نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسان: داوامان كردووە ڕێگەی كاركردن بەو پەیجانە نەدرێت كە ناویان تۆمار نەكراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسان: داوامان كردووە ڕێگەی كاركردن بەو پەیجانە نەدرێت كە ناویان تۆمار نەكراوە

“بەشێك لەو پەیجانە بۆ لێدان له‌ كه‌س و حزب و گرووپی نێو حزبه‌كان سه‌پۆرت ده‌كرێن”

نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به ‌سه‌دان په‌یج له‌ كوردستان به‌ پاره‌ی گرووپ و كه‌س و حزبەكان دانراون و له‌ ده‌ره‌وه‌ی كاری رۆژنامه‌نووسی، خه‌ریكی كاری دیكه‌ن، بۆیە داوایان كردووە ڕێگە بە كاركردنی ئەو پەیجانە نەدرێت كە ناویان تۆمار نه‌كردووه‌.

ئازاد حه‌مەده‌مین، نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان به‌ (باسنیوز)ـی ڕاگه‌یاند: “به‌پێی بڕیارێك له‌ ئه‌نجومه‌نی شوورا، كه‌ پێشتر و له‌ ساڵی 2016 سه‌ندیكا كاری له‌سه‌ر كردبوو، ئه‌نجوومه‌نی شوورای هه‌رێمی كوردستان بڕیاری داوه‌، ئه‌و په‌یجانه‌ی كاری هه‌واڵ و زانیاری ده‌كه‌ن، ده‌بێت له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان ناوی خۆیان تۆمار بكه‌ن، تا ئه‌و كاته‌ی له ‌په‌رله‌مان یاسایه‌كی تایبه‌ت ده‌رده‌چێت”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تا ئێستا نزیكه‌ی سەد په‌یج تۆمار كراون، به‌ڵام به‌شێكی زۆریان كه‌ لایڤ ده‌كه‌ن و مایكیان هه‌یه و له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا ئاماده‌ن، تا ئێستا نەچوون خۆیان تۆمار بكه‌ن، "باسی پڕۆفیشناڵیش ده‌كه‌ن، به‌ڵام پابەندی رێكخستنی پیشه‌كه‌یان نین".

دووپاتی كرده‌وه‌، ئه‌و په‌یجانه‌ ناسراون، بۆیه‌ "له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانیش كۆبوونه‌وه‌مان كردووه‌، له‌سه‌ر هه‌ندێك خاڵ رێككه‌وتین بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یجانه، له‌ داهاتووشدا له‌سه‌ر هه‌مان پرس كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ ده‌كه‌ین.

نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسان، ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: “كاتێك په‌یجێك دروست ده‌كرێت، داوای سه‌رنووسه‌ر و سه‌رچاوه‌ی دارایی لێ ده‌كه‌ین، ئه‌و په‌یجانه‌ی‌ خۆیان تۆمار كردووه‌، نایانه‌وێت سه‌رچاوه‌ی داهاتیان و داراییان ئاشكرا بێت، دیاره‌ رۆژنامه‌نووس نین و پرۆژه‌ی ئه‌م په‌یجانه‌ رۆژنامه‌نووسی نین، بۆیه‌ ئاماده‌ نه‌بوون خۆیان تۆمار بكه‌ن، ئه‌وه‌ باشترین به‌ڵگه‌یه‌ و به‌شێكیان بۆ لێدان، له‌ كه‌س و حزب و گرووپی جیاوازی ناو حزبه‌كانه‌وه‌ سه‌پۆرت ده‌كرێن”.

ئازاد حەمەدەمین دووپاتیشی كردەوە: "نووسراومان بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش كردووە و داوامان كردووه‌ ئه‌و په‌یجانه‌ی به‌ فه‌رمی خۆیان تۆمار نه‌كردووه‌، حه‌قیان نییه‌ مایك به‌كار بهێنن له‌ كۆبوونه‌وه‌ و لە نێو خه‌ڵك، له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانیش گه‌یشتینه‌ رێككه‌وتن و نووسراوی سه‌ندیكا نه‌بێت بۆیان نییه‌ بچنه‌ په‌رله‌مان، له‌ ماوه‌ی سێ مانگی رابردوودا سۆشیال میدیا هه‌رایه‌‌كی گه‌وره‌ی سیاسی دروست كرد و به‌شێكیان وه‌ك ده‌سكه‌لا بۆ كاری تێكدەرانه‌ به‌كار هێنراون".