15
كێشه و گرفته‌كانى مرۆڤ چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تییان نییه، هه‌موو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌یه‌ك، كێشه‌ى تر‌ى به‌دوادا دێت، چاره‌سه‌رى هه‌موو كێشه و گرفته‌كان و گه‌یشتن به ئاستى سفرى نه‌بوونى كێشه، له هه‌ره درۆ گه‌وره‌كانه، كه سه‌دان هه‌زار ساڵه كۆمه‌ڵێك مشه‌خۆر له پیاوى ئایینى و سیاسى و واعیز و ده‌سه‌ڵاتدار، گوتاربێژ و خوێنده‌وار و فەیلەسووف، خه‌ڵكى پێ ته‌فره ده‌ده‌ن، له‌په‌ناى ته‌فره‌دانى ئه‌واندا سامان كۆ ده‌كه‌نه‌وه و سه‌رمایه كه‌ڵه‌كه ده‌كه‌ن.
به‌شێك له باڵاده‌ستى و خاوه‌نداریه‌تیى جیهان و ئاراسته‌كردنى، كه به ئێستا و ئێره گه‌یشتووه، ئه‌مانه‌ى له‌پشته‌وه‌ن، كه بوونه‌ته خاوه‌نى هۆنینه‌وه‌ى ئه‌ندێشە و ئاراسته كردنى بیركردنه‌وه و ڕوانگه‌كان به به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیان.
من ناوی فەیلەسووفانیشم خسته ڕیزى ئه‌وانه‌ى كه تهفرهدهرن، به‌ڵام بێگومان فهلسهسهفه و فەیلەسووفان، له هه‌موو خراپه‌كاران كه‌متر خراپه ده‌كه‌ن و له هه‌موو تاوانباره‌كانیش كه‌مترین تاوان ده‌كه‌ن، منیش پێم وا ده‌بێت له پێشه‌نگى چاكهخوازاندا بن. له سه‌روبه‌ندى گهرمیى كه‌ڵه‌كه‌كردنى نه‌خۆشانه‌ى سه‌رمایه و به‌بازاڕكردنى جیهان و به‌كاڵاكردنى به‌هادا، ڕاوبۆچوونێك ئارا بووبوو، كه ده‌یگوت: "ئیتر باوى فه‌لسه‌فه نه‌ماوه".
(ستیفن هاوكینگ) له‌و زانا بهنامێیانهیه كه نا‌توانیت رێز بۆ بڵندیى پایه‌ى زانستی دانه‌نێت، له پێشه‌كیى كتێبى (پێداگریى مه‌زن)دا ده‌ڵێت: "فه‌لسه‌فه مردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نه‌یتوانیوه هاوتاى پێشكه‌وتنى زانستى بێت، ئه‌ستێره‌ى به‌ختى به‌ره‌و داكشان چووه"، ئه‌م قسه‌یه پڕ ڕاست و دروست ده‌بوو، ئه‌گه‌ر زانست یه‌خسیرى به‌رژه‌وه‌ندیى بازاڕ نه‌بوایه.
(ئالان دۆ بوتون) فەیلەسووفێكى به‌ریتانیاییه و زۆر سه‌رسامى (ڕۆڵان پارت)ه و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئه‌م جوامێره فه‌ره‌نساییه نه‌بوایه، من هه‌رگیز وه‌ك نووسه‌ر نه‌ده‌بووم"، ئه‌و كتێبه‌كانى ئه‌وه‌نده پڕفرۆشن، سه‌ر و سامانى نییه، له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا (به‌ها و بیانووى فه‌لسه‌فه)) وه‌ك داكۆكیكارێكى سه‌رسه‌خت له فه‌لسه‌فه خۆى نماییش ده‌كات، به‌ڵگه‌ى زۆر ده‌هێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بیسه‌لمێنێت، له سه‌رده‌مى به ترۆپك گه‌یشتنى زانست و تهكنۆلۆژیاشدا فه‌لسه‌فه به‌هانامانه‌وه دێت و بڵێت به‌هاى بایه‌خدارى هه‌یه.
له وتارێكیدا سه‌باره‌ت ده‌رده كۆرۆنا (ئالان دۆبوتون) باس له‌وه ده‌كات، كه بیروباوه‌ڕى سه‌ده‌ى (ڕۆشنگه‌رى) گوزراشته له‌وه‌ى كه زانست و ته‌كنۆلۆجیا به‌سه‌ر سروشتدا زاڵ ده‌بن.
ڕامكردنى سروشت و كۆنترۆڵكردنى ترۆپكى پێگه‌ى زانسته، به‌ڵام پرسیارى گه‌وره ئه‌وه‌یه، كه ئایا چۆن زانست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سروشتدا ده‌كات؟
ئه‌گه‌ر ڕۆشنگه‌رى بریتی بێت له باڵاده‌ستیى زانست به‌سه‌ر سروشتدا، ئه‌وا ئێمه له زه‌مه‌نى كۆرۆنادا ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستییه‌ى كه زانست خراپه‌كاریى گه‌وره‌ى دژى سروشت كردووه، به شێوازێك، كه سه‌باره‌ت به زانست ده‌بێ له‌سه‌ر پێناسه‌ى ڕۆشنگه‌رى ڕابوه‌ستین.
پرسیاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، كه ئایا (رۆشنگه‌رى) له زانست نه‌گه‌یشتووه، یاخود تێگه‌یشتن له زانست خیانه‌تى لێ كراوه؟
به ڕا‌وبۆچوونى كهمبایهخى من، زانست بووەته ئامراز و كه‌ره‌سه‌یه‌ك به‌ده‌ست بازاڕه‌وه، ئه‌مه‌ش واى كردووه هیچ به‌هایه‌كى نه‌مێنێت و ته‌نیا سه‌روسه‌ودا له‌گه‌ڵ قازانج و كه‌ڵه‌كه‌كردنى سه‌رمایه‌دا بكات.
به‌م شێوازه‌ى ئێستا ده‌یبینین، زانست به‌سه‌ر سروشتدا زاڵ نه‌بووه، به‌ڵكوو به ڕاده‌یه‌ك شێواندوویهتى، به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت كه ژینگه‌ى بوون و ژیانى مرۆیى ببێته (ناژینگه)، یاخود (ژینگه‌یه‌كى پێچه‌وانه)، كه تێیدا مرۆڤ دووچارى نامۆبوونێكى ژیارى و كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌بێت و به‌م ئاوه‌هاش زاڵبوونى زانست به‌سه‌ر سروشتدا، واتاى خۆى له‌ده‌ست ده‌دات، چونكه سروشت به جۆرێك شێوێندراوه، كه نه‌ك هه‌ر له دژى مرۆڤه، به‌ڵكوو گومانێكى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر چه‌مكى (مرۆڤبوون) دروست كردووه، به‌و شێوازه‌ى ڕۆشنگه‌رى پێناسه‌ى مرۆڤى پێ كردووه.
(ماركس و ئه‌نگلز) پێش هه‌موان پێشبینیى ئه‌وه‌یان كردبوو كه سیستمى سه‌رمایه‌دارى جگه له‌وه‌ى وزه‌ى كۆمه‌ڵگه دووچارى زیانى چینایه‌تى ده‌كه‌ن، سروشت و ژینگه‌ش له به‌ها و بوونى خۆیان داده‌ماڵن.
لێره‌وه چراى فه‌لسه‌فه گه‌رم داگیرساوهتهوه، به‌ها واتاى په‌یدا كردووه، واتاش ڕه‌هه‌ندى زۆرى بۆ دروست بووه .
له سه‌روبه‌ندى دهردهكۆرۆنادا، زۆرترین بیرمه‌ند و شاره‌زایانى فه‌لسه‌فه به‌گه‌رمى هاتوونه‌ته‌وه كایه، بۆ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به به‌هاى (واتا).
پێده‌چوو زمانى حاڵى سه‌ده‌یه‌ك له پێشڤه‌چوونى زانست بڵێت: "فه‌لسه‌فه هه‌ر هیچ نییه" به‌ڵام ئێستا كه دووچارى نه‌هامه‌تى بووین و به‌ڵاى گه‌وره به‌رۆكمان پێده‌گرێت، سه‌رباره‌ت ئه‌وه‌ى ئێمه پێویستمان به فه‌لسه‌فه‌یه، وه‌ڵامى تر وه‌رده‌گرینه‌وه.
ناوى زۆرم پێ ڕیز ناكرێن، به‌ڵام جگه له‌وانه‌ى بیرمه‌ندن و سه‌روسه‌ودایان له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌دا هه‌یه، بازاڕه‌كه بۆ فه‌لسه‌فه و بیركردنه‌وه به ڕاده‌یه‌ك گه‌رم بووه، ئه‌وانه‌ش، كه هه‌ر بایه‌خیان به فه‌لسه‌فه نه‌ده‌دا، به شوێن به‌هاى فهلسهوه بن.
كتێبه‌كانى كولتوورى ماركس به جۆرێك ڕه‌واجیان په‌یدا كردووه كه نازانیت له‌به‌رئه‌وه‌یه وه‌ڵام سه‌باره‌ت چاره‌سه‌ر ده‌ده‌نه‌وه، یان له‌به‌رئه‌وه‌یه كه هه‌ڵه‌كه‌یان بریتییه له‌وه‌ى چاره‌سه‌ریان پێشنیار كردووه!
ئه‌گه‌ر وه‌ڵامى من بۆ ئه‌م پرسیاره هه‌ر هیچ بایه‌خیشى نه‌بێت، ده‌نووسم: "له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، كه پێشبینیى ده‌رد و به‌ڵایان كردووه".
