شاربەدەر كەمە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 02/08/2021

شاربەدەر كەمە!

ئەم چەند دێڕەی دەینووسم، پەیوەندیی بە ھیچ كەس و ھیچ گرووپ و ھیچ ڕووداوێكی دیاریكراوەوە نیە و كەس نەیخاتە سەر خۆی! ئەم چەند دێڕە بۆ ھۆشیاریی نیشتیمانی و نەتەوەییە و ھەموو كاتێك پێویستە بگوترێت و بگوترێتەوە، ئەم چەند دێڕە پەیوەندیی بە خیانەتی گەورە و سزای ئەم جۆرە خیانەتەوە ھەیە، باشە خیانەتی گەورە چیە؟
خیانەتی گەورە، تۆمەتێكە دەدرێتە پاڵ ئەوانەی كە بە ئامانجی ھەڵگێڕانەوە و لەناوبردنی ئاساییش و ئارامیی وڵاتی خۆیان پەیوەندی بە لایەنێك یان دەوڵەتێكی دەرەكیەوە دەكەن، خیانەتی گەورە تۆمەتێكە دەدرێتە پاڵ ئەوانەی كە شان بە شانی لایەنێكی دەرەكی دژی وڵاتی خۆیان شەڕ دەكەن، خیانەتی گەورە تۆمەتێكە دەدرێتە پاڵ ئەوانەی كە دژی مافە ڕەواكانی خەڵكی وڵاتی خۆیان پیلان دەگێڕن، خیانەتی گەورە تۆمەتێكە دەدرێتە پاڵ ئەوانەی كە خاكی وڵاتی خۆیان بۆ دوژمن بەدەستەوە دەدەن یان كارێك دەكەن كە دەبێتە ھۆی پاشاگەردانی و بێسەروبەری و ئینجا لێرەشەوە دروستكردنی ئاسانكاری و ڕێخۆشكردن بۆ دەستێوەردانی دوژمنی گەل و وڵاتی خۆیان لە كاروباری وڵاتی خۆیان بە قازانجی دوژمنانی گەل و وڵاتی خۆیان.
جا كاتێكیش ئەم تۆمەتە بەسەر ھەر كەس و گرووپێكدا ساغ بووەوە بەو كەس و گرووپانە دەگوترێت خائین. سزای ئەم جۆرە خیانەتەش مەگەر ڕەحمی پێ بكرێت یان سزای لەسێدارەدان لەناو یاساكانی ئەو وڵاتەدا نەبێت، سزای زیندانیكردنی ھەتا ھەتاییە، ئەگینا لەسێدارەدانە. بەڵام لە ھەندێك وڵاتدا كە ھێشتا زۆریان ماوە بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی سیستەمی دیموكراسیی ھاوچەرخ دەچن لەجیاتی سزای زیندانیكردنی ھەتا ھەتایی یان سزای لەسێدارەدان، خائینانی خیانەتە گەورەكان لە ڕیزەكانی خۆیان دەردەكەن یان لە وڵات دەری دەكەن ئەوەی لە كوردەواریی خۆماندا پێی دەڵێن شاربەدەركردن.
وەك ڕای شەخسیی خۆم، سزای شاربەدەر بۆ ئەو خائینانەی كە تاوانی خیانەتی گەورەیان كردووە - ڕاستە لەڕووی دەروونیەوە بۆ ئەو خائینانە ناخۆشە - بەڵام سزای شاربەدەر بۆ ئەو خائینانە لەچاو قەبارە و جۆری تاوانەكەیان و لەچاو ڕادەی ترسناكیی ئەو تاوانانەی كە كردوویانە بە كەم دەزانم، نازانم ئێوە دەڵێن چی؟