به‌غدا 200 ملیار دیناری دیكه‌ ره‌وانه‌ی هه‌ولێر ده‌كات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

به‌غدا 200 ملیار دیناری دیكه‌ ره‌وانه‌ی هه‌ولێر ده‌كات

ئەمڕۆ یەكشەممە جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رای گه‌یاند حكوومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌سه‌ر ناردنی سلفه‌ی دووه‌م، كه‌ بڕه‌كه‌ی 200 ملیار دیناره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و گوته‌بێژی حكوومه‌تی عێراقیش بۆ (كوردستان24) رای گه‌یاند بۆ مانگه‌كانی داهاتووش هیچ كێشه‌یه‌ك نابێت و 200 ملیار دیناره‌كه‌ ره‌وانه‌ی هه‌ولێر ده‌كرێت.

دوای زیاتر له‌ ساڵێك له‌ نه‌ناردنی هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك، له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، بۆ یه‌كه‌مجار مانگی رابردوو، حكومه‌تی عێراق 200 ملیار دیناری ره‌وانه‌ی هه‌رێم كرد.

بۆ مانگی ئاب/ ئۆگستیش، له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان24، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌شیر حه‌داد، رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ناردنی سلفه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیوه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی 200 ملیار دیناره‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، حه‌سه‌ن نازم، گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق، تایبه‌ت بۆ كوردستان24، رایگه‌یاند، ئه‌م مانگه‌ و مانگه‌كانی داهاتوو، سلفه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ 200 ملیار دیناره‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت و هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ ناردنیدا نابێت.

به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ باره‌ی بودجه‌وه‌ پێویسته‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ حكومه‌تی عێراق، بۆ هه‌ر مانگێك 200 ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكات، وه‌ك سلفه‌، تا ئه‌و كاته‌ی وردبینی له‌ داهات و پشكی هه‌رێم ده‌كرێت.

پێشتر مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی به‌غدا پابه‌ندی رێككه‌وتن و به‌ڵێنه‌كانی بێت و مانگانه‌ وه‌ك سلفه‌ 200 ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكات، مووچه‌ له‌ كاتی خۆیدا و به‌ بێ لێبڕین دابه‌ش ده‌كرێت.