کشانەوەی لایەنەکان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کشانەوەی لایەنەکان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە

چاودێرێکی سیاسی: لە مانۆڕی سیاسی و بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن دەچێت

کشانەوەی لایەن و هاوپەیمانەکان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامیی هەیە، بەڵام چاودێرێکی سیاسی پێیوایە، مانۆڕی سیاسیی ئەو لایەنانەیە و ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت ئەوە بەشداریی تیایدا دەکەن.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، تاوەکوو ئێستا نزیکەی ٣٠ لایەن و هاوپەیمانی لە بەشدارییان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سوننە و شیعە کشاونەتەوە، کە سەرەکیترینیان لایەنەکانی سەر بە موقته‌دا سه‌در، ساڵح موتڵه‌گ، ئه‌یاد عه‌لاوى‌ و حزبى شیوعیى عێراق بووە، ئەمە لە حاڵێكدا كە بە قسەی بەرپرسانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، رایگەیاندووە كە تا ئێستا هیچ یەكێك لەو لیستانەی بانگەشەی كشانەوەیان لە پرۆسەكە كردووە، بە فەرمی داوایان لە كۆمسیۆن نەكردووە كە بكشێنەوە.

لەمبارەیەوە، بورهان رەئووف چاودێری سیاسی، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، ئەوەی دەبینرێ مانۆڕی سیاسی ئەو لایەنانەیە و ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت دوور نیە ئەو لایەنانە بەشداریی تیادا بکەن، گوتی: ”مەرج نییە ڕەوتی سەدر کشابێتەوە، چونکە هەر لە ئێستاوە ئاماژەی ئەوە دەدەن کە گۆڕەپانەکە چۆڵ ناکەن بۆ پاسەوانە کۆنەکان کە دەست بەسەر جومگەکانی دەوڵەتدا بگرنەوە، لەلایەکی تریشەوە سەدر بەوە ناسراوە کە را و بۆچوونەکانی جێگیر نین و خێرا گۆڕانکاریی بەسەردا دێت“.

ئەو چاودێرە سیاسییە، ئاماژەی بەوەش دا، هەموو ئەوانەی دەبینرێت لە مانۆڕی سیاسی و بانگەشەی پێشوەختە دەچن، گوتی: ”لە کاتێکدا کە سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەکەن و وادەکەشی نزیک بووەتەوە ئەوە ئەگەری زۆر ئەوەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، مەگەر تیرۆر و کۆرۆنا زۆر هەڵکشێن ئەوە ڕێگری لە ئەنجامدانەکەی بکات و بەو هۆیانەوە نەکرێت نەک کشانەوەی لایەنەکان لە پڕۆسەکە“.

جێی باسە، تاوەکوو ئێستا هیچ لایەنێکی کوردستانی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق نەکشاوەتەوە کە وا بڕیارە لە 10ی10ی ئەمساڵ، ئەنجام بدرێت.