڵە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان قسەمان كردووە و ئەوان بەڵێنیی ئەوەیان پێداین كە كاری جددی بۆ وەگەڕخستنەوەی پڕۆژە وەبەرهێنەكانی سنوورەكەمان دەكەن".

تاریق جەلال باسی ئەوەشی كرد: "بۆ ئەو مەبەستە دەستەی وەبەرهێنان وەبەرهێنانی هەولێر ڕاسپێردراوە سەردانی سنووری قەزای كۆیە بكات و ڕووپێوی و نەخشەڕێگایەكی پرۆژە وەستاوەكان و پڕۆژەی پێویستی دیكەی سنوورەكە ئامادە بكات و هانی وەبەرهێنەران بدات بۆ ئەوەی بەپێی مەرج و ڕێنوێنییە دیاریكراوەكان وەریان بگرن و كاركردن تێیاندا دەست پێ بكاتەوە".