دۆران كاڵكانیش لووتی تێ ژەنی و دانیشی پێدا نا!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 03/08/2021

دۆران كاڵكانیش لووتی تێ ژەنی و دانیشی پێدا نا!

تایبەت بە كێشە و ڕووداوەكانی رۆژی ٨ی تەمووز و دواتری شاری سلێمانی كە شاراوە نیە و ڕۆژانە ئاگادارین، دۆران كاڵكان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەكەكە لە بەشێكی ناو چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا بەم شێوەیە لووتی ژەنیوەتە ناو ئەو كێشە و ڕووداوانە: ”یەنەکە لە بەرامبەر داگیرکاری هەڵوێستی نیشان دا، هەر بۆیە کێشەی ناوخۆییان بۆ دروست کردن، چۆن هێرش دەکەنە سەر پەکەکە، هەمان شت بۆ یەنەکەش دەكەن“، جگە لەوەی ئەم قسەیەی دۆران كاڵكان پلارێكی بۆ پارتی تیایە! بەڵام ھەر لەو یەك دێڕ قسەیەی دۆران كاڵكاندا، بێئاگایی و داماویەكی تەواوی بۆ كێشەكانی ناو یەكێتی تیایە، لەمەش گرنگتر دانپیانانێكی زۆر باشیشی تیایە بۆ سەلماندنی ئەوەی كە پێش ئەم ڕووداوانەی ئێستا، ھەندێك لەناو یەكێتیدا لەگەڵ پەكەكە خەریكی چی بوون! كەواتە لێرەدا:

1- كاڵكان سووك و باریك دەڵێت ئەوان وەك پەكەكە لە ناوچە سنووریەكانی ھەرێمی كوردستان كە ھێرشیان دەكردە سەر پێشمەرگەی كوردستان، بەشێك لە یەكێتی لەگەڵ پەكەكەدا بوون، واتە ھێرشكردنە سەر پێشمەرگەی كوردستان و شەھیدكردنی پێشمەرگە، ئامانجێكی ھاوبەشی پەكەكە و ئەو بەشە لە یەكێتی بووە كە ئێستا كاڵكان خەمیان بۆ دەخوات!

2- كاڵكان سووك و باریك دەڵێت ئەوان وەك پەكەكە لە ناوچە سنووریەكانی ھەرێمی كوردستان كە بوون بەھۆی ئەوەی سوپای توركیا بێتە ناو قوڵایی خاكی ھەرێمی كوردستان و ئینجاش زیان گەیاندن بە جووتیاران و دانیشتوانی 800 گوندی ھەرێمی كوردستان و تەنیا زیانی ئەم شەڕانەی دوایی لەو ناوچە سنووریانەدا كە بەر جووتیارانی ئەو ناوچانە كەوتووە 900 ملیار دینار بووە، ئەمەشیان ئامانجێكی ھاوبەشی پەكەكە و ئەو بەشە لە یەكێتی بووە كە ئێستا كاڵكان خەمیان بۆ دەخوات!

3- كاڵكان سووك و باریك دەڵێت ئەوان وەك پەكەكە لە ناوچە سنووریەكانی ھەرێمی كوردستان و لەناو خاكی ھەرێمدا كە بە گوێرەی دەستووری عێراق دەبێ لەژێر ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بێت بەڵام پەكەكە ئێستاش لەو ناوچانەدا ھەر بە كەڵەگایی خۆی خاڵی گومرگیی داناوە و باج و سەرانە لە كاسبكار و جووتیارانی ئەو ناوچانە دەستێنێت، ئەمەشیان ئامانجێكی ھاوبەشی پەكەكە و ئەو بەشە لە یەكێتی بووە كە ئێستا كاڵكان خەمیان بۆ دەخوات!

4- بەڵام ئەشھەدو كاڵكان دان بەوەشدا دەنێت كە ئەوەی بۆ تێكدانی ھەرێمی كوردستان پەیوەندیی لەگەڵ ئەوان واتە پەكەكە ھەبووبێت یان ھەبێت، ھەروەك ئەوانەی لێ دێت كە ئێستا خراپ لێیان قەوماوە! كەواتە كاڵكان دان بەوەشدا دەنێت كە ئەوان نەك ھەر ھۆكارێكی بەڵا و نەھامەتین بۆ كورد و كوردستان، بەڵكوو ھۆكارێكی بەڵا و نەگبەتی و دروستكردنی كێشەن بۆ ناو حزبەكانی كوردستان و بۆ نموونە یەكێتی!