دهردهكۆرۆنا شكۆى بۆ فه‌لسه‌فه و بیركردنه‌وه و ته‌نانه‌ت ئه‌ده‌ب و به‌هاى كۆمه‌ڵایه‌تى گێڕایه‌وه. جیهان له سه‌رده‌مى كۆرۆنادا به هه‌موو تراژیدیا گه‌وره‌كانیه‌وه، زۆر شاعیریانهتر و زۆر فهلسهفهیانهتر، چراى بیركردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئاستى جیهان داگیرساندووه.
ئه‌م تێزه بیركردنه‌وه نوێیه‌ش گرنگى و به‌هاى له‌وه‌دایه، كه باس له‌وه ناكات چاره‌سه‌ره‌كان ئارا و به‌رده‌ستن.
نزیكه‌ى بیست و پێنج ساڵێك زیاتر به‌ر له ئێستا، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم گۆڤارى (بوون)مان ده‌رده‌كرد، كه تایبه‌ت بوو به بیرى نوێگه‌رى، بێ گومان هه‌موو شتێك له ڕابردووى مرۆڤدا باش نییه، به‌ڵام ده‌شێت ڕابردوو شتى باشى تێدابێت. له یه‌كێك له ژماره‌كانى ئه‌و گۆڤاره‌دا كه تایبه‌ت بوو به (ڕه‌خنه‌گرتن له ماركس)، باسم له‌وه كردووه (ماركس) شرۆڤه‌كارێكى مه‌زنى مێژووى فه‌لسه‌فه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له پڕۆژه‌كه‌یدا جێگاى ڕه‌خنه‌لێگرتنه بریتییه لەوەی كه چاره‌سه‌رى پێشكه‌ش كردووه.
هه‌مان ڕه‌خنه‌ى ئه‌و ده‌مه‌م ڕهخنهكهى ئێستامه، سه‌باره‌ت ئه‌و بیرمه‌ند و فەیلەسووفانهى كه پێیان وایه چاره‌سه‌رى ماركس، ئیكسیرى ده‌ردو دووى ئه‌م زه‌مانه‌یه.
له ڕاستیدا زۆر فەیلەسووف و بیرمه‌ن، كه له‌سایه‌ى دهردهكۆرۆنادا هاتوونه‌ته‌وه ئارا و په‌نایان بردووەته‌وه به‌ر فه‌لسه‌فه، له‌و سۆنگه‌یه‌وه گفتوگۆیان گه‌رم كردووەته‌وه، كه گوایە ماركس، یان فه‌لسه‌فه چاره‌سه‌رى پێیه. منى بێ سه‌ر و سه‌ودا، كه به كوردى بیر ده‌كه‌مه‌وه و هه‌موو ژیانم بۆ دامه‌زراندنى پڕۆژه‌ى (بیركردنه‌وه به كوردى) ته‌رخان كردووه، پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌م و پێم وایه، چاره‌سه‌ر به‌شێكه له میتافیزیك و درۆ و ئه‌فسانه‌یه.
ساڵانێكى زۆر خوێندنه‌وه‌ى خۆم بۆ پرۆژه گه‌وره‌كه‌ى (پیره‌مێرد) فەیلەسووفى كورد ته‌رخان كردووه، كه په‌نده‌كانى خوێندنه‌وه‌یه‌كى قووڵه سه‌باره‌ت به (شێوازى ژیان)، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش ئایوین و میتافزیكاى تێپه‌ڕاندووه و هاوتاى زانستى ژیارییه، به هه‌موو واتا نوێگهرییهكانیهوه و له پووچى و نه‌زانیى ئێمه‌وه‌یه، كه په‌ییمان به بایه‌خ و قووڵى نه‌بردووه.
سه‌رنجى قووڵى ئه‌م په‌نده بده:
ئه‌وه‌ى ڕ‌ازى بوو به وشك و به ته‌ڕ
ناویان لێ ناوه پاشاى به‌حر و به‌ڕ!
له ڕاستیدا جگه له شان دانه به‌ر كێشه و گرفت، جگه له قایل‌بوون به‌وه‌ى ئێمه كێشه‌مان هه‌یه، هیچ چاره‌سه‌رێكمان نییه.
به‌بێ شان دانه به‌ر كێشه و گرفت و هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ئازار و نه‌هامه‌تیدا، مرۆڤبوون واتاى نییه.
چاره‌سه‌ر نییه، جگه له شان دانه به‌رى گرفت و نه‌هامه‌تى، ئه‌وه‌ش چاره‌سه‌ر نییه، ئه‌وه خه‌بات و بههاداریى بوون و ژیانى مرۆییه، ئه‌مه‌ش گێلیهتییه، گهوجى و گێلیهتییه كه وا لێكى بده‌ینه‌وه، ناكرێ جیهان باش بكه‌ین و چاكترى بكه‌ین و به‌ها و واتاداریى تێدا بدۆزینه‌وه